"دەستبردن بۆ یاسای سەرۆکایەتى هەرێم بەبێ یەکێتی سەرەتای قەیرانێکی سیاسییە"

هەواڵ / کوردستان :: 01/03/2019‌ :: 890‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

پەرلەمانتارێکی یەکێتی رایدەگەیەنێت: چاوەڕوانی کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتین بۆ گەیشتن بەڕێکەوتن، کەچی برادەرانی پارتی باس لەوە دەکەن یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار دەکەن، ئاماژە بەوەشدەکات: دەبێت پارتى ئاگادار بێت ئەمجارە هەنگاونان بەبێ یەکێتی بەتایبەتیش لەوەها پرسێکدا سەرەتای قەیرانێکی قوڵ و گەورەی سیاسییه.


لوقمان وەردی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان، بە دواڕۆژی راگەیاند: "لەکاتێکدا ھەموومان بە ئومێدەوە چاوەڕوانی ئەنجامی باش دەکەین لەکۆبوونەوەی رۆژی  یه‌كشه‌ممه‌ نێوان یەکێتی و پارتی بۆ گەیشتن بەڕێکەوتنی سیاسی و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە چەقبەستووەی ھەرێمی کوردستان، بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی کە مانای قسەی هەموو فراکسیۆنەکەیە، باس لەوە دەکات بەبێ یەکێتی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم هەموار دەکەنەوە کە ئەوە ھەنگاویکی نادروستە".

دەشڵێت: "لەھەلومەرجێکی وەھادا پێویستدەکات ھەموومان بەرپرسانە لەگەڵ ھەستیاریی قۆناغەکە مامەڵە بکەین و هاوکار بین بۆ سەرخستنی گفتوگۆی سیاسی ئەگەر بێت و فراکسیۆنی پارتی بەھاوکاری فراکسیۆنەکانی تر یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و رەشنوسی دەستوری ھەرێم ھەموار بکاتەوە، ئەوا لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوە".

لوقمان وەردی راشیدەگەیەنێت: "یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و رەشنوسی دەستوری ھەرێم لەو یاسایانەن کە رەھەندی نیشتمانییان ھەیە بەبێ کۆدەنگی نیشتمانی رێککەوتنی ھێزە سیاسییەکانی ھەرێم بەدیاریکراوی بەبێ یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک لایەنێکی سەرەکی لە حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی نادروستی نانیشتمانییە و سەرەتای دروستکردنی قەیرانێکی قوڵی سیاسییه لەھەرێمی کوردستان، لەئەگەری ھەنگاوێکی وەھاشدا ئەکیدم لێکەوتەی خراپی لێدەکەوێتەوە و ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو لایەنەی بیر لەھەنگاوێکی وەھا دەکاتەوە".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure