یەكێتی دەربارەی بەشداریکردن لەدانیشتنەكەی سبەی پەرلەمان بڕیاریدا

هەواڵ / کوردستان :: 25/02/2019‌ :: 5997‌ جار بینراوە

تاگ :: پارتی

دواڕۆژ، هۆگر كەمال


لەگەڵ ئەوەی بڕیارە (سبەی 26ی شوباتی 2019) دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەشداری ناكات تا رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ پارتی واژۆ نەكات.

دوێنێ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، بانگهێشتی گشت ئەندامانی پەرلەمانی كرد بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنی ژمارە (1)ی نائاسایی ساڵی یەكەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمان، لە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی (رۆژی سێشەممە 26ی شوبات).

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان تایبەت بەدواڕۆژی وت: "بەدڵنیاییەوە سبەی فراكسیۆنی یەكێتیی بەشداری دانیشنەكەی سبەی پەرلەمانی كوردستان ناكات".

وتیشی: "تا رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ پارتی واژۆ نەكەین، ناچینە ئەو پڕۆسەیەوە".

لەبانگهێشتەكەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا ئاماژە بەوەكراوە: كە پشتبەستن بە حوكمی بڕگەی یەكەم لە مادەی 8ی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان-عێراق، بڕیارماندا بانگهێشتی گشت ئەندامانی پەرلەمان بكەین بۆ دانیشتنی ژمارە (1)ی نائاسایی ساڵی یەكەم لە خولی هەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان-عێراق، لە كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی سێشەممە 26ی شوبات.

باس لەوەشكراوە: كە كۆبوونەوەكە تایبەتە بە پێكهێنانی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان.

بەهۆی نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر چەند پرسێك لەوانە كەركوك و ‌بەغدا، یەكێتی و پارتی لەدوای دانیشتنەكەی رۆژی 18ی ئەم مانگەوە ناكۆكییان هەیە و تائێستا فراكسیۆنی سەوز بەشداری دانیشتنەكانی خولی نوێی پەرلەمانی نەكردوە.

داڕشتنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure