"یه‌كێتی ناوی هیچ كاندیدێكی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ پارتی نه‌داوه‌"

هەواڵ / کوردستان :: 02/03/2019‌ :: 889‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت: یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر رێككه‌وتن كۆده‌بنه‌وه‌، نه‌ك قسه‌كردن، ده‌ڵێت: "یه‌كێتی ناوی هیچ كاندیدێكی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك به‌ پارتی نه‌داوه‌".


رزگار عه‌لی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2ی ئازاری 2019) به‌ دواڕۆژی وت: "هیچ واده‌یه‌ك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی باڵای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا هه‌ردوولا كۆده‌بنه‌وه‌".

وتیشی: "بێگومان له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا هه‌ردوولا كۆده‌بنه‌وه‌ كە كۆبوونه‌وه‌یه‌كی جددی ده‌بێت و ته‌نیا بۆ قسه‌كردن نییه‌".

له‌باره‌ی پێشكه‌شكردنی ناوی چه‌ند كاندێك بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگای كه‌ركوك، رزگار عه‌لی وتی: "یه‌كێتی ناوی هیچ كاندێكی به‌ پارتی نه‌داوه‌، به‌ڵام یه‌كێتی هیواداره‌ له‌سه‌ر هه‌ردوو پرسی كه‌ركوك و وه‌زاره‌تی دادی عێراق له‌گه‌ڵ پارتی رێكبكه‌وێت".

یه‌كێتی له‌سه‌ر پرسی وه‌رگرتنی وه‌زاره‌تی دادی عێراق و دانانی پارێزگارێكی كورد له‌ پشكی یه‌كێتی، كێشه‌ی له‌گه‌ڵ پارتی هه‌یه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ تائێستا رێككه‌وتنی 5ی شوباتی 2019 له‌لایه‌ن هه‌ردوولاوه‌ به‌ ره‌سمی واژۆ نه‌كراوه‌.

ئەمە لەكاتێكدایە هەر ئەمڕۆ لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ماڵپەڕی رەسمی حیزبەکەی راگەیاندووە: بڕیارە سبەی 3ی ئازاری 2019، هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و كەركوك و عیراق كۆببنەوە.
 
پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure