به‌رپرسان و ئابوریناسانی ئێران نهێنی شكانی به‌های تمه‌ن ئاشكراده‌كه‌ن

هەواڵ / ئابوری :: 02/03/2019‌ :: 2111‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرت، ئازوو محه‌مه‌د


دراوه‌ بیانییه‌كان و لیره‌ی زێر، جارێكی دیكه‌ له‌ ئێراندا به‌رزبوونه‌وه‌، به‌ راده‌یه‌ك (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ی ئازار)، به‌های دۆلار له‌ ساته‌ كۆتاییه‌كانی داخستنی بازاردا بۆ 14 هه‌زار به‌رزبووه‌وه‌.

به‌شى فارسی بی بی سی له‌ راپۆرتێكی ئابووریدا ئاشكراى كردووه‌: پێشتر و دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌ت و بانكی ناوه‌ندی ئێران، گۆڕانكارییان له‌ كۆمه‌ڵێك له‌ سیاسه‌ته‌ دراوییه‌كان كرد، توانیان كونترۆڵی بازاڕ بگرنه‌ده‌ست و ئه‌وه‌ش بووە هۆكاری دابه‌زینی نرخى دۆلار، ته‌نانه‌ت بۆ خوار 10 هه‌زار تمه‌ن، بە واتای به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های تمه‌ن.

له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردوودا جارێكى دیكه‌ نرخی دۆلار و زێر له‌ بازاڕی ئێراندا رێگای به‌رزبوونه‌وه‌ی گرته‌به‌ر.

به‌رزبوونه‌ی كتوپڕی دۆلار له‌ ئابووری ئێران بووه‌ته‌ رووداوێكی به‌رده‌وام و چیتر جێی سه‌رسوڕمان نییه‌و زۆربه‌ی شاره‌زایانی ئابووری پێشبینی جێگیرنه‌بوونی نرخی دراویان كردبوو.

به‌ بۆچوونى ئابووریناسان هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م به‌رز و نزمییه‌، ئه‌وه‌یه‌ كاتێك كه‌ ئابووری له‌ بارودۆخی هه‌ڵاوساندایه‌، ئه‌گه‌ر نرخی دراو هاوسه‌نگ و له‌ ئاستى نرخی كاڵا و شمه‌كه‌كانی دیكه‌دا نه‌بێت و به‌شێوه‌ی سروشتی گه‌شه‌ نه‌كات و به‌ وردی له‌گه‌ڵ جیاوزی هه‌ڵاوسانی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌ به‌ره‌و پێشه‌وه‌ نه‌چێت، هه‌موو كات ئه‌گه‌ری به‌رزبوونه‌وه‌ی كتوپڕی دراو هه‌یه‌.

عه‌بدولناسر هیمه‌تی سه‌رۆكی بانكی ناوه‌ندی ئێران، هۆكاری ئه‌و به‌رزی و نزمییه‌، بە هۆکاری په‌سندكردنی یاسای ئازادی هێنانی كاڵاوشمه‌ك له‌ سنووره‌كان ناو ده‌بات و ده‌ڵێت: "له‌ بارودۆخی گه‌ماروكان و كه‌می خستنه‌ڕووى دراوه‌، ئه‌م جۆره‌ بڕیارانه‌ ده‌بنه‌هۆی خواستی زۆری دراو له‌ سلێمانی و دوبه‌ی، هیرات و به‌ دوای ئه‌وه‌دا له‌ بازاڕی ئێران".

له‌ لایه‌كه‌ی دیكه‌شه‌وه‌ محه‌مه‌د كه‌شتی ئارای، شاره‌زاری بازاڕی زێر و لیره‌ ده‌ڵێت: "بازاڕی جیهانی زێر و لیره‌ له‌ هه‌فته‌ی رابردوودا رۆژانێكی پڕ له‌ ته‌شویش و ناجێگیری تێپه‌راندو و ئه‌وه‌ بووه‌هۆی دابه‌زینی به‌هاى دۆلار، به‌ڵام هه‌موو به‌ڵگه‌كان له‌ ئێراندا به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلار ئاشكرا ده‌كه‌ن نه‌ک دابه‌زینی دۆلار. 

هاوكات ئاژانسی ئیسنای ئێرانی، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ی ئازار، نرخی 100 دۆلاری له‌ لقه‌كانی بانكی ناوه‌ندی بە 13 هه‌زار و 62 تمه‌ن راگه‌یاندووه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌ نرخی فرۆشتنی دۆلار له‌ دراو فرۆشییه‌كانی ژێر كونترۆڵی بانكی ناوه‌ندی 13 هه‌زار و 360 تمه‌ن و نرخی كڕینی 13 هه‌زار و 460 تمه‌ن بووه‌، له‌ بازاری ئازادیش یان ره‌شدا له‌ كاتی داخستنی بازاڕدا نرخی 100 دۆلار بۆ زیاتر له‌ 14 هه‌زار تمه‌ن به‌رزبووه‌ته‌وه‌.

ئالبێرت بغزیان، ئابووریناس و مامۆستای زانكۆی تاران له‌سه‌ر به‌رزبوونه‌وه‌ی دوباره‌ی نرخی دۆلار ده‌ڵێت: "سزا و گه‌مارۆكان و ئه‌و رووداوانه‌ی دوای ده‌ستپێكردنی ئه‌و ئابلۆقانه‌ نابێت به‌و راده‌یه‌ نرخی دۆلار به‌رزبكاته‌وه‌، به‌شێك له‌ هه‌ڵه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆمان، با تره‌مپیش قسه‌یه‌كی كردبێت و كرده‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدابێت، به‌ڵام راستییه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ بارودۆخی ئێمه‌ وه‌ك چیرۆكی" ئه‌و پشیله‌یه‌ وایە كه‌ شۆردیان و له‌ كاتی شتندا نه‌مرد، به‌ڵکو له‌ كاتی گوشینیدا مرد".

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure