لێكۆڵه‌رێكى نێوده‌وڵه‌تى هۆشدارى له‌باره‌ى چاره‌نوسى منداڵانى پاشماوه‌ى داعش ده‌دات

هەواڵ / جیهان :: 25/02/2019‌ :: 228‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان داعش

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د


مایكڵ رۆبن، لێكۆڵه‌رى نێوده‌وڵه‌تى نوێترین لێكۆڵینه‌وه‌ى خۆى تایبه‌ت كردووه‌ به‌و منداڵانه‌ى دایك و باوكیان چه‌كدارى داعش-بوون، له‌ ئێستا به‌هه‌ر هۆكارێك له‌ هۆكاره‌كان بێ دایك و باوك كه‌وتوون.


له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كه‌یدا كه‌ له‌ سایتى (واشنتۆن ئیگزامینه‌ر) بڵاویكردووه‌ته‌وه‌ مایكڵ رۆبن ئه‌وه‌ى خستووه‌ته‌ڕوو: "ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ له‌ داعش جێماون نابێت ببنه‌ قوربانی تاوانه‌كانی باوك و دایك-یان".

ئه‌و لێكۆڵه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ جه‌ختى له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌: "ئه‌گه‌ربێتو ئه‌و منداڵانه‌ی له‌ گروپی داعش جێماون له‌ عێراق و سوریا بمێننه‌وه‌ ژیانێكی ناخۆش و تاڵیان رووبه‌ڕوو ده‌بێته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ نابێت ببنه‌ قوربانی تاوانه‌كانی دایك و باوكیان، ده‌بێت به‌ گوێره‌ی ره‌گه‌زی دایك و باوكیان له‌ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و وڵاته‌كانیان بژین".

مایكڵ رۆبن ئه‌وه‌شى رونكردووه‌ته‌وه‌: "داعش سه‌دان منداڵی بیانی بۆ جه‌نگ هێناوه‌ته‌ دنیاوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ چاره‌نوسیان دیاریبكرێت".
 
به‌ وته‌ى ئه‌و لێكۆڵه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌، حكومه‌تى عێراق رایگه‌یاندووه‌: ئه‌و منداڵانه‌ عێراق-ی نین و ده‌بێت بچنه‌وه‌ وڵاته‌كانی خۆیان، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ چه‌ندین وڵاتی ئه‌وروپی وه‌ك ئه‌ڵمانیا و فه‌ڕه‌نسا رێگه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌و منداڵانه‌ بۆ وڵاته‌كانى دایك و باوكیان ناده‌ن.

پێداچونه‌وه‌: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure