چیرۆکی کوشتنی (دژوار) و پێکەنینی پزیشکەکەی

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 28/02/2019‌ :: 68451‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا

ماوەی 13 رۆژ بە بێهۆشی و بەهۆی برینێکی قوڵ لەسەر دڵی و بە ئازارێکی زۆرەوە لە نەخۆشخانە مایەوە، تا دواجار چیتر دڵی بەرگەی ئەو ئازار و برینەی نەگرت و لە لێدان کەوت.

ئەمە چیرۆکی گیانلەدەستدانی (دژوار حەسەن)ی تەمەن 17 ساڵە کە له‌ 14ی شوباتی 2019 لەلایەن خوێندکارێکی خوێندگاکەی لە قەڵادزێ بەناوی (ش) کە هاوتەمەنی خۆیەتی بە چەقۆ هێرشی کرایەسەر و بە سەختی بریندارکرا و پاشان بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستدا.

کەسوکاری چی دەڵێن؟

خدر ئەحمەد مامی (دژوار) بە دواڕۆژی وت: "(دژوار) خوێندکار بوو لە پۆلی هەشتەمی بنەڕەتی لە خوێندگەی بڵفەت لە قەڵادزێ، ئەو خوێندکارێکی هێمن و لەسەرخۆبوو حەزی بە شەڕ نەبوو، بەڵام رۆژی رووداوەکە بەگوێرەی وتەی خوێندکارانی ناو خوێندنگەکە (دژوار) لەگەڵ (ش) دەبێتە دەمەقاڵێیان، دواتر لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ماڵەوە (ش) لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی رێگا بە (دژوار) دەگرێت و بە سێ چەقۆ (دژوار) خەڵتانی خوێنى دەکات و یەکێک لەو چەقۆیانە بەر دڵی دەکەوێت".

مامی دژوار وتیشی: "تا ئێستا بۆیان روون نەبۆتەوە کە هۆکاری دەمەقاڵێ و شەڕکردنەکەیان لەسەر چی بووە" .

خدر رونیشیکردوە: پێش رووداوەکە (دژوار) لە ماڵەوە باسی هیچ گرفتێک یاخود کێشەیەکی نەکردبوو کە لەگەڵ (ش) هەیبوبێت، دوای مردنی (دژوار)، برا گەورەکانی بکوژ هاتوونەتە پرسەکەی ئامادەیی خێزانەکەیان بۆ ئەوان دەربڕیوە و باسیان لەوەکردووە کە دەبێت براکەیان بە سزای یاسایی خۆی بگەیەنرێت. ئەو کاتەشی (دژوار) لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی لەژێر چاودێری بوو، برا و بەشێک لە خزمانی بکوژ سەردانی (دژوار)یان کرد .

"بە هەڵە لە پێکەنینی پزیشکەکە تێگەیشتوون"

خدر جەختیشیکردەوە: دوای بڵاوبوونەوەی وێنەی ساتی چارەسەرکردنی (دژوار)، دەردەکەوێت کە پزیشکێک بەناوی (عومەر حوسێن) لە نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ لە وێنەکەدا پێدەکەنێت، کە بەداخەوە لەلایەن هاوڵاتیانەوە رەخنەی زۆر لەو پزیشکە بەڕێزه گیرا کە بۆچی لەو ساتە هەستیارە پێدەکەنێت، بەڵام لە راستیدا ئەو پزیشکە خۆی کەسێکی لێو بەخەندەیە و هەمووکات لە هەوڵی ئارامکردنەوەی دڵی نەخۆش و کەسوکاری قوربانیاندایە و ئەو پزیشکە بەوپەڕی خەمخۆریەوە چارەسەری سەرەتایی بۆ (دژوار) ئەنجامدا و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی شاری کرد لە سلێمانی.


بکوژ دەستگیرکراوە

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبیێژی پۆلیسی راپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند: دوای بریندارکردنی (دژوار) هێزەکانی پۆلیسی قەزای پشدەر راستەوخۆ تۆمەتبار (ش) ی تەمەن 17 ساڵیان بە تۆمەتی هێرشکردن بە چەقۆ و بریندارکردنی خوێندکارێک دەستبەسەرکردووە.

وتەبێژەکەی پۆلیسی راپەڕین ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: دوای مردنی (دژوار) لە ئێستادا دادوەر سەرقاڵی گۆڕینی مادەی یاسایی تاوانى بکوژە لە تۆمەتی بریندارکردنەوە بۆ تۆمەتی کوشتن و دواتر لە دادگا دادوەر بڕیاری خۆی لەسەر دۆسیەکە رادەگەیەنێت.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە