دواڕۆژ زانیاری نوێ له‌سه‌ر پۆسته‌كانی گۆڕان لە حکومەت ئاشکرادەکات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 28/02/2019‌ :: 9271‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

پارتی دیموكراتی كوردستان پاشەكشە دەكات لە بەشێك لەو پۆستانەی كه‌ له‌رێككه‌وتنى 18ى شوبات  بە بزوتنەوەی گۆڕانیان داوەو به‌شێك له‌و پۆستانه‌ش به‌شێوه‌ی زاره‌كى دراون و هیچ نوسراوێكى فه‌رمى له‌ نێوان ئه‌و دوو لایه‌نه‌دا نییه‌.


به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، له‌ هیچ بڕگه‌یه‌كى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوان پارتى و بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان ئاماژه‌ به‌ ژماره‌ى ئه‌و پۆستانه‌ نه‌كراوه‌ كه‌ له‌سه‌ر ئاستى به‌ڕێوبه‌رى گشتیى و راوێژكار ده‌درێت به‌و حیزبه‌، ته‌نیا نوسراوه‌ له‌ 12% پۆسته‌كان ده‌درێت به‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، هیچ ده‌قێكى تێدا نییه‌ له‌ باره‌ى ژماره‌ى پۆست و ناوى پۆست، ئایا پۆسته‌كان له‌سه‌ر ئاستى پارێزگا ده‌بێت، یاخود له‌ چوارچێوه‌ى دیوانى وه‌زاره‌ته‌كان.

دواڕۆژ ئه‌وه‌شی زانیوه‌، شاندى پارتى له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا به‌ ڕوونی باسی پێدانى پۆستى راوێژكارو بەرێوەبەری گشتی-یه‌كانیان نه‌كردووه‌، وه‌ك بڵاوراوه‌ته‌وه‌ گوایه‌ 24 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و 24 راوێژكاریان پێده‌درێت.

دواڕۆژ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ نێو بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه‌ زانیویه‌تى: مه‌سه‌له‌ى پێدانى پۆستى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى نه‌زاهه‌و ده‌سته‌ى وه‌به‌رهێنان به‌ زاره‌كى بووه‌و له‌و كاته‌ى شاندى گۆڕن له‌ 18ى شوبات سه‌ردانى پیرمامیان كردووه‌، واژۆكردنی رێكکەوتنەكە بۆ زیاتر لە یەك كاتژمێر دواكەوتووه‌، به‌هۆى ناڕه‌زایى گۆڕان و باشگه‌زبوونه‌وه‌ له‌ پێدانى ئه‌و پۆستانه‌، به‌ڵام بەرپرسانی پارتی رایانگەیاندووە كە ئەو پۆستە تەنیا بە زارەكی بووەو نەنوسراوە.

دواڕۆژ زانیویه‌تى شاندى پارتى به‌ شاندى گۆڕانیان ڕاگه‌یاندووه‌ له‌باره‌ى  پۆسته‌كانى ده‌سته‌ى باڵاى چاكسازى و سندوقى داهاته‌  نه‌وتییه‌كان، ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ پێویستى به‌ په‌رله‌مانه‌و له‌ڕووى یاسایى و متمانه‌دانى ئه‌و كه‌سه‌ى ئه‌و پۆستانه‌ وه‌رده‌گرێت، هه‌رچه‌ند پارتى خواستیه‌تى ئه‌و پۆستانه‌ بدات به‌ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌ڵام دواجار په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان بڕیارده‌ده‌ن.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ ئەو پۆستانەی كە وەفدی دانوستانكاری پارتى له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌ ڕه‌سمى  رێکكەوتنیان له‌سه‌ركردووه‌ بریتین له‌ (جێگری سەرۆكی هەرێم، وەزیری دارایى، وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتى، وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە،  ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، جێگری وەزیری ناوخۆ، دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات، بەڕێوەبەری گشتی‌و بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەت‌و دەستانەی كە گۆڕان وەریدەگرێت).

له‌باره‌ى پۆستى چوار بڕیكارى وه‌زاره‌ت، ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى پارتى و گۆڕان به‌وشێوه‌یه‌ بووه‌، كه‌ دواى ئه‌وه‌ى وه‌زیره‌كان ده‌ستبه‌كار ده‌بن، له‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زیره‌ بڕیكار دیاری بكات، هه‌ربۆیه‌ش پێویسته‌ قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و پۆستانه‌ دوابخرێت بۆ ئه‌و كات.

له‌وباره‌یه‌وه‌ هێمن شێخانى، ئه‌ندامى جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌ دواڕۆژى وت: "به‌لاى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانه‌وه‌ دوو خاڵ گرنگ بووه‌ بۆ ڕێككه‌وتن، یه‌كه‌میان به‌رنامه‌ى حكومه‌ت و پرسى چاكسازى، كه‌ له‌ڕێككه‌وتنه‌كه‌دا به‌ ڕوونى ڕه‌نگیداوه‌ته‌وه‌، دووه‌میش وه‌رگرتنى ئه‌و پۆستانه‌ى كه‌ به‌ كردارى ده‌توانرێت داوكارییه‌كانى گۆڕان جێبه‌جێ بكات له‌ نێو حكومه‌ت، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش جڤات ده‌نگى له‌سه‌ر ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌دا و په‌سه‌ندی كرد.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی جڤات ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: ئه‌وه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى جڤات خرایه‌ڕوو له‌باره‌ى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ زۆرێك له‌ بڕگه‌كانى ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ سه‌قفى زه‌مه‌نى دیاریكراوه‌، جگه‌ له‌وه‌ش ئه‌و پۆستانه‌ى كه‌ گۆڕان داواى كردوون زۆربه‌یان به‌ده‌ستهاتوون، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌كو رێككه‌وتنه‌كه‌ جێبه‌جێنه‌كرێت، ئه‌وكات ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ به‌هاى نامێنێت.

وتیشى: "ڕه‌نگه‌ به‌شێك له‌و پۆستانه‌ كه‌ دراون پێویستى به‌ كات بێت بۆ دروستكردنیان، به‌ڵام سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ وه‌كو خۆى جێبه‌جێ كرێت، ئه‌گه‌ر شتێكیش ڕووبدات له‌كاتى خۆیدا بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان قسه‌ى خۆى ده‌بێت".

له‌رێككه‌وتى 17ى شوبات،  جڤاتى نیشتمانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، ناوه‌ڕۆكى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى له‌باره‌ى پێكهێنانى كابینه‌ى نوێ له‌گه‌ڵ پارتى دیموكراتى كوردستان په‌سه‌ندكرد، له‌ ڕۆژى 18ى شوباتیش له‌ ڕێوره‌سمێكدا هه‌ردوولا ڕێككه‌وتنى سیاسى نێوانیان به‌ فه‌رمى واژۆكرد.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure