بانكى ناوه‌ندى هۆشدارى ده‌داته‌ بانكه‌كان ده‌رباره‌ى كڕین و فرۆشتنى دۆلار

هەواڵ / ئابوری :: 25/02/2019‌ :: 487‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

بانكى ناوه‌ندى عێراق هۆشدارى ده‌داته‌ گشت بانكه‌كان ده‌رباره‌ى كڕینى دراوى بیانى كه‌ له‌ رێگه‌ى مه‌زادى رۆژانه‌ كڕیویانه‌ و تا ئێستا نه‌فرۆشراوه‌ته‌وه‌.


بانكى ناوه‌ندى له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ى شوباتى 2019) بڵاوكراوته‌وه‌  تیایدا هاتووه‌: پێویسته‌ له‌سه‌ر گشت بانكه‌كان كه‌ ئاگادارمان بكه‌نه‌وه‌ له‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ى دراوى بیانى كه‌ رۆژانه‌ له‌ مه‌زاددا ده‌یكڕن و تائێستا نه‌فرۆشراوه‌ته‌وه‌ و لایان ماوه‌ته‌وه‌.

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌: ئامانج له‌و بڕیاره‌ په‌یره‌وكردنى شه‌فافیه‌ت و ملكه‌چبوونه‌ بۆ رێنماییه‌كانى بانكى ناوه‌ندى، كه‌ ئیداره‌ى بانكه‌كان به‌ڵێنى جێبه‌جێكردنیان داوه‌ و هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ى پێچه‌وانه‌ى رێنماییه‌كانى فرۆشتنى پاره‌ى كاش كارنه‌كه‌ن.

بانكى ناوه‌ندى عێراق به‌پێى یاسایه‌كى تایبه‌ت له‌ ئازارى 2004 وه‌ك ده‌سته‌یه‌كى سه‌ربه‌خۆ دامه‌زراوه‌ و به‌رپرسه‌ر له‌ داڕشتنى سیاسه‌تى نه‌ختینه‌ و دارایی و سه‌رپه‌رشتى 10 بانكى بازرگانى و 26 بانكى ئه‌هلى و 16 بانكى ئیسلامى و 19 بانكى بیانى و 6 دامه‌زراوه‌ى دارایی و 31 كۆمپانیاى حه‌واڵه‌ى پاره‌ ده‌كات.

ئا: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure