كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی یه‌كێتی و پارتی به‌ هۆكارێك دواخرا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 02/03/2019‌ :: 9727‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


هه‌رچه‌نده‌ وابڕیاربوو (سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ 3ی ئازاری 2019) هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی و پارتی كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام به‌ هۆكارێك دواخراوه‌ بۆ ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس تایبه‌ت بۆ دواڕۆژ ئاشكرای كرد: بڕیاربوو هه‌فته‌ی رابردوو هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سكرتێری گشتی و پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌و حیزبه‌ كۆببنه‌وه‌، به‌ڵام یه‌كێتی و پارتی پێیان باش بووه‌ پێش ئه‌وه‌ی كۆببنه‌وه‌، مه‌سعود بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ پێكه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌و گرێكوێره‌كانیان نه‌هێڵن و له‌سه‌ر سیغه‌ی سه‌ره‌تایی نێوانیان بگه‌نه‌ رێككه‌وتن و دواتر له‌كۆبوونه‌وه‌ی شاندی باڵای مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردولادا رێككه‌وتنی كۆتایی واژۆ بكرێت.

دواڕۆژ ئه‌وه‌ش زانیوه‌ كه‌ سبه‌ینێ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوو حیزب دواخراوه‌ بۆ ناوه‌ڕاستی ئه‌م هه‌فته‌یه‌، به‌ڵام سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌ یاوه‌ری دوو ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌ پیرمام له‌گه‌ڵ بارزانى كۆده‌بنه‌وه‌و گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌و پرسه‌كانی نێوانیان ده‌كه‌ن و ئه‌گه‌ر بگه‌نه‌ رێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی، ئه‌وا دواتر له‌ كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولا ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی.

به‌پێی زانیارییه‌كانی دواڕۆژ ئه‌گه‌ر بارزانی و كۆسره‌ت ره‌سوڵ و شاندی یاوه‌ری سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن، ئه‌وا رۆژی دووشه‌ممه‌ یان سێشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ هه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی به‌سه‌رۆكایه‌تی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و نێچیرڤان بارزانی رێككه‌وتنی كۆتایی واژۆ ده‌كه‌ن.

هەر بەپێی زانیارییەكانی دواڕۆژ، پێش كۆبوونەوەی شەوی 27ی شوباتی 2019ی سەركردە سیاسییەكانی عێراق لە كۆشكی سەلام لە شاری بەغدا، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی كە بەنوێنەرایەتی حیزبەكەی بەشداری ئەو كۆبوونەوەیەی كردووە، پێش كۆبوونەوەكە لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆبووه‌تەوەو پێیڕاگەیاندووە، پارتی بەلایەوە ئاساییە پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەرهەم ساڵح ئاسایی بكاتەوەو بەرهەم ساڵحیش پێیڕاگەیاندووە هیچ كێشەیەكی لەگەڵ پارتیدا نییە و پێی باشە پەیوەندییەكانیان ئاسایی ببێتەوە.

داڕشتنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure