یه‌كگرتوو: له‌ یه‌كه‌م هه‌نگاوى په‌رله‌مان پارتى سزایداين

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 26/02/2019‌ :: 382‌ جار بینراوە
كۆمه‌ڵ: دەنگ بە پاکێجێک دراوە کە پێشتر فراکسیۆنەکان رێکكەوتنیان لەسەر کردووه‌

دواڕۆژ، ئاریان عه‌لى

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌سه‌ر ده‌نگنه‌دان به‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و بڕیارى ئۆپۆزسیۆنیان، پارتى سزایداوین و فراكسیۆنه‌كانی كۆمه‌ڵ و نه‌وه‌ى نوێ و گۆڕانیش به‌رامبه‌ر پێشلكارییه‌كانى پارتى، بێده‌نگ بوون.


(ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ى شوباتى 2019) به‌پێى سیسته‌مى سانتیگۆ و به‌ركه‌وته‌ى هه‌ڵبژاردن ئه‌ندامانى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مانى كوردستان دیاریكران، به‌ڵام یه‌كگرتووى ئیسلامى كه‌ پێنج كورسى هه‌یه‌، هیچ ئه‌ندامێكى له‌ لیژنه‌كه‌دا نه‌بوو.

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، دەبێ لیژنەی یاسایی لە پێنج ئەندام كەمتر و لە 11 ئەندامیش زیاتر نەبێت، به‌مه‌ش پارتى چوار ئه‌ندام و یه‌كێتى دوو ئه‌ندام به‌ركه‌وتووه‌ و فراكسیۆنه‌كانى گۆڕان و كۆمه‌ڵ و نه‌وه‌ى نوێ و هه‌ردوو پێكهاته‌ى توركمان و مه‌سیحییه‌كان، یه‌كى ئه‌ندامێكیان له‌ لیژنه‌كه‌ ده‌بێت، به‌ڵام به‌هۆى ئاماده‌نه‌بوونى فراكسۆنى یه‌كێتى له‌ دانیشتنه‌كه‌ كاندیدانى بۆ لیژنه‌ى یاسایى هه‌ڵنه‌بژێردران.

له‌باره‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌ندامانى لێژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان و نه‌بوونى ئه‌ندامى یه‌كگرتوو له‌و لیژنه‌یه‌،  شێركۆ جەودەت سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ به‌شێوه‌یه‌كى نایاسایى ئه‌ندامانى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردراون و پێشێلكاریش به‌رامبه‌ر فراكسیۆنى یه‌كگرتوو كرا، چونكه‌ ناكرێت به‌ پێنج كورسى ئه‌ندامێكمان له‌ لێژنه‌كه‌ نه‌بێت.

وتیشى: "ئه‌و پێشلكاری و سزاییه‌ له‌لایه‌ن پارتى به‌رامبه‌ر یه‌كگرتوو كراوه‌، ئه‌مه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ ئێمه‌ بووینه‌ته‌ ئۆپۆزسیۆن و ناچینه‌ ژێربارى هیچ حزبێكى دیكه‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ى له‌كاتى هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان ده‌نگمان به‌ كاندیدانى پارتى نه‌داوه‌، ئه‌وه‌شى جێگه‌ى نیگه‌رانییه‌ فراكسیۆنه‌كانى گۆڕان و نه‌وه‌ى نوێ و كۆمه‌ڵ له‌و پێشلكارییه‌ بێده‌نگ بوون".

له‌باره‌ى ئه‌و پێشلكارییه‌ى به‌رامبه‌ر یه‌كگرتوو كراوه‌، عه‌بدولستار مه‌جید سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى به‌ دواڕۆژى وت: "لەم پڕۆسەیەدا دەنگ بە پاکێجێک دراوە کە پێشتر فراکسیۆنەکان رێکكەوتنیان لەسەر کردووه‌، هه‌روه‌ها فراکسیۆنی کۆمەڵ دەنگی بە ئەندامەکەی خۆیداوە و دژی هیچ کەس و فراسیۆنێکی دیکە نەبووە، چونکە لە بنەڕەتدا دژایەتییمان لەگەڵ هیچ فراکسیۆنێک نییە، ئیتر پێویست ناكات گله‌یمان لێبكرێت".

هاوكات كاوه‌ عه‌بدولقادر، ئه‌ندامى فراكسیۆنى نه‌وه‌ى نوێ و ئه‌ندامى لیژنه‌ى یاسایى په‌رله‌مان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پێش دانیشتنه‌كان، رێككه‌وتنێك هه‌بوو له‌نێوان سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان كه‌ فراكسیۆنى یه‌كگرتووش به‌شداربووه‌ و ئیلتیزامى به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كردووه‌ و ته‌نانه‌ت فراكسیۆنى یه‌كگرتوو داوایكردووه‌ كه‌ له‌جیاتى نه‌بوونى ئه‌ندام له‌ لیژنه‌ى یاسایى، به‌ پێدانى سه‌رۆكایه‌تى لیژنه‌یه‌كى دیكه‌ى په‌رله‌مان قه‌ره‌بووبكرێته‌وه‌، چونكه‌ هه‌ر فراكسیۆنێك ته‌نیا یه‌ك سه‌رۆك لیژنه‌ى به‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام به‌پێى رێككه‌وتنه‌كه‌ یه‌كگرتوو دوو سه‌رۆك لیژنه‌ى ده‌بێت، پارتیش به‌ڵێنى پێداوه‌ هاوكارى بكات، له‌ دانیشتنه‌كه‌ رازى بوو قه‌ره‌بووبكرێته‌وه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: ئێمه‌ هیچ رێككه‌وتنێكى سیاسیمان نییه‌ تاوه‌كو ده‌نگیان پێبده‌ین جگه‌ له‌وه‌ ئه‌وانیش هیچ كاندیدێكى خۆیان دیارینه‌كرد تاوه‌كو ده‌نگى پێبده‌ین، به‌ڵام له‌وكاته‌ى ئێمه‌ كاندیدمان بۆ سه‌رۆكایه‌تى ده‌سته‌ى په‌رله‌مان هه‌بوو یه‌كگرتوو ده‌نگى به‌ كاندیدانى ئێمه‌ نه‌داوه‌ و هیچ هاوپه‌یمانییه‌ته‌كیش له‌نێوانماندا نییه‌.

جێگرى سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان، ره‌تیده‌كاته‌وه‌ به‌رامبه‌ر "پێشلكارییه‌كان پارتى" هه‌ڵوێستیان نه‌بووبێت، به‌ڵێن ئیسماعیل جێگرى سه‌رۆكى فراكسیۆنى گۆڕان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بۆ دواڕۆژ، وتى: "ده‌بوو سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو وه‌كو خۆى قسه‌كانى ئێمه‌ له‌هه‌ردوو دانیشتنى تایبه‌ت به‌ دانانى ئه‌ندامانى لیژنه‌ى یاسایى وه‌كو خۆى باسبكات، چونكه‌ ئێمه‌ پێمانباشبوو به‌شێوازێك لیژنه‌كان دابه‌شبكرێت كه‌ هه‌موو ده‌نگ و ره‌نگه‌ جیاوازه‌كانى تیابێت، پێشنیارمانكرد كه‌ هه‌ر 11 ئه‌ندامه‌كه‌ هه‌م به‌ ته‌وافوق و هه‌میش به‌ ئیستیحقاقى هه‌ڵبژاردن بێت تا حه‌قى ئۆزسیۆزیۆن و ده‌سه‌ڵات و پێكهاته‌كان پارێزراون بێت، بۆیه‌ پێشنیارمانكرد كه‌ پارتى چوار ئه‌ندامى هه‌بێت، یه‌كێتى دوو ئه‌ندام و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و نه‌وه‌ى نوێ و پێكهاته‌كان و یه‌كگرتوو یه‌كى یه‌ك ئه‌ندامیان هه‌بێت، به‌ڵام پێكهاته‌كان پێداگیریان كرد له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ده‌بێت دوو كورسیان هه‌بێت، بۆیه‌ پێشنیار و رێككه‌وتنه‌كه‌ جێه‌جێنه‌كرا".

وتیشى: "كاتێك رێككه‌وتنه‌كه‌ سه‌رینه‌گرت، په‌نابرایه‌به‌ر په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مان كه‌ ده‌ڵێت: به‌پێى رێژه‌ى نوێنه‌رایه‌تى فراكسیۆنه‌كان ئه‌ندامیان ده‌بێت له‌ لیژنه‌كان به‌مه‌ش به‌پێى سیسته‌مى سانتیگۆ دابه‌شكارى بكرێت، بۆیه‌ له‌به‌رئه‌وه‌ى پارتى چوار ئه‌ندامى به‌رده‌كه‌وێت و پێنج كورسى ده‌مایه‌وه‌، هه‌روه‌ها سۆسیالیست چووه‌ پاڵ فراكسیۆنى پارتى بوونه‌ شه‌ش كورسى ماوه‌، یه‌كێتى دوو كورسى و دوو ئه‌ندامى ده‌بێت و كورسیه‌كى ده‌مایه‌وه‌ و گۆڕان یه‌ك ئه‌ندامى هه‌یه‌ و دوو كورسى ده‌مایه‌وه‌، دواى ئه‌وه‌ به‌پێى مایه‌وه‌ى به‌هێز هه‌ریه‌ك له‌ نه‌وه‌ى نوێ و كۆمه‌ڵ ئه‌ندامیان به‌رده‌كه‌وت، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى یه‌كگرتوو پێنج كورسى هه‌یه‌ و پارتى شه‌ش كورسى ده‌مایه‌وه‌، بۆیه‌ به‌پێى سیسته‌مه‌كه‌ یه‌كگرتوو بێبه‌شكراوه‌، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ یه‌كگرتوو هیچ پێشنیارێكى دیكه‌یان نه‌بووه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ تاوه‌كو دوا نه‌فه‌س پێداگیریمان له‌ مافى یه‌كگرتوو كردووه‌".

له‌باره‌ى سزادانى یه‌كگرتوو، ئومێد خۆشناو سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پێكهێنانی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان به‌پێی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن بوه‌ و سزای سیاسی هیچ لایه‌نێك نه‌دراوه‌. 

راشیگه‌یاند: پێكهێنانی لیژنه‌ی یاسایی به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئاماده‌كاری نییه‌ بۆ یاسای سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، به‌ڵكو له‌ دانوستان و گفتوگۆی لایه‌نه‌كان هه‌موو لایه‌ك كۆكین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم كاراده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ نابێت سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو ئه‌و نه‌فه‌سه‌ قسه‌ بكات.

ناوى ئه‌ندامانى  لیژنەی یاسایی په‌رله‌مانى كوردستان:
1.ئەرشەد حوسێن/ پاتى
2.بژار خالد/ پارتى
3.خەدیجە عومەر/ پاتى 
4.عەبدولسەلام عەبدوڵڵا/ پارتى
5.جەلال محەممەد/ گۆڕان
6.روپاك ئەحمەد/ كۆمه‌ڵ
7.رۆبینە مەلاك عزیز/ مه‌سیحییه‌كان
8.سارا دڵشاد/ توركمان
9.کاوە عەبدولقادر/ نه‌وه‌ى نوێ

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە