له‌پێناو ناوبانگى منداڵه‌كانی ناپاكى هاوسه‌ره‌كه‌ى شارده‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 26/02/2019‌ :: 10733‌ جار بینراوە
"گوێبیستی ئەوە بووە كه‌ ژنەکەی بە تەلەفۆنێکی نهێنی لەگەڵ پیاوێکدا قسە دەکات"

دواڕۆژ

ئه‌گه‌رچى به‌ چاوى خۆى و به‌ به‌ڵگه‌ ناپاكى ژنه‌كه‌ى لابوو، به‌ڵام له‌پێناو سومعه‌ و كه‌سایه‌تى منداڵه‌كانیدا ئارى بڕیاریدا كێشه‌كه‌ نه‌گه‌یه‌نێته‌ پۆلیس و دادگا و له‌نێوان خۆیاندا به‌ جیابوونه‌وه‌ كۆتایى پێهێنا.


"مانگی شوباتی ساڵی رابردوو (ئارى- ناوێكى خوازراوه‌) خێزاندار و خاوەنی کوڕ و کچێک، لە رێگای مۆبایلەوە پەیوەندی پێوەکردم و دوای وەرگرتنی ناونیشانی نوسینگەکەم سەردانی کردم و چیرۆکی کێشەی خۆی لەگەڵ ژنەکەی بۆ باسکردم" وه‌ك ئه‌وه‌ى پارێزه‌ر رێبین سه‌باح ده‌ڵێت.

ئه‌و پارێزه‌ره‌ له‌باره‌ى ئه‌و كه‌یسه‌وه‌ رونیشیده‌كاته‌وه‌: ئارى باسى له‌وه‌كرد كه‌ بە چاوی خۆی و بە بەڵگەوە دیویەتی ژنەکەی لە رێگای مۆبایلەوە ناپاکی لێکردوە، به‌جۆرێك دوای ئەوەی لەناکاو گەڕاوه‌ته‌وه‌ ماڵەوە و بەئەسپایی چوه‌ته‌ ژوری نوستنه‌كه‌یان گوێبیستی ئەوە بووە كه‌ ژنەکەی بە تەلەفۆنێکی نهێنی لەگەڵ پیاوێکدا قسە دەکات.

رووداوه‌كه‌ بووه‌ته‌ کێشە و شەڕێکی گەورەی نێوانیان، هەربۆیە ئاری بە زۆر مۆبایلەکەی لە ژنەکەی وەرگرتووە و یەکسەریش رەوانەی ماڵی باوکی کردوه‌ته‌وه‌.

ئه‌و پارێزه‌ره‌ ده‌ڵێت: "لەو حاڵەتەدا ئاری بەڵگەی تەواوی ناپاکی ژنەکەی لابوو دەیتوانی بیداتە دادگا و بە تۆمەتی ناپاکی سکاڵا لەسەر دایکی مناڵەکانی تۆماربکات و بە گرتنی بدات، بەڵام ئاری بۆ پاراستنی کەسایەتی و سومعەی مناڵەکانی بۆ ئەوکات و بۆ داهاتوش بڕیاریدا لە پۆلیس سکاڵا لەسەر ژنەکەی تۆمار نەکات و بەرامبەر بەوەش ژنەکەش رازی بوو لە تەواوی مافەکانی خۆی خۆش بێت و داوای هیچ نەکات".

لە یەکەم دادبینی ئەو دۆسیەیە و لە دادگایی باری کەسی هەولێر بۆ مەبەستی جیابونەوەیەکی بە رێکەوتن و بێدەنگی نێوانیان، داوا له‌ دادوەرى بارى كه‌سێتى كرا داواكه‌ دوابخات تا رێككه‌وتن له‌نێوان ئه‌و ژن و مێرده‌ بكرێت.

وتیشى: "ئەوەبوو بەر لە نەورۆزى 2018 بە ئامادەبوونی هەردوو لایەنی ژن و پیاو و دوو شایەد بە رێکەوتن ئاری ژنەکەی خۆی تەڵاقدا و ژنەکەش تەڵاقەکەی قبوڵکرد و لە تەواوی مافە یاسایی و شەرعیەکانی خۆی خۆشبوو".

دواتریش لە دادگا ئەو کۆنوسی تەڵاق و رێکەوتنی نێوانیانیان پەسەندکرا و بەشێوەیەکی شەرعی و یاسایی ئاری و ژنەکەی پەیوەندی هاوسەرگیرییان لەنێوان نەما، کوڕ و کچەکەشی ئێستا لای دایکیان دەژین و هەفتەی 24 کاتژمێریش لای باوكیان دەبن.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure