بۆ به‌شدارى له‌ كابینه‌ى حكومه‌ت كۆمه‌ڵ داواكارییه‌كى له‌ پارتى هه‌یه‌

هەواڵ / کوردستان :: 26/02/2019‌ :: 853‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌رپرسێكى باڵاى كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت: پێمانباشه‌ پارتى سه‌ردانى تایبه‌تمان بكات و به‌ جددى داوامان لێ بكات بۆ به‌شدارى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم.


به‌هۆى كشانه‌وه‌ى كۆمه‌ڵ له‌ كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌ت، په‌یوه‌ندییه‌كانى پارتى و كۆمه‌ڵ "گرژى و ئاڵۆزى" تێكه‌وت، هه‌رچه‌نده‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ى مانگى رابردوو هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئاسایكردنه‌وه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانیان رێكه‌وتن، به‌ڵام له‌سه‌ر به‌شدارى كۆمه‌ڵ له‌ كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌ت هیچ قسه‌یه‌ك له‌نێوانیان نه‌كراوه‌.

شوان رابه‌ر، بڕیارده‌رى ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تى كۆمه‌ڵی ئیسلامی  به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: كۆمه‌ڵى ئیسلامى تائێستا بڕیاری نه‌داوه‌ كه‌ به‌شدارى كابینه‌ى نۆیه‌مى حكومه‌تی هه‌رێم بكات یان نا، ئه‌و پرسه‌ به‌ كراوه‌یى له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵ ماوه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ شێوازى به‌شدارى و داواكارییه‌كانیشى نه‌خستۆته‌ڕوو.

له‌باره‌ى داواكارى ره‌سمى پارتى بۆ به‌شدارى كۆمه‌ڵ له‌ كابینه‌ى داهاتووى حكومه‌ت، شوان رابه‌ر وتى: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ى نێوان پارتى و كۆمه‌ڵى ئیسلامى، پارتى پرسى به‌شداریكردنى كۆمه‌ڵى ئیسلامى له‌ كابینه‌ى حكومه‌ت وروژاند، به‌ڵام كۆمه‌ڵ نه‌چووه‌ نێو باسه‌كه‌، چونكه‌ كۆمه‌ڵ پێباشه‌ پارتى سه‌ردانێكى تایبه‌تى بكات و به‌جددى داوا له‌ كۆمه‌ڵ بكات بۆ به‌شدارى، ئه‌وكات كۆمه‌ڵ ده‌ست به‌ دانووستاندن ده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌".

كۆمه‌ڵى ئیسلامى كوردستان به‌ پۆستێكى وزارى و سه‌رۆك ده‌سته‌یه‌ك و چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رێكى گشتى به‌شدارى له‌ كابینه‌ى هه‌شته‌مى حكومه‌تى هه‌رێم كرد، به‌ڵام له‌ 20ى كانوونى یه‌كه‌مى 2017 له‌ حكومه‌تى هه‌رێم كشایه‌وه‌.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure