هه‌رێم له‌باره‌ى راده‌ستكردنى نه‌وت بەعێراق بڕیاریدا

هەواڵ / ئابوری :: 28/02/2019‌ :: 23722‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌وت و غازى هه‌رێمى كوردستان بڕیاریدا به‌ راده‌ستنه‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌غدا و لیژنه‌یه‌كیش پێكهێنرا به‌مه‌به‌ستى سه‌ردانیكردنى به‌غدا بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌.


(دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 28ى شوباتی 2019)، ئه‌نجومه‌نى باڵاى نه‌وتى هه‌رێم به‌ سه‌رۆكایه‌تى نێچیرڤان بارزانى كۆبووەوه‌ به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، دواى خستنه‌ڕووى ڕاپۆرتى بڕى به‌رهه‌مێهانى نه‌وت و خه‌رجى و داهات و دۆخى دارایى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ لایه‌ن وه‌زیرانى دارایى و سامانه‌ سروشتییه‌كان، ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ بڕیاریدا پابه‌ند نه‌بێت به‌ راده‌ستكردنى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتى رۆژانه‌ به‌ به‌غدا.

دواڕۆژ له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار له‌ حكومه‌ت زانیویه‌تى، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌وه‌كراوه‌  ئه‌گه‌ر هه‌رێمى كوردستان نه‌وت ڕاده‌ستى به‌غدا بكات و حكومه‌تى به‌غداش مانگانه‌ بڕى یه‌ك تریلیۆن و 200 ملیار دینار بنێرێت له‌ به‌رژه‌وه‌ندى هه‌رێمى كوردستانه‌ و ده‌توانن پابه‌ندبن به‌ بڕگه‌كانى بودجه‌ى 2019ى عێراق، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و پێشنیازه‌ سه‌رنه‌گرێت، ئه‌وا ئاماده‌نین نه‌وت راده‌ستبكه‌ن.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌، ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: هه‌رێم ته‌نیا له‌ یه‌ك حاڵه‌تدا پابه‌ند ده‌بێت به‌ ڕاده‌ستكردنى نه‌وت، ئه‌گه‌ر به‌غدا له‌گه‌ڵ ناردنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، بودجه‌ى به‌كاربه‌ر و قه‌رز و شایسته‌ داراییه‌كانى كۆمپانیاكان بنێرێت.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ى نه‌وتى هه‌رێمى ڕه‌تكرده‌وه‌ به‌و شێوازه‌ى ئێستا، بڕیاریاندا شاندێك له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بنێرینه‌ به‌غدا و پڕۆژه‌یه‌كیش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ئاماده‌بكه‌ن تاوه‌كو له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆى له‌سه‌ربكه‌ن.

ئه‌حمه‌دى حاجى ڕه‌شید، ئه‌ندامى لیژنه‌ى دارایى له‌ په‌رله‌مانى عێراق به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: به‌ر له‌وه‌ى بودجه‌ى ئه‌مساڵى عێراق په‌سه‌ندبكرێت، خۆى و هۆشیار عەبدوڵا له‌ لیژنه‌ى دارایى ئه‌و پرسیاره‌یان له‌ فوئاد حسێن كردوه‌، چی گره‌نتییه‌ك هه‌یه‌ هه‌رێم نه‌وت ڕاده‌سبكات؟ ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد ئه‌و هیچ گره‌نتییه‌ك نادات.

ئاماژه‌شى به‌وه‌كرد: ڕوون بوو كه‌ هه‌رێم نه‌وت ڕاده‌ستناكات، ئه‌و پابه‌ندنه‌بوونه‌ش پشتئه‌ستووره‌ به‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌كى بودجه‌ى 2019ى عێراق، چونكه‌ له‌ ئه‌گه‌رى ڕاده‌ستنه‌كردنى نه‌وتیش، به‌غدا پابه‌ندكراوه‌ به‌ ناردنى بڕێك پاره‌ كه‌ زیاتره‌ له‌ 500 ملیار دینار .

وتیشى: "له‌گه‌ڵ وه‌زیرى دارایى عێراق قسه‌م كردوه‌ له‌ حاڵه‌تى راده‌ستنه‌كردنى نه‌وت له‌ لایه‌ن هه‌رێمه‌وه‌ به‌غدا چه‌ند پاره‌ ده‌نێرێت، ئه‌ویش وتى ناتوانم ئه‌و زانیاریه‌ت پێبده‌م چونكه‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌".

وابڕیاربوو (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 28ى شوبات)، ئه‌نجومه‌نى باڵاى ئابورى هه‌رێمى كوردستان كۆببێته‌وه‌ و دواین بڕیار له‌ باره‌ى راده‌ستكردنى نه‌وتى هه‌رێمى به‌ به‌غدا بدات، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ كاتێكى نادیار دواخرا.

پ: چ. ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure