دوایین زانیاری لەبارەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووکەوە​

هەواڵ / کوردستان :: 27/02/2019‌ :: 1036‌ جار بینراوە
وێنە: ئەرشیف

دواڕۆژ، ئاریان عەلی

بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و هەڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ شارەكە هیچ كاتێك دیارینەكراوە، بەڵام هەركاتێك كۆبوونەوەكە ئەنجامبدرێت "بەشێك لە ئەندامانی توركمان و عەرەبی كەركوك بەشداری دەكەن".

 
بەپێی رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی دەبوو لە (18ی شوباتی 2019) ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری كەركوك كۆببێتەوە، بەڵام بەهۆی "واژۆ نەكردنی رێككەوتنەكە لەلایەن پارتییەوە" كۆبوونەوەكە ئەنجامنەدرا، بەڵام بڕیارە لە كۆبوونەوەی داهاتووی هەردوو مەكتەبی سیاسی نێوان یەكێتی و پارتی تاوتوێی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و هەڵبژاردنی پارێزگارێك بۆ شارەكە بكرێت.

لەبارەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، ئەحمەد عەسكەری ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە دواڕۆژی راگەیاند: بەهۆی ئەوەی رێبوار تاڵەبانی لەلایەن دادگاوە بەشێوەیەكی غیابی حكوم دراوە، بۆیە كار بە بڕیارەكان ناكرێت، بۆیە بۆ راپەراندنی ئیش و كارەكانی ئەنجومەنی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەن راسپێردراوە.

وتیشی: "مەولود جەمال كە بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنە لەشوێنی رێبوار تاڵەبانی كارەكانی ئەنجومەنی بەڕێوەدەبات و هەركاتێكیش كات و شوێنی كۆبوونەوەكە دیاریبكرێت، ئەوا بێگومان لە كەركوك كۆبوونەوە دەكرێت".

لەبارەی بەشداری توركمان و عەرەبەكانی كەركوك، ئەحمەد عەسكەری وتی: "هەرچەندە ئەگەر بەتەنیا ئەندامانی لیستی برایەتی ئامادەبن، ئەوا رێژەی یاسایی تەواودەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێك لە ئەندامانی ئەنجومەن لە عەرەب و توركمانەكان ئامادەدەبن".

هاوكات عیرفان كەركوكی، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بە دواڕۆژ "هەركاتێك شوێن و كاتی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك دیاریبكرێت، ئەوا ئمە وەكو پارتی گەلی توركمانی بەشداری دەكەین".

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure