رۆمانێکی تری سەلمان روشدی ده‌كرێت بە کوردی

هەواڵ / که‌لتور :: 25/02/2019‌ :: 173‌ جار بینراوە
رۆمانى (ئایه‌ته‌ شه‌یتانییه‌كان) له‌ ئاستى جیهاندا ناوبانگى بۆ ئه‌م نووسه‌ره‌ په‌یداكرد

دواڕۆژ

رۆمانى (شه‌رم) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ به‌رهه‌مه‌كانى نووسه‌رى ناودارى هندى-بریتانى سه‌لمان روشدى، له‌لایه‌ن نووسه‌ر و وه‌رگێڕ محه‌مه‌د كه‌ریم-ه‌وه‌ كراوه‌ به‌كوردى و له‌م رۆژانه‌دا ده‌گاته‌ كتێبخانه‌كان.


ده‌رباره‌ى ئه‌م به‌رهه‌مه‌ تازه‌یه‌ى كه‌ 22ه‌مین به‌رهه‌میه‌تى، محه‌مه‌د كه‌ریم به‌ دوالاپه‌ڕه‌ى كوردستانى نوێ-ى وتووه‌:"رۆمانی شەرم سێیەم رۆمانی سەلمان روشدى-یە ساڵی 1983بڵاویكردۆتەوە. ئەم رۆمانە باسی هەلومەرجی سیاسیی پاكستان دەكات لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا. حیكایەتی ئەو كوشتار و لە سێدارەدانانە دەگێڕێتەوە كە لەو سەروەختەدا لەو وڵاتە لەسەر دەسەڵات روویانداوە و ئەو وڵاتەیان كاول كردووە. سەلمان روشدی بە شێوەیەكی سەرنجڕاكێش و جوان باسی ئەو ململانێ و گۆڵمەزانە دەكات لەسەر كورسی دەسەڵات كە هەر نابڕێنەوە. راستە سەلمان روشدی لەم رۆمانەشدا هەر وەكو رۆمانی (مناڵانی نیوەشەو) باسی سیاسەت دەكات، بەڵام شێوازی گێڕانەوە و حیكایەتخوانیی ئەوەندە جوان و سەرنجڕاكێشە و وەها خوێنەر تەشویق دەكات بە دەقەكەوە پەیوەست بێت كە خوێنەر حەزناكات لە كتێبەكە دووربكەوێتەوە، لە كاتێكدا دەستی لەسەر دڵێتی دوای ئەنجامی رووداوەكانی ناو رۆمانەكە دەكەوێت".

سه‌لمان ئه‌حمه‌د روشدى، 19ى حوزه‌یرانى ساڵى 1948 له‌ شارى مۆمباى هندستان له‌دایكبووه‌ و ده‌رچووى به‌شى مێژووى زانكۆى كینگ لۆنگ-ى شارى كامبریدجى بریتانیایه‌ و یه‌كێكه‌ له‌ رۆماننووسه‌ ناوداره‌كانى جیهان.

سه‌لمان روشدى خاوه‌نى چه‌ندین رۆمانه‌ له‌وانه‌، (گریمۆس) ساڵى 1975 و (منداڵانى نیوه‌شه‌و) ساڵى 1981 كه‌ خه‌ڵاتى پۆكه‌ر-ى له‌سه‌ر وه‌رگرتووه‌ و (له‌كه‌) یان (شه‌رم) ساڵى 1983 و  (بزه‌ى جاكورا) ساڵى 1987.

به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى به‌رچاو و له‌ ئاستى جیهاندا ناوبانگى بۆ ئه‌م نووسه‌ره‌ په‌یداكرد، رۆمانى (ئایه‌ته‌ شه‌یتانییه‌كان) بوو كه‌ له‌ 26ى ئه‌یلولى ساڵى 1988 له‌ شارى له‌نده‌ن-ى پایته‌ختى بریتانیا بڵاوكرایه‌وه‌. دواى ئه‌ویش زیاتر له‌ 10 كتێبى ترى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌.



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure