خاوه‌نى بیرۆكه‌ی پڕۆژه‌ى "ماڵى مام" هه‌موو شتێك له‌باره‌ى پڕۆژه‌كه‌وه‌ روونده‌كاته‌وه‌

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 25/02/2019‌ :: 5055‌ جار بینراوە
ئاكۆ غه‌ریب

دواڕۆژ، سامان قوبادى

ئاكۆ غه‌ریب خاوه‌نى بیرۆكه‌ى پڕۆژه‌ى "ماڵى مام" له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژ، باس له‌ ورده‌كار و سه‌رجه‌م ئه‌و به‌شانه‌ ده‌كات كه‌ له‌ پرۆژه‌كه‌دا دروست ده‌كرێن، ده‌ڵێت: "ماوه‌ی سێ ساڵ ته‌واو ده‌بێت و هه‌زاران هه‌لى كار ده‌ره‌خسێنێت و ده‌بێته‌ شوێنێكى گه‌شتیاریى".


دواڕۆژ: پڕۆژه‌ى ماڵى مام بۆچى و كێ خاوه‌نى بیرۆكه‌كه‌یه‌تى؟
ئاكۆ غه‌ریب:
له‌ هه‌فته‌ى یه‌كه‌مى وه‌فاتى مام جه‌لال بیرم له‌وه‌كرده‌وه‌ دیزاینێك ئاماده‌ بكه‌ین و پێشكه‌ش بكرێت، ئه‌و جێگایه‌ ببێته‌ شوێنێك به‌رده‌وام خه‌ڵك هاتوچۆى ده‌كات، كارێكى شایسته‌ بێت، بۆیه‌ پرۆژه‌كه‌م ناونا "ماڵى مام"، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌سێى خوێنه‌وار و ئه‌هلى كتێب بوو، ئه‌مه‌كدار بوو بۆ هاوڕێ و خه‌ڵكى وڵاته‌كه‌ى، رق و كینه‌ له‌ دڵى ئه‌ودا نه‌بووه‌، هه‌میشه‌ له‌دیدى خۆى و حیزبه‌كه‌یه‌وه‌ هه‌وڵی داوه‌ مینبه‌رێكى نه‌ته‌وه‌یى دروست بكات، له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك خه‌سڵه‌تى تر كه‌ واى كرد پرۆژه‌كه‌ ده‌ستپێبكه‌ین، له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا به‌شێكیمان دیزاین كردبوو، كاتێك نیشانى هێرۆخان و شانازخان درا به‌ دڵیان بوو، به‌رده‌وام گۆڕانكاریمان له‌ دیزاینه‌كه‌یدا كردووه‌، تا له‌ 22ى شوبات پرۆژه‌كه‌ راگه‌یه‌نرا.

دواڕۆژ: به‌چه‌ند قۆناغ جێبه‌جێ ده‌كرێت و له‌ چه‌ند به‌ش پێكدێت؟
ئاكۆ غه‌ریب:
به‌شى سه‌ره‌كى ده‌بێته‌ پاركێكى گه‌وره‌ى سه‌وزایى، به‌شێوه‌یه‌ك سه‌وز ده‌كرێت كه‌ خه‌ڵك بتوانێت له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ى تێیدا پشوو بدات، ده‌رگاكه‌شى داناخرێت و سیاج ناكرێت، واى لێناكرێت قۆرخ بكرێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێت به‌ شوێنێك به‌رده‌وام به‌رووى هه‌موواندا كراوه‌ ده‌بێت، ئه‌م پاركه‌ كراوه‌ به‌ دوو به‌شه‌وه‌، یه‌كه‌میان تایبه‌ته‌ به‌ منداڵان، ئه‌وه‌ى تر ته‌نیا دارى به‌ردار و میوه‌ى تێدا ده‌چێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك له‌ به‌رهه‌مه‌كه‌ى بخوات، هه‌روه‌ها سه‌كۆى ئازاد دروست ده‌كرێته‌وه‌، بۆ خستنه‌ڕووى بیروڕاى جیاواز، جگه‌ له‌وه‌ له‌ مه‌زاره‌كه‌ى مام جه‌لال مۆنۆمێنتێك له‌سه‌ر رووبه‌رى 1000م ده‌كرێت، پێكدێت له‌ دوو ده‌ست له‌ناو یه‌كدا كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ سیمبووله‌كانى مام جه‌لال، ئه‌و ده‌سته‌ى پێمان ده‌ڵێت، هه‌موومان به‌ بیروراى جیاوازه‌وه‌ ده‌توانین ده‌ستمان له‌ناو ده‌ستى یه‌كدا بێت، چه‌ترێك بۆ ئه‌م وڵاته‌ دروست بكه‌ین، به‌رزى مۆنۆمێنته‌كه‌ 32 مه‌تره‌، له‌ هه‌موو شوێنێكى شارى سلێمانی-یه‌وه‌ ده‌بینرێت، جگه‌ له‌وه‌ بینایه‌كى شه‌ش نهۆمى له‌سه‌ر رووبه‌رى 30 هه‌زار مه‌تر چوارگۆشه‌ جێبه‌جێده‌كرێت، كتێبخانه‌یه‌كى گه‌وره‌ى تێدایه‌ ئه‌ویش دوو به‌شه‌، یه‌كه‌م، هه‌موو كتێبه‌كانى مام له‌وێدا كۆده‌كرێنه‌وه‌، دووه‌م، ده‌كرێته‌ كتێبخانه‌ى نیشتمانى هه‌موو نوسین و كتێبێك به‌ هه‌ر زمانێك له‌ هه‌ربوارێكدا له‌سه‌ر كورد نوسرابێت له‌وێ داده‌نرێت، بۆ ئه‌وه‌ى ببێت به‌ ناوه‌ندێكى لێكۆڵینه‌وه‌، تا هه‌موو كه‌سێك لێى سوودمه‌ند بێت.

دواڕۆژ:  ئه‌و مۆزه‌خانه‌یه‌ى دروست ده‌كرێت تایبه‌ته‌ به‌ كه‌لوپه‌ل و وێنه‌كانى مام جه‌لال؟
ئاكۆ غه‌ریب:
مۆزه‌خانه‌یه‌ك دروست ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش دوو به‌شه‌، یه‌كه‌م سه‌رجه‌م وێنه‌ و دیكۆمێنته‌كان به‌ درێژاى ته‌مه‌نى مام كه‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو كه‌سایه‌تیه‌كان هه‌یبوو نمایش ده‌كرێت، هه‌روه‌ها  ئه‌و نوسین و دیكۆمێنتانه‌ى له‌دواى خۆى به‌جێماون، به‌شێكى ترى تایبه‌ته‌ به‌ وێنه‌ى شه‌هیده‌كان، ته‌نانه‌ت شه‌هیدانى لایه‌نه‌كانى تریش، بێجكه‌ له‌وه‌ دوو هۆڵى كۆبوونه‌وه‌ دروست ده‌كرێت، یه‌كێكیان دوو هه‌زار كه‌س و ئه‌وه‌ى تریش 400 كه‌س له‌خۆده‌گرێت، وه‌كو هۆڵى بۆنه‌ به‌كارده‌هێنرێت بۆ پرۆژه‌ى هونه‌رى و كۆڕ و كۆبونه‌وه‌، تا بتوانین هه‌موومان به‌یه‌ك بگه‌ین و كێشه‌كانمان له‌وێ چاره‌سه‌ر بكه‌ین، هاوكات به‌شى vip تێدایه‌ بۆ حه‌وانه‌وه‌ى میوانه‌كان.

دواڕۆژ: ئایا ئوتێل و ریستۆرانتى تێدایه‌؟
ئاكۆ غه‌ریب:
ئوتێلى تێدا نییه‌، به‌ڵام كافتریا و ریستۆرانتێكى سوننه‌تى تێدایه‌، سه‌رجه‌م خواردنه‌ كورده‌وارییه‌كانى ئاماده‌ ده‌كرێن.

دواڕۆژ: رووبه‌ڕى پڕۆژه‌كه‌ چه‌نده‌؟  له‌سه‌دا چه‌ندى سه‌وزارییه‌؟
ئاكۆ غه‌ریب:
نزیكه‌ى 80 دۆنم زه‌وییه‌، 90%ى ده‌كرێت به‌ پارك و سه‌وزایى بۆ حه‌وانه‌وه‌ى هاووڵاتییان، ته‌نانه‌ت گه‌له‌رییه‌كى تێدایه‌ تایبه‌ته‌ به‌و تابلۆ هونه‌رییانه‌ى مام جه‌لال له‌ هونه‌رمه‌ندانى كڕیوه‌، له‌وێ نمایش ده‌كرێن، هاوكات پڕۆژه‌كه‌ ته‌نیا یه‌ك ده‌رگاى سه‌ره‌كى بۆ دروست ده‌كرێت.

دواڕۆژ: باس له‌وه‌ ده‌كرێت بڕى 70 ملیۆن دۆلار بۆ جێبه‌جێكردنى ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ته‌رخانكراوه‌، راسته‌؟ كه‌ى ده‌ست پێ ده‌كرێت و چه‌ند ساڵى پێویسته‌ بۆ ته‌واوكردنى؟
ئاكۆ غه‌ریب:
تائێستا كاتێك بۆ ده‌ستپێكردن و بوودجه‌كه‌ى دیارى نه‌كراوه‌، هه‌ندێك ده‌ڵێن، حكومه‌ت یان ئیداره‌ى گشتى یه‌كێتى پاره‌كه‌ دابین ده‌كات، جارێ باسى ئه‌مه‌ نه‌كراوه‌ و راست نییه‌، پڕۆژه‌كه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ى ته‌خمینى بۆ بكه‌ین چه‌ندى تێده‌چێت، چونكه‌ پێویستى به‌ سێتى نه‌خشه‌سازى راكێشانى ئاو و كاره‌با و ئاوه‌ڕۆیه‌، تا ئه‌مانه‌ نه‌كرێت ناتوانین دیارى بكه‌ین تێچووه‌كه‌ى چه‌نده‌، هاوكات پێویستى به‌ ستاف و خه‌ڵكى پسپۆڕه‌، پڕۆژه‌كه‌ ماوه‌ى نزیكه‌ى سێ ساڵى پێویسته‌ بۆ ته‌واوكردنى، هیوادارین له‌م ساڵدا ده‌ست به‌ كاركردن بكرێت، له‌ قۆناغى یه‌كه‌مدا پاره‌كه‌كه‌ جێبه‌جێ ده‌كه‌ین، دواتر مۆنۆمێنته‌كه‌ و به‌شه‌كانى تر.

دواڕۆژ: باس له‌وه‌ده‌كرێت به‌رامبه‌ر به‌ بیرۆكه‌ و دیزانى ئه‌م پرۆژه‌یه‌ پاره‌ت وه‌رگرتووه‌، راسته‌؟
ئاكۆ غه‌ریب:
تائێستا پاره‌ى نان و كه‌بابێكیشم وه‌رنه‌گرتووه‌، نه‌ داواى پاره‌م كردووه‌ و نه‌ دینارێكم وه‌رگرتووه‌ و داواشى ناكه‌م، به‌ڵكو خۆبه‌شخانه‌ وه‌كو وه‌فا بۆ مام ئه‌م پرۆژه‌یه‌مان كردووه‌ كه‌ خرایه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌، پێویسته‌ بزانین به‌ چ مه‌تریاڵێك ده‌یكه‌ین، ئه‌وكاته‌ ده‌رده‌كه‌وێت چه‌ندى پاره‌ تێده‌چێت، دواتر ده‌رده‌كه‌وێت چۆن پاره‌كه‌ى دابین ده‌كرێت، به‌ڵام تائێستا باس له‌وه‌ نه‌كراوه‌ كێ دابینى بكات.

دواڕۆژ: پرۆژه‌كه‌ چه‌ند هه‌زار هه‌لى كار دابین ده‌كات؟
ئاكۆ غه‌ریب:
له‌ كۆتاییدا ده‌بێته‌ پڕۆژه‌یه‌كى گه‌شتیاریى و خه‌ڵكى سلێمانى لێی سودمه‌ند ده‌بن، هه‌ر له‌ ده‌ستپێكی دروستكردنییه‌وه‌ به‌ هه‌زاران هه‌لى كار ده‌ره‌خسێنێت.

دواڕۆژ: به‌ته‌واوبوونى پرۆژه‌ى "ماڵى مام" چ گۆڕانكارییه‌ك له‌و ناوچه‌یه‌ و شارى سلێمانیدا دروست ده‌كات؟
ئاكۆ غه‌ریب:
جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌و ناوچه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بوژێته‌وه‌، دواى ته‌واوبوونى به‌ ده‌یان دووكان و بازاڕ و كافتریاى تێدا دروست ده‌كرێت، ژینگه‌ى سلێمانى ده‌گۆڕێت، دواى ته‌واوبوونی هه‌زاران هه‌لى كار به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ ده‌سته‌به‌رده‌كات، هه‌روه‌ها راكێشانى گه‌شتیاران بۆ شارى سلێمانى، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت هه‌موو خه‌ڵكى كوردستان لێى سودمه‌ندبن.

دواڕۆژ: ماڵى مام له‌لایه‌ن كۆمپانیاى بیانى جێبه‌جێ ده‌كرێت یان ناوخۆیى؟
ئاكۆ غه‌ریب:
بۆ راوێژكردن پێویستمان به‌ كۆمپانیاى بیانى ده‌بێت، به‌ڵام  دڵنیایى ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین زۆربه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كارى تێدا ده‌كه‌ن خه‌ڵكى ئه‌م وڵاته‌ى خۆمان ده‌بن.

دواڕۆژ: به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌و جێگه‌یه‌ ده‌بێته‌ شوێنێكى گه‌شتیاریى، باس له‌وه‌ده‌كرێت نرخى زه‌وى له‌و ناوچه‌یه‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌، له‌مباره‌یه‌وه‌ چى ده‌ڵێیت؟
ئاكۆ غه‌ریب:
رۆژێك كه‌ هه‌وارى شار دروستكرا، خه‌ڵك له‌وێ خانووى دروست نه‌ده‌كرد، دواى ته‌واوبوونى نرخى زه‌وى و خانوو به‌رزبووه‌وه‌، كه‌ پاركى ئازادى دروستكرا، چه‌ند قات نرخى زه‌وى و خانوو گران بوو، ماڵى مام-یش ده‌بێته‌ شوێنێكى گه‌شتیاریى و ئه‌و ناوچه‌یه‌ ده‌بوژێنێته‌وه‌، بێگومان نرخى زه‌وى له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌گۆڕێت و وه‌كو ئێستا نامێنێته‌وه‌.

دواڕۆژ: ئایا جل و به‌رگ و كه‌ره‌سته‌ تایبه‌ته‌كانى مام جه‌لال له‌ مۆزه‌خانه‌كه‌ داده‌نرێت؟
ئاكۆ غه‌ریب:
ده‌بێته‌ مۆزه‌خانه‌ى مام، ئه‌وكات له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌ى مام جه‌لال قسه‌ده‌كه‌ین تا بزانین ئه‌و شتانه‌ چین كه‌ پێویسته‌ له‌وێ دایبنێین؟

دواڕۆژ: ئایا له‌داهاتوودا سه‌ردانیكردنى هاووڵاتییان ده‌كرێت به‌ پاره‌ یان بێبه‌رامبه‌ر؟
ئاكۆ غه‌ریب:
نه‌خێر ناكرێت به‌ بلیت و پاره‌، ده‌رگاكه‌ى به‌رده‌وام كراوه‌یه‌ و به‌بێ به‌رامبه‌ر خه‌ڵك ده‌توانێت سه‌ردانى بكات، ده‌مانه‌وێت ببێت به‌ پڕۆژه‌ى خه‌ڵك، به‌ڵام نازانین بۆ 30 ساڵى تر كه‌ پڕۆژه‌كه‌ گه‌وره‌ ده‌بێت ده‌كرێت به‌ بلیت یان نا.

دواڕۆژ: كێ سه‌رپه‌رشتى پڕۆژه‌كه‌ ده‌كات؟
ئاكۆ غه‌ریب:
پێم خۆشه‌ ماڵى مام جه‌لال هه‌موویان سه‌رپه‌رشتى پرۆژه‌كه‌ بكه‌ن، به‌ڵام شانازخان كه‌ به‌رده‌وام پێشنیارى هه‌بووه‌ بۆ پرۆژه‌كه‌، ئه‌و سه‌رپه‌رشتى ده‌كات. 

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure