بۆ شوێنی كۆبوونەوەی نێوانیان، یەكێتی وەڵامی پارتی دایەوە

هەواڵ / کوردستان :: 27/02/2019‌ :: 4885‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت: بۆ كۆبوونەوەی داهاتوی حیزبەكەی و پارتی مەسەلەی شوێن بابەتێك نییە، بەڵكو گرنگ رێككەوتنە و دەشڵێت: "بەڵێن وا بوو پارتی بێنە سلێمانی، ئێستاش قسەكە ئەوەیە بێنە سلێمانی".


لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی (ئەمڕۆ 27ی شوباتی 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: مەسەلەی شوێن بابەتێك نییە، بەڵكو گرنگ رێككەوتنە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە لەسلێمانی پێشوازییان لێدەكەین.


دەربارەی ئەوەش واتە یەكێتی ناڕۆنە هەولێر، لەتیف شێخ عومەر روونیكردەوە: قسەكە لەسەر ئەوە نییە كە قەتعییەن ناچینە هەولێر، چونكە ئەوە مەسەلەیەك نییە، بەڵكو بەڵێن وا بوو پارتی بێنە سلێمانی، ئێستاش قسەكە ئەوەیە بێنە سلێمانی.


پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكێكە لە كێشەكانی یەكێتی و پارتی بۆ رێككەوتنیان، لەچەند رۆژی رابردووشدا شاڵاو عەلی عەسكەری، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید كرد.


دەربارەی ئەوەی ئەگەر پارتی شاڵاو عەلی عەسكەری بۆ پارێزگاری كەركوك پێباش بێت، دەبێتە كاندیدی فەرمی یەكێتی، لەتیف شێخ عومەر وتی: "هێشتا قسە لەسەر ناو نەكراوە، چونكە هێشتا رێكنەكەوتووین لەسەر ئەوەی ئەوان پشتیوانی لە پارێزگارێكی كوردی یەكێتی بكەن، هەر كاتێك ئەو مەسەلەیە لەڕووی مەبدەئییەوە بڕدرایەوە و رێككەوتین، بۆ كاندیدەكە كێشەمان نابێت".

 ئەمڕۆش رۆژ نوری شاوەیس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی لەشاری هەولێر رایگەیاند: بۆ كۆبوونەوەی ئەمجارە یەكێتی بڕۆنە هەولێر لەبەرئەوەی ئەوان زۆر چوون بۆ سلێمانی.

بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەكێتی ئەنجام بدرێت بۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم و بەغداد و پارێزگای كەركوك.

 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure