کۆمپانیا وه‌همییه‌كان كێشه‌یان بۆ جوڵه‌ی كه‌رتی گەشتیاری دروستكردووه

هەواڵ / ئابوری :: 26/02/2019‌ :: 209‌ جار بینراوە
وێنە: یەکێک لە سەیرانگاکانی هەرێم

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: كۆمپانیا وه‌همییه‌كان و ئه‌و كۆمپانیایانه‌شی كه‌ له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق گه‌شتیار بۆ هه‌رێم دێنن، كێشه‌یان بۆ جوڵه‌ی كه‌رتی گه‌شتیاری دروستكردووه‌.

ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم له‌ راگه‌یەنراوێكدا ئاگاداری سه‌رجه‌م كۆمپانیاكانی ناوه‌وه ‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم كردۆتەوە كه‌ مۆڵه‌تی فه‌رمی ده‌ربێنن بۆئه‌وه‌ی تووشی كێشه‌ی یاسایی نه‌بنه‌وه‌.

له‌ راگه‌یەنراوه‌كه‌، ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌: بەمەبەستی رێکخستنی گەشتەکانی داهاتوو بۆ ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌ی هەرێم، ده‌بێت سەرجەم کۆمپانیاکان کە گەشتەکان رێکدەخەن مۆڵەتی فەرمییان هەبێت، هەر کۆمپانیایەک مۆڵەتی فەرمی نەبێت و تەنیا ناوێکی وەهمی بێت زۆر بە توندی بەپێی یاسا سزا دەدرێت، ئەوەی شوێنی لە هەرێمە دوای ئاگادارکردنەوە دادەخرێ، هه‌روه‌ها ئەوەی گەشتیار به‌بێ مۆڵەت دەهێنێت سزا دەدرێت،  چونکە کۆمپانیا وەهمییەکان کێشەی زۆریان بۆ جوڵەی گەشتیاری دروستکردوە.

له‌باره‌ی كۆمپانیا وه‌همییه‌كان، نادر رۆستی وته‌بێژی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم به‌ دواڕۆژی رایگه‌یاند: ئه‌و هاوڵاتییانه‌ ئاگادارده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ نه‌كه‌ن كه‌ مۆڵه‌تیان نییه‌ یاخود وه‌همین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هاوڵاتیان تووشی كێشه‌ بن ناتوانین هیچ كارێكی یاساییان بۆ بكه‌ین، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌ كۆمپانیاكان ته‌نیا ناویان هه‌یه‌ و له‌ بنه‌ڕه‌تدا وه‌همین.

وتیشی: "ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه‌ گه‌شتیار له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراقەوە دێنن، كێشه‌یان دروستكردووه، چونكه‌ ئه‌وانه‌ باج و رسومات ناده‌نه‌ حكومه‌ت به‌مه‌ش شوێنی مانه‌وه ‌و كرێی هاتوچۆیان هه‌رزان كردووه‌، كە وایكردووه‌ نرخه‌كان هه‌رزان بێت و هوتێڵ و موتێله‌كان دابخرێن".

له‌باره‌ی رێككاره‌ یاسایییه‌كان بۆ ده‌رهێنانی مۆڵه‌ت و كۆمپانیا وه‌همییه‌كان، نادر رۆستی وتی: "رێككاری یاسایی زۆر توندمان به‌رامبه‌ر ئه‌و كۆمپانیایانه‌ داناوە‌ كه‌ مۆڵه‌تیان نییه ‌و به‌شێكیان داخراون، هه‌روه‌ها به‌شێك له‌ كۆمپانیا وه‌همییه‌كان داخراون به‌شێكی دیكه‌شیان ناچار كراون به‌ره‌سمی مۆڵه‌ت ده‌ربێنن".

له‌هه‌رێمی كوردستان 400 كۆمپانیا و نوسینگه‌ی گه‌شتیاری له‌هه‌رێمه‌وه‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ ده‌به‌ن، هه‌روه‌ها 80 تا‌ 100 كۆمپانیای دیكه‌شیان له‌ ناوه‌ڕاست و خوارووی عێراق گه‌شتیار بۆ هه‌رێم دێنن.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە