په‌رله‌مانى ئێران كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نائاسایی ئه‌نجامدا

هەواڵ / جیهان :: 26/02/2019‌ :: 400‌ جار بینراوە
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 26ى شوبات، په‌رله‌مانى ئێران كۆبوونه‌وه‌یه‌كى نائاسایی ئه‌نجامدا و سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى و سیاسه‌ته‌كانى ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مانى ئێران-یش ده‌ڵێت: "جه‌واد زه‌ریف به‌هۆى ناكۆكى له‌گه‌ڵ چه‌ند به‌رپرسێك ده‌ستى له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌".


محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ شه‌و (دووشه‌ممه‌ 25ى شوبات)، لە رێگەی پۆستێکەوە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستگرام نامەی دەستلەکارکێشانەوەکەی بڵاوکردووەتەوە. لە نامەکەیدا سوپاسی هاوڵاتیانی ئێران دەکات و داوای لێبوردنیش دەکات بەوەی ناتوانێت لە ئەرکەکەی بەردەوام بێت.

حیشمه‌توڵا فه‌ڵاحه‌ت پیشه‌، سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى و سیاسته‌كانى ده‌ره‌وه‌ى  په‌رله‌مانى ئێران له‌باره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌وه‌ به‌ میدیاكانى وڵاته‌كه‌ى راگه‌یاند: "كۆبوونه‌وه‌ نائاساییه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى په‌رله‌مان بۆ تاوتوێكردنى نامه‌ى چه‌ند په‌رله‌مانتارێك بوو به‌ مه‌به‌ستى قبوڵنه‌كردنى نامه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، تاوتوێكردنى هۆكاره‌كانى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى ئه‌و وه‌زیره‌".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ هۆكارى پشت ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى زه‌ریف ئاشكرا ده‌كات و ده‌شڵێت: "هۆكارى سه‌ره‌كى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى جه‌واد زه‌ریف ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ناكۆكییه‌كانى ئه‌و وه‌زیره‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك به‌رپرسى حكومى، ئه‌مه‌ سه‌ره‌ڕاى نه‌بوو هاوسه‌نگى له‌ نێوان سیاسه‌تى ده‌ره‌وه‌ و سیاسه‌ته‌كانى حكومه‌تى ئێران".

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى كه‌ له‌ میدیاكانى ئێران بڵاوكراونه‌ته‌وه‌، تا ئێستا نامه‌ى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ى زه‌ریف قبوڵنه‌كراوه‌ و رانه‌گه‌یه‌نراوه‌، هه‌ر له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ په‌رله‌مانى ئه‌و وڵاته‌ بڕیاریداوه‌ سبه‌ى كۆبوونه‌وه‌یه‌كى ئاشكرا (كراوه‌) ئه‌نجامبدات و زیاتر تاوتوێى بكات.

داڕشتنه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure