لەبارەی دوو پرس پارتی بەڵێن بە یەکێتی دەدات

هەواڵ / کوردستان :: 03/03/2019‌ :: 13007‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان پیشنیازێك بۆ چارەسەری كێشەی نێوان حیزبەكەی و پارتی دەكات سەبارەت بە وەزارەتی دادی عێراق و پارێزگاری كەركوك، دەڵێت: "لەبارەی ئەو دوو پرسە دوو بەڵێنمان لە پارتی وەرگرتووە".


هەرچەندە بڕیاربوو (ئەمڕۆ یەکشەممە) لەشاری هەولێر كۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەكێتی بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە پێکهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و پرسی عێراق و كەركوك كۆببنەوە، بەڵام دواخرا بۆ کاتێکی نادیار.

فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدواڕۆژی وت: "ئەوەندەی پێیان بكرێت هەوڵدەدەن لەكۆبوونەوەی حیزبەكەی و پارتی، بگەنە رێككەوتن بۆ ئەوەی هەرێم لەم قەیرانە دەربازی بێت، بەڵام ئەوەش تەنیا بە حەزی یەكێتی نییە، بەڵكو دەبێت لایەنی بەرامبەریش نەرمی بنوێنێت تا پێكەوە چارەسەری كێشەكان بكەن".

سەبارەت بەوەی ئەوان هەر سوورن لەسەر وەرگرتنی پارێزگاری كەركوك و وەزارەتی دادی عێراق، ئەسەسەرد وتی:  "ئێمە دوو بەڵێنمان لە پارتی وەرگرتووە، یەكێكیان ئەوەیە وتویانە پێویست ناكات باسی وەزارەتی داد بكرێت، چونكە ئەو وەزارەتە بەجۆرێك یەكلایی دەكرێتەوە كە خۆتان واتە (یەكێتی) دەتانەوێت، بۆ كەركوكیش وتویانە چارەسەری دەكەین و پارێزگاریش لە ئێوە بێت واتە (یەكێتی)، بەڵام تائێستا پارتی ئامادە نییە واژۆ لەسەر ئەو دوو بەڵێنە بكات، ئەمەش گومانی لای شاندی یەكێتی دروستكردووە كە بۆچی پارتی نایەوێت هیچ بەڵگەیەكی لەسەر ئەو دوو پرسە هەبێت".

ئەو سەركردەیەی یەكێتی پیشنیازێكی بۆ چارەسەری ئەو دوو پرسە خستەڕوو و وتی: "ئەگەر لەسەر ئەو پرسە نەتوانرا بگەینە رێككەوتنی نووسراو، پیشنیاز دەكەم بۆ چارەسەرێكی مامناوەندی، دەتوانرێت لەسەر پرسەكانی دیكە رێككەوتنی نووسراو بكرێت، بۆ ئەو دوو پرسەش لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە نوێنەرانی هەردوو حیزبی تێدا بێت رابگەیەنرێت كە هەردوولا لەسەر ئەو دوو پرسە گەیشتونەتە رێككەوتن و ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆدەبێتەوە و پارێزگارێك لە یەكێتی هەڵدەبژێردرێت، پارتیش دەیسەلمێنێت وەزارەتی داد بۆ یەكێتی دەبێت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure