بۆ رزگاربوون لەمەرگ لە موسڵەوە چوونە ئاکرێ بەڵام زۆپا ژیانی لێسەندنەوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 26/02/2019‌ :: 1052‌ جار بینراوە
وێنەی گۆڕی ئەفراح و منداڵەکانی

دواڕۆژ، دهۆك

له‌ رووداوێكى ئاگرکەوتنه‌وه‌دا له‌ قه‌زاى ئاكرێ، ژنێك و دوو منداڵەكه‌ى سوتان و گیانیانله‌ده‌ستدا، تائێستاش به‌رگرى شارستانى ئاكرێ راپۆرتى خۆى له‌باره‌ى هۆكاره‌كانى ئه‌و رووداوه‌ ته‌واونه‌كردوه‌.


ئه‌فراح ئاكره‌یی، ته‌مه‌ن 45 ساڵ، دایكى 7 منداڵ بوو، پێش پێنج ساڵ له‌به‌ر بارودۆخى سه‌ختى ژیان و هه‌ژارى، له‌ شارى موسڵ چووبووه‌ ئاكرێ و له‌ خانوویەكى كرێدا  ده‌ژییان.

ئه‌مین خه‌لیل، دراوسێ و شایه‌تحاڵى رووداوه‌كه‌ بۆ دواڕۆژ وتى: "ئه‌م خێزانه‌ زۆر هه‌ژاربوون، خه‌ڵكى خێرخواز خێرى پێده‌كردن، هه‌موو ئاواتی ئه‌فراح و منداڵه‌كانى ئه‌وه‌ بووه‌ رۆژێك خانوى خۆیان هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌فراح نه‌گه‌یشت به‌و خه‌ونه‌ى".

ساتى ئاگركه‌وتنه‌وه‌کە

سه‌باره‌ت بەچۆنیه‌تى دروستبوونى ئه‌و رووداوه‌ ئه‌مین خه‌لیل ئاشكرایكرد: "كاتژمێر 9:55  له‌و رووداوه‌ ئاگادارکراینەوە، كاتێك گه‌یشتینه‌ ئه‌و شوێنه‌ ئاگره‌كه‌ بچوك بوو، به‌ڵام كه‌س جورئه‌تى ئه‌وه‌ى نه‌كرد بچێته‌ ناو خانوەكه‌ و هه‌وڵى رزگاركردنى ئه‌و كه‌سانه‌ بدات كه‌ له‌ناو ئاگره‌كه‌دا مابوون، له‌وكاته‌دا كوڕێكى ئه‌و خێزانه‌  به‌ سوتاوى توانى خۆى رزگاربكات كه‌ زۆر شوێنى جەستەی سوتابوو".

ئه‌فراح نه‌خۆشى ره‌بوى هه‌بوو، تواناى خۆڕزگاركردن نه‌مابوو

ئه‌و شایه‌تحاڵه‌ ئاشكرایكرد: كاتێك پرسیارمان كرد، ئه‌و رووداوه‌ چۆن دروستبوو؟ كچكێى ئه‌فراح وتى: "نه‌وتم كرده‌ زۆپاکەوە، نه‌وت به‌ سه‌ر زۆپاکەدا رژا، له‌و كاته‌دا ده‌بەیه‌كى نه‌وتیش له‌ ته‌نیشت زۆپاكه‌ بوو، به‌دایكم وت نه‌وت به‌سه‌ر زۆپاكه‌دا رژا، ئه‌و وتى گرفت نیه‌، كاتێك زۆپاکەم هەڵكرد یه‌كسه‌ر ئاگر به‌ربووه‌ زۆپاکە و ته‌شه‌نه‌ى كرد و ئه‌م رووداوه‌ درووستبوو، دایكم نه‌خۆشى ره‌بوى هه‌بوو كاتێك له‌گه‌ڵ براكەم خه‌ریكى كۆنتڕۆڵى ئاگره‌كه‌ ‌بوون ئاگر زیاتر ته‌شه‌نه‌ى كرد و له‌وكاته‌دا دایكم له‌هۆش خۆى چوو، ئیتر نه‌یتوانى خۆى رزگاربكات و هه‌موومان بێهۆش بووین".

چۆن دوو منداڵه‌كه‌ سوتان؟

 

 ئه‌مین خه‌لیل وتى: "ئه‌و دوو منداڵه‌ له‌ ژورى میوان بوون، كه‌س له‌ ئێمه‌ نه‌یزانیبوو ئه‌و دوو منداڵه‌ له‌وێ خه‌وتبوون، بۆیه‌ كاتێك ئاگرەکە کەوتەوە و گه‌وره‌ بوو، ئه‌و دوو منداڵه‌ به‌ناوه‌كانى حسێن و حه‌سه‌ن كه‌ دوانه‌ بوون و ته‌مه‌نیان 8 ساڵ بوو هه‌ر له‌شوێنى خۆى گیانیان له‌ده‌ستدا".

باوكى ئه‌م خێزانه‌ تواناى قسه‌كردنی نه‌ماوه‌ 

سدیق مزورى، باوكى ئه‌م خێزانه‌ كارمه‌ندى شاره‌و‌انى ئاكرێیه‌، دواى كاتژمێرێك گه‌یشته‌ شوێنى رووداوه‌كه‌ و به‌پێى وته‌ى ئه‌مین خه‌لیل كاتێك باوكى ئه‌م خێزانه‌ گه‌یشته‌ ماڵەوە ته‌نیا یه‌ك وته‌ى هه‌بوو ئه‌ویش "بۆچى ئه‌مه‌ به‌سه‌ر من هات؟"

سدیق مزورى باوكى ئه‌م خێزانه‌ ئاماده‌ نیه‌ بۆ راگه‌یاندنه‌كان قسه‌ بكات، وه‌ك خۆى ده‌ڵێت: "ناتوانێت هیچ شتێك بڵێت".

دواى ئه‌و رووداوه‌ ئه‌بوبه‌كر، كوڕى ئه‌م خێزانه‌ به‌هۆى برینه‌ سه‌خته‌كانیەوە كه‌سوكارەکەى گواستوویانەتەوه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ى ئازادى له‌ دهۆك.

لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ رووداوه‌كه‌ به‌رده‌وامە

سه‌باره‌ت بە لێكۆڵینه‌وه‌ له‌م رووداوه‌، رائید به‌هزار ئاكره‌یی، له‌ راگه‌یاندنى به‌ر‌گرى شار‌ستانى ئاكرێ بۆ دواڕۆژ وتى: "راپۆرتى ئێمە له‌سه‌ر ئه‌و رووداوه‌ ته‌واو نه‌بووه‌، به‌ڵام 80% گه‌یشتووینه‌تە ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ ئه‌و ئاگره‌ له‌‌ ئه‌نجامى نه‌وتى زۆپاوە دروستبووه‌".

وتیشى: "تیمه‌كانى به‌رگرى شارستانى ئاكرێ دوای كه‌متر له‌ 5 خوله‌ك گه‌یشتنه‌ شوێنى رووداوه‌كه‌، به‌ڵام به‌هۆى خێرایى بڵابوونه‌وه‌ى ئه‌و ئاگره‌ ئیتر ئه‌و دایكه‌ و دوو منداڵه‌كه‌ى گیانیانله‌ده‌ستدا".

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure