مۆڵەت لە دایەنگەیەك وەرگیرایەوە

هەواڵ / کوردستان :: 01/03/2019‌ :: 436‌ جار بینراوە
وێنه‌ى دایه‌نگه‌یه‌ك

تاگ :: سلێمانى

دواڕۆژ، پشتیوان جه‌مال

بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی سلێمانی مۆڵەتی كاركردنی لە دایەنگەیەك وەرگرتەوە و داوا لە باوك و دایكان دەكات، منداڵەكانیان لەو دایەنگەیە بۆ دایەنگەیەكی دیكە بگوازنەوە.

بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ لە پارێزگای‌ سلێمانی‌ كە وێنەی بۆ دواڕۆژ نێردراوە رایانگەیاندووە "بە پێی‌ فەرمانی‌ كارگێڕی‌، ژمارە (1067)ی‌ رۆژی‌28ی شوباتی 2019 پاش سەردانكردنی‌ لیژنەی‌ سەرپەرشتی‌ و بەدواداچوونی‌ دایەنگەكان، بەڕێوەبەرایەتی‌ گشتی‌ چاودێری‌ و گەشەپێدانی‌ كۆمەڵایەتی‌ سلێمانی‌ بڕیاریدا مۆڵەتی‌ كاركردن لە دایەنگەی‌ (لەرین)ی‌ ناحكومی‌ لە گەڕەكی‌ (قڕگە)ی‌ شاری‌ سلێمانی‌ وەربگرێتەوە".

لە راگەیەندراوەكە ئاماژە بەوەكراوە "وەك لە نووسراوەكەدا هاتووە، وەرگرتنەوەی‌ مۆڵەتی‌ كاركردن لە دایەنگەكە پاڵپشتە بە بڕگەی‌ (١) لە ماددەی‌ (١٤)ی‌ ڕێنمایی‌ دایەنگەكان، ژمارە (١)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٥)، و بەهۆی‌ ئەم خاڵانەی‌ خوارەوە:

١ـ دایەنگەكە دوو سزای‌ (ئاگاداركردنەوە)ی‌ هەبووە بە ژمارە (١٩٢٢) لە ٢٨ی‌ ٨ی‌ ٢٠١٦ و ژمارە (٣٠٧١) لە ٦ی‌ ١١ی‌ ٢٠١٧.

٢ـ دوو جار نووسراوی‌ پابەندبوونی‌ ئاراستەكراوە بە ژمارە (١١٣٨) لە ٢٥ی‌ ٤ی‌٢٠١٦ و ژمارە (٢٤٥٥) لە ٧ی‌ ٨ی‌ ٢٠١٧.

٣ـ سزای‌ وەرگرتنەوەی‌ مۆڵەتی‌ كاركردن و داخستنی‌ دایەنگەكە پاش سەردانی‌ لیژنەی‌ سەرپەرشتی‌ و بەدواداچوونی‌ دایەنگەكان دەرچووە لە ڕۆژی‌ ٢٦ی‌ ٢ی‌ ٢٠١٩.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێری كۆمەڵایەتی سلێمانی دایك و باوكی‌ منداڵانی‌ ئەو دایەنگەیە ئاگادار دەكەنەوە منداڵەكانیان بگوازنەوە بۆ دایەنگەیەكی‌ تر، چونكە ئەو دایەنگەیە مافی‌ كاركردنی‌ نابێت لە بەرواری‌ دەرچوونی‌ ئەو فەرمانەوە.

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure