ئابوورى بریتانیا و سیناریۆ ترسناكه‌كانى BREXIT

هەواڵ / ئابوری :: 27/02/2019‌ :: 286‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان محه‌مه‌د
رۆژ له‌دواى رۆژ و سات له‌دواى سات، سیناریۆكانى ده‌رچوونى بریتانیا له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا ناسراو به‌ "BREXIT" گۆڕانكارى به‌سه‌ردا دێت و كۆمپانیا و دامه‌زراوه‌ ئابوورى و بازرگانى و بانكییه‌كانى دوو دڵ كردووه‌ كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ده‌بێت باجى ئه‌و ده‌رچوونه‌ بده‌ن.


به‌پێى نوێترین لێدوان، تیریزاى ماى، سه‌رۆك وه‌زیرانى بریتانیا رایگه‌یاند: بۆ ماوه‌ى دوو مانگ پلانى (BREXIT) دواده‌خات، كه‌ بڕیاره‌ له‌ 29 ى ئازاردا جێبه‌جێ بكرێت، واتا دواى ده‌خات بۆ 29 ى ئایار، هاوكات به‌شێك له‌سه‌رانى وڵاتانى ئه‌وروپاش رایانگه‌یاند: ئاماده‌ن بۆ ماوه‌ى دوو ساڵ ده‌رچوونى بریتانیا دوا بخه‌ن، ئه‌وه‌ش بۆ ته‌واوكردنى دانوستانه‌كان، رێككه‌وتن له‌سه‌ر پرۆسه‌ى ده‌رچوونه‌كه‌.

بڕیاره‌ له‌ 12ى ئازارى ئه‌مساڵ په‌رله‌مانى بریتانیا ده‌نگ بدات له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ى تیراز مه‌ى، له‌گه‌ڵ یه‌كێتى ئه‌وروپا گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ كردووه‌، ئه‌گه‌ر له‌ 12ی مانگ ده‌نگى له‌سه‌ر نه‌درا، ئه‌وا رۆژى دواتر 13ی مانگ، دانیشتنێكى دیكه‌ ده‌كرێت بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر درێژكردنه‌وه‌ى واده‌ى ده‌رچوونه‌كه‌ یان ده‌نگدان له‌سه‌ر ده‌رچوون به‌بێ رێككه‌وتن، به‌ڵام دیار نییه‌ په‌رله‌مانى بریتانیا بۆ كه‌ى دواى ده‌خات.

پارتى كرێكارانى بریتانیاش بۆچوونێكى دیكه‌ى هه‌یه‌، جێرمى كۆربن له‌ دوا لێداوانیدا وتى: ئاماده‌ن پاڵپشتى راپرسییه‌كى دیكه‌ بكه‌ن، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان پلانه‌كه‌ى تیریزا مه‌ى بۆ ده‌رچوون له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپاى په‌سه‌ند نه‌كرد، ئه‌وه‌ش واتا یان بڕیاردان له‌سه‌ر ده‌رچوون یان ئه‌نجامدانى راپرسییه‌كى دیكه‌.

كێ باجه‌كه‌ ده‌دات
ناسه‌قامگیریی، به‌هاى پاوه‌نی ئیسته‌رلینى به‌رامبه‌ر دۆلار، دیارترین سیماى بارودۆخه‌كه‌یه‌ و له‌ كانوونى یه‌كه‌مى ساڵى 2018 له‌هه‌ڵكشان و داكشاندایه‌ و دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى ده‌نگۆى دواكه‌وتنى ده‌رچوون به‌هاى پاوه‌ن به‌رامبه‌ر دۆلار بۆ به‌رزترین ئاست به‌رزبووه‌ و پاوه‌نێك به‌ 1.33 دۆلار مامه‌ڵه‌ى پێوه‌كرا.

فاكته‌رێكى دیكه‌ی تێچوونى ئه‌و ده‌رچوونه‌، له‌سه‌ر ئابوورى بریتانیا چه‌نده‌، به‌پێى ئاماره‌كانى بانكی ئینگلترا هه‌فتانه‌ یه‌ك ملیار دۆلار له‌سه‌ر ئابوورى بریتانیا ده‌كه‌وێت، كه‌ 2% له‌سه‌ر كۆى داهاتى گشتى بریتانیا كه‌ له‌ ماوه‌ى نێوان 2006-2018 زیاتر له‌ 100 ملیار دۆلار له‌سه‌ر ئابوورى بریتانیا كه‌وتووه‌، هه‌روه‌ك پێشبینى كردووه‌ كه‌ له‌ ساڵى 2019 به‌ڕێژه‌ى 25% بێبازاڕى دروستبكات.

سیناریۆ ترسناكه‌كه‌ 
بۆ ده‌رچوون له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا چه‌ند سیناریۆیه‌ك ئاماده‌كراوه‌، خراپترینیان ده‌رچوونه‌ به‌ بێ رێككه‌وتن، كه‌ له‌ ئاستى دوور مه‌ودا به‌ڕێژەى (10%) كۆی داهاتى گشتى بریتانیا (GDP) دابه‌زێت، باشترین سیناریۆش كه‌باسى لێوه‌ ده‌كرێت ده‌رچوونه‌ به‌رێككه‌وتن له‌سه‌ر بازرگانى ئازاد و هاتوچۆى ئازاد، واته‌ مانه‌وه‌ له‌ناو بازاڕێكى هاوبه‌ش یان ده‌رچوون له‌ بازاڕى هاوبه‌ش به‌ رێككه‌وتن.

سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان، به‌ڵام كۆبوونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى بریتانیا له‌ 12ى ئازار یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ ده‌بێت بۆ ئاینده‌ى برێكست.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure