گروپێک ده‌بنه‌ هۆى چۆڵبوونى گونده‌ كوردییه‌كان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 27/02/2019‌ :: 649‌ جار بینراوە
سنوریان بۆ خۆیان جیاکردوەتەوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 

گروپى چه‌كدارى ئاڵا سپییه‌كان له‌ دواى تێكشكانى داعشه‌وه‌ له‌ نێوان خورماتوو بۆ كفرى دروستبوون و له‌ ئێستادا ژماره‌یان كه‌مبووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام سنوریان بۆ ده‌وروبه‌رى خۆیان داناوه‌ و چه‌ند گوندێك و ناوچه‌یه‌كى فراوان له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتیاندایه‌ كه‌ به‌ شێكیان هى هاووڵاتیان كورده‌. 


به‌ وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌ك چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ئۆتۆمبیلى نوێشیان بۆ هاتووه‌ و له‌ ماوه‌ى دروستبوونیشیانه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا زیاتر له‌ 10 كه‌سیان كوشتووه‌. 

كه‌ریم شوكر، به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى 16ى یه‌كێتى له‌ خورماتوو به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: گروپى چه‌كداری ئاڵا سپییه‌كان له‌ دواى تێكشكان و په‌رته‌وازه‌بوونى چه‌كدارانى داعش ئه‌و گروپه‌ له‌ نێوان قه‌زاى خورماتوو بۆ كفرى و به‌ دیاریكراوى له‌ ناوچه‌كانى "قوشه‌ڵان، تاوێركه‌وه‌، شۆراو، هه‌رسێ په‌ڵكانه‌كان، قۆرى چایى و غه‌ره‌" ده‌ركه‌وتن. 
 
وتیشى: "له‌ سه‌ره‌تادا ژماره‌یان نزیكه‌ى 250 چه‌كدار ده‌بوو، به‌ڵام ئێستا به‌پێى زانیارییه‌كان بۆ نزیكه‌ى 30 چه‌كدار كه‌مبوونه‌ته‌وه‌ و هۆكارى كه‌مبوونه‌وه‌یان نادیاره‌، به‌ڵام چه‌ندینجار فڕۆكه‌ بۆردومانى كردون كه‌ ره‌نگه‌ به‌شێكى په‌یوه‌ندى به‌وه‌وه‌ هه‌بێت و ناوچه‌كه‌یان جێهێشتبێت، چونكه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ى جێگیربوون به‌ره‌و ناوچه‌كانى سلێمان به‌گ و له‌وێشه‌وه‌ بۆ كه‌ركوك و له‌ملاشه‌وه‌ به‌ره‌و قه‌ره‌ته‌په‌ و حه‌مرین و ناوچه‌كانى دیاله‌ هاتوچۆ ده‌كه‌ن، ئه‌و دوو رێگەیه‌ش له‌ مێژه‌وه‌ هێڵى هاتوچۆى گروپه‌ چه‌كداره‌كان بووە". 

كه‌ریم شوكر، ئه‌وه‌شى خشته‌ڕوو: چه‌كداره‌كان به‌شێكیان ناوسراون ناویان لاى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت پله‌دارى داعشى تێدایه‌ كه‌ له‌ موسڵه‌وه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ و به‌پێى زانیارییه‌كانیان چه‌ند كه‌سێكى كوردى دانیشتووى هه‌ڵه‌بجه‌ و ناحیه‌ى باوه‌نوریشیان له‌ گه‌ڵدایه‌ و به‌پێى زانیارییه‌كانیش ته‌نیا چه‌كى سوكیان هه‌یه‌. 

ئه‌و به‌رپرسه‌ى یه‌كێتى ئاماژه‌شى به‌وه‌دا: له‌ چه‌ند رۆژى رابردوودا چه‌كدارانی ئاڵا سپییه‌كان ئۆتۆمبێلى نوێیان بۆ هاتووه‌ و له‌ ناوچه‌كه‌دا بینراون بۆ كاروبارى خۆیان ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌یان به‌كارهێناوه‌. 

ئه‌و چه‌كدارانه‌ ئاڵایه‌كى سپی- یان هه‌یه‌ و سه‌رى شێرێكى تێدایه‌ و له‌ ده‌ركه‌وتنیانه‌وه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ زیاتر له‌ 10 كه‌سیان كوشتووه‌. 

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ ئاسایشى خورماتوو كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: زانیارى باوه‌ڕپێكراو و دروستیان له‌به‌رده‌ستدایه‌ سه‌باره‌ت به‌ چه‌كدارانی ئاڵا سپییه‌كان و هه‌رچه‌نده‌ باس له‌وه‌ده‌كرێت گروپێكى نوێن، به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌م چه‌كدارانه‌ پاشماوه‌ى داعشن و له‌ ناوچه‌كه‌دا ماونه‌ته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌و ناوچه‌یه‌ سه‌خته‌ و دۆڵ و شاخاوییه‌ و له‌ كۆنیشه‌وه‌ هه‌ر رێگە و موڵگه‌ى گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانى دیكه‌ بووه‌. 

وتیشى: "ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا زیاتر له‌ 10 كه‌س كه‌ لێیان نزیكبوونه‌ته‌وه‌ رفاندویان و دواتر ژماره‌یه‌كیان كوشتوون و ژماره‌یه‌كیشیان تاوه‌كو ئێستا بێسه‌روشوێنن، هاوكات چه‌ند كه‌سێكیشیان ده‌ستبه‌سه‌ركردوه‌، به‌ڵام دواتر ئازادیان كردون".

سه‌رچاوه‌كه‌ى ئاسایش راشیگه‌یاند: چه‌كداره‌كان له‌ ماوه‌ى رابردوودا نه‌یانتوانیوه‌ ڕووبه‌ڕووى هیچ هێزێكى كوردستانى یان نزیك ببنه‌وه‌ و له‌ ئێستاشدا سنوریان بۆ خۆیان داناوه‌ و خه‌ڵكى ده‌وروبه‌ریان ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و سنووره‌ نه‌به‌زێنن، چونكه‌ ناچارده‌بن ته‌قه‌یان لێبكه‌ن. 

ئه‌و چه‌كدارانه‌ هه‌رچه‌نده‌ تاوه‌كو ئێستا به‌ شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ هیچ كرده‌وه‌یه‌كى چه‌كدارییان له‌ دژى هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و هاووڵاتیانى كورد ئه‌نجامنه‌داوه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌و سنوورانه‌ى دایانناوه‌ چه‌ندین هاووڵاتی زه‌وییه‌كانیان لێ قه‌ده‌غه‌كراوه‌ بۆ كشتوكاڵ به‌كارى بهێنن و به‌ ئازادى له‌ سنوورى گونده‌كانیان هاتووچۆ بكه‌ن. 

جه‌مال ساڵح، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى نه‌وجول  له‌ سنوورى قه‌زاى كفرى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و گروپه‌ چه‌كداره‌ى به‌  ئاڵا سپی-یه‌كان خۆیان ناساندوه‌ له‌ دروستبوونیانه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا له‌ شاخى غه‌ڕ‌ه‌ و په‌لكانه‌ و ناوچه‌كانى نێوان كفرى و خورماتوو جێگیربوون و هه‌رچه‌نده‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ كرده‌وه‌یه‌كى چه‌كدارى و جموجۆڵێكى ئه‌وتۆیان بۆ سه‌ر هاووڵاتیانى كورد نه‌بووه‌، به‌ڵام بوونیان له‌و ناوچه‌یه‌ مه‌ترسییه‌ و له‌ راستیدا تاوه‌كو ئێستا نازانرێت چى مه‌رامێكیان هه‌یه‌. 

وتیشى: "به‌هۆى ئه‌و سنوورانه‌ى دیاریان كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هاووڵاتیان لێیان نزیك نه‌بێته‌وه‌، گوندى شۆراو چۆڵبووه‌ و ژماره‌یه‌ك جوتیاریش له‌ سنووره‌كه‌ زه‌وییان لێ قه‌ده‌غه‌كراوه‌، چونكه‌ زه‌وییه‌كانیان ده‌كه‌وێته‌ نزیكى چه‌كداره‌كان و بۆیه‌ ناتوانن بۆ كاروبارى كشتوكاڵى به‌كاریان بهێنن". 

جه‌مال سالح ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: چه‌كدارانی ئاڵا سپییه‌كان له‌ ماوه‌ى رابردوودا ژماره‌یه‌ك شوانكاریان ده‌ستگیركردوه‌، به‌ڵام هه‌ر زوو دواى چه‌ند كاتژمێرێك ئازادیان كردوون و ته‌نیا داوایانكردوه‌ نزیكنه‌بنه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كانیان. 

هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه‌ فه‌رمانده‌یه‌كى پێشمه‌رگه‌ له‌ لیواى 148 كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبێته‌وه‌ به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌و چه‌كدارانه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ بونه‌ته‌ هۆى نیگه‌رانى هاووڵاتیان به‌ تایبه‌تى دواى ئه‌وه‌ى له‌ ماوه‌ى رابردوودا چه‌ند شوانێكیان رفاند و هه‌روه‌ها بۆمبێكیشیان به‌ ئۆتۆمبیلى گوندنیشینێكدا ته‌قییه‌وه‌. 

وتیشى: "چه‌كداره‌كان له‌ رێگه‌ى وڵاتانى ده‌وروبه‌ر و هه‌روه‌ها له‌ رێگه‌ى رفاندنى هاووڵاتیان و وه‌رگرتنى پاره‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئازادكردنیان داهاتیان ده‌ستده‌كه‌وێت و نازانرێت له‌ داهاتوودا ئه‌م گروپه‌ چی به‌سه‌ر دێت، به‌ڵام له‌ ئێستادا چه‌كى ئه‌وتۆیان له‌به‌رده‌ستدا نییه‌ و قورسترین چه‌كیان كه‌ بینرابێت دۆشكه‌ى سێ ملم بووه‌". 

له‌دواى په‌رته‌وازه‌بوونى داعش و تێکشكانیان له‌ موسڵ و ئه‌نبار و ناوچه‌كانى دیكه‌ى عێراق، ئه‌م گروپى ئاڵا سپییانه‌ له‌ نێوان خورماتوو بۆ كفرى ده‌ركه‌وتوون و پێشتر باس له‌وه‌ ده‌كرا كۆپته‌رى جه‌نگى كه‌ نازانرێت سه‌ر به‌ عێراقه‌ یان هێزى هاوپه‌یمانان سه‌ردانیان ده‌كه‌ن، به‌ڵام هیچ لایه‌نێكى رەسمى ئه‌م ده‌نگۆیانه‌ى پشتڕاست نه‌كردوه‌ته‌وه‌.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure