وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ نه‌وت بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌نێرێت

هەواڵ / کوردستان :: 01/03/2019‌ :: 422‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

به‌رپرسى دابه‌شكردنى نه‌وت له‌ قایمقامییه‌تى ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئاشكرایكرد: وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراقى به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ ده‌ستیكردووه‌ به‌ ناردنى نه‌وتى سپى بۆ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ و له‌ ئێستاشدا دابه‌شكردنى به‌رمیلى سێیه‌مى نه‌وت به‌رده‌وامى هه‌یه‌ و كۆگایه‌كى سوته‌مه‌نى تایبه‌ت به‌خۆشمان دروستده‌كه‌ین.

ئاوات محه‌مه‌د، به‌رپرسى دابه‌شكردنی نه‌وت له‌ قایمقامیه‌تی ناوه‌ندى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "دواى ئه‌وه‌ى ماوه‌ى سێ ساڵ ده‌بێت له‌ هه‌وڵى ئه‌وه‌دابوین كه‌ به‌غدا وه‌ك پارێزگایه‌كى سه‌ربه‌خۆ به‌شه‌نه‌وتى هاوڵاتیان ره‌وانه‌ى سنورى پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ بكات، له‌و ماوه‌یه‌دا چه‌ندین كێشه‌ و گرفتمان بۆ هاته‌پێش، به‌ڵام  ئه‌مساڵ وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراقى بڕیاریدا كه‌ به‌جیا و راسته‌وخۆ نه‌وت بۆ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ دابینبكات".

وتیشى :"كاروانى یه‌كه‌مى ئه‌و نه‌وته‌ى كه‌ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى نه‌وتى عێراق-ییه‌وه‌ ره‌وانه‌كراوه‌ گه‌یشتوه‌ته‌ ده‌ستمان و ئێمه‌ش چه‌ند رۆژێكه‌ له‌ گوند و ناحییه‌كانى سیروان و بیاره‌ و ناوچه‌ى هه‌ورامان ده‌ستمان به‌ دابه‌شكردنى به‌رمیلى سێیه‌مى نه‌وتى سپى كردووه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا و پرۆسه‌كه‌ش به‌رده‌وامى هه‌یه‌".

به‌رپرسى دابه‌شكردنى نه‌وت له‌ پارێزگاى هه‌ڵه‌بجه‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "ئه‌وه‌ى ئێستا بووه‌ته‌ گرفت له‌به‌رده‌مماندا نه‌بوونى كۆگایه‌كى تایبه‌ت به‌ كۆكردنه‌وه‌ى ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌یه‌ كه‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆمان دێت، بۆیه‌ به‌ناچارى  له‌ یه‌كێك له‌وێستگه‌ سوته‌مه‌نیه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌شێوه‌یه‌كی كاتی رایانده‌گرین، به‌ڵام بۆ چاره‌سركردنى ئه‌و گرفته‌ش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى هه‌ڵه‌بجه‌ سه‌رقاڵى دروستكردنى كۆگایه‌كى مۆدێرنین له‌ شوێنێكى گونجاوى هه‌ڵه‌بجه‌".

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure