تیمێكى كه‌ى ئێن ئێن ده‌ستگیركرا

هەواڵ / کوردستان :: 02/03/2019‌ :: 717‌ جار بینراوە

تاگ :: میدیا

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

تیمێكى كه‌ناڵى ته‌له‌فزیۆنى كه‌ى ئێن ئێن كه‌ ئه‌مڕۆ به‌مه‌به‌ستى ئه‌نجامدانى كارێكى ڕۆژنامه‌وانى سه‌ردانى گوندێكى خانه‌قینیان كردبوو، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون به‌ بیانووى ئه‌وه‌ى مۆڵه‌تیان وه‌رنه‌گرتووه‌و فلاى كامێرایان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌. 


تیمه‌كه‌ى كه‌ى ئێن ئێن پێكهاتوون له‌ ڕۆژنامه‌نووس "عه‌بدولره‌جمان ئه‌بوبه‌كر" و دوو ڕۆژنامه‌نووسى دیكه‌و شۆفێرێك، دواى ئه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ى ئازارى 2019 له‌ سلێمانییه‌وه‌ بۆ ئه‌نجامدانى كارێكى ڕۆژنامه‌وانى سه‌ردانى گوندى "مێخاس"یان كردووه‌ له‌ خانه‌قین، له‌لایه‌ن پۆلیسى خۆجێى خانه‌قینه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون. 

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ پۆلیسى خانه‌قین به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و تیمه‌ پێكهاتوون له‌ چوار كه‌س و سه‌ر به‌ ته‌له‌فزیۆنى ئاسمانى كه‌ى ئێن ئێنن و ئێستا له‌ بنكه‌ى پۆلیسى ئازادى ده‌ستبه‌سه‌رن و وته‌یان وه‌رده‌گیرێت. 

وتیشى: "ماوه‌ى دوو كاتژمێر له‌مه‌وبه‌ر ئه‌و تیمه‌ چوونه‌ته‌ گوندى مێخاس و فلای كامێرایان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئاسمان، به‌بێ ئه‌وه‌ى مۆڵه‌ت له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان وه‌رگرن، به‌وهۆیه‌وه‌ له‌ لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون. 

لاى خۆشیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ به‌شى به‌رنامه‌كانى كه‌ى ئێن ئێن به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌رنامه‌ى گوندى "دێ به‌ دێ"یان هه‌یه‌ له‌ كه‌ناڵه‌كه‌یان و ئه‌مڕۆ تیمێكى كه‌ناڵه‌كه‌یان به‌ سه‌رپه‌رشتى ئاماده‌كارو پێشكه‌شكارى به‌رنامه‌كه‌ "عه‌بدولره‌حمان ئه‌بوبه‌كر" و دوو وێنه‌گرو شۆفێرێك سه‌ردانى گوندێكى خانه‌قینیان كردووه‌ و له‌به‌ر هه‌ڵدانى فلاى كام یان كامێراى فڕۆكه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیركراون. 

وتیشى: "هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بیانووى ئه‌وه‌یان هێناوه‌ته‌وه‌ كه‌ ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر له‌و ناوچه‌یه‌ شه‌ڕ هه‌بووه‌، هه‌روه‌ها بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ له‌وه‌ى ئه‌و تیمه‌ ڕۆژنامه‌نووسن ده‌ستبه‌سه‌ركراون و ئێستا به‌ بڕیارى دادوه‌ر ڕاگیراون و هه‌وڵه‌كان بۆ ئازادكردنیان به‌رده‌وامه‌". 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure