له‌باره‌ى گه‌ڕاندنه‌وه‌ى چه‌كدارانى داعش بۆ عێراق هۆشدارى ده‌درێت

هەواڵ / عێراق :: 25/02/2019‌ :: 398‌ جار بینراوە
تائێستا 280 چه‌كدارى داعش راده‌ستى عێراق كراونه‌ته‌وه‌

تاگ :: عێراق داعش

دواڕۆژ، به‌غدا

جێگرى پێشووی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: هه‌نارده‌كردنى ئه‌ندامانى رێكخراوى داعش بۆ عێراق، سه‌ره‌تاى سیناریۆیه‌كى نوێى ئه‌مریكایه‌.


به‌ها ئه‌عره‌جى، جێگرى پێشووی سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 25ی شوباتی 2019) له‌به‌یاننامه‌یه‌دا رایگه‌یاند: "هه‌نارده‌كردنى چه‌كدارانی داعش له‌ سوریاوه‌ بۆ عێراق، سه‌ره‌تاى سیناریۆیه‌كى نوێى ئه‌مریكایه‌ بۆ عێراق، پێویسته‌ سه‌ركرده‌كانى عێراق وریاى ئه‌وه‌ بن، هه‌نگاوى پێویست بگرنه‌به‌ر بۆ رێگریكردن له‌ جێبه‌جێكردنى ئه‌و سیناریۆیه‌".

وتيشى: "مه‌به‌ست له‌وه‌ دروستكردن و هێنانه‌ئاراى جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كى نوێیه‌ بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، بۆ ئه‌وه‌ى بیانووى مانه‌وه‌ى هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان هه‌بێت له‌ عێراقدا، به‌ڵكو ژماره‌شیان زیادبكرێت، له‌ دواى كشانه‌وه‌ى هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان له‌ سوریا، ئه‌وه‌ش به‌روونى له‌ لێدوانه‌ نابه‌رپرسیارییه‌كانى ترامپدا دیاره‌".

ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات ده‌ستیان كردووه‌ به‌ راده‌ستكردنى ئه‌و چه‌كداره‌ داعشانه‌ى به‌ عێراق كه له‌ شه‌ڕدا ده‌ستگیریكردون.

پێشتر شانه‌ى راگه‌یاندنى ئه‌منى عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "له‌ شه‌ڕه‌كانى نێوان هێزه‌كانى سوریاى دیموكرات و داعشدا، هێزه‌كانى (هه‌سه‌ده‌) ژماره‌یه‌كى زۆرى چه‌كدارانى داعشیان ده‌ستگیركرد، له‌ هه‌موو ره‌گه‌زنامه‌كان كه‌ ژماره‌یه‌كیان عێراقین و زیاتر له‌ 500 كه‌س ده‌بن".

ده‌ڵێت: "تائێستا 280 چه‌كدارى داعش له‌لایه‌ن هێزه‌كانى سوریاى دیموكراته‌وه‌ راده‌ستى وه‌زاره‌تى ناوخۆ كراونه‌ته‌وه‌".

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure