سه‌رۆكه‌ نوێیه‌كه‌ى په‌رله‌مانى توركیا كێیه‌؟

هەواڵ / جیهان :: 25/02/2019‌ :: 160‌ جار بینراوە
موسته‌فا شه‌نتۆپ

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ


مسته‌فا شه‌نتۆپ، كانديدى پارتى داد و گه‌شه‌پێدانى توركیا توانى به‌ به‌ده‌ستهێنانى زۆرینه‌ى ده‌نگه‌كان ببێته‌ سه‌رۆكى په‌رله‌مانى توركیا و جێگه‌ى بینالى یەڵدرم، بگرێته‌وه‌ كه‌ ده‌ستى له‌ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى توركیا كێشایه‌وه‌.


(دوێنێ یەکشه‌ممه‌ 24ى شوبات)، پاش ئه‌وه‌ى به‌شێكى زۆر له‌ پارته‌كانى توركیا كاندیدى خۆیان بۆ سه‌رۆكى په‌رله‌مانى ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستنیشانكرد، مسته‌فا شه‌نتۆپ، كاندیدى پارتى داد و گه‌شه‌پێدان (ئاكه‌په‌) كه‌ پارتى ده‌سه‌ڵاتدارى ئه‌و وڵاته‌یه‌ توانى به‌ به‌ده‌ستهێنانى 336 ده‌نگ له‌كۆى 600 ده‌نگ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى توركیا به‌ده‌ستبهێنێت. هاوكات گه‌وره‌ترین ركابه‌رى ئینگین ئاڵتاى كه‌ كاندیدى (جه‌هه‌په‌) بوو بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى توركیا توانى 124 ده‌نگ به‌ده‌ستبهێنێت. 

به‌پێى ده‌ستورى وڵاتى توركیا بۆ ئه‌وه‌ى كه‌سێك ببێته‌ په‌رله‌مانتار له‌ خولى یه‌كه‌م و دووه‌مى ده‌نگداندا پێویستى به‌ به‌ده‌ستهێنانى 401 ده‌نگ-ە له‌كۆى 600 ده‌نگ، به‌ڵام له‌ خولى سێیه‌مدا ئه‌و رێژه‌یه‌ داده‌به‌زێت بۆ 301 ده‌نگ له‌كۆى 600 ده‌نگه‌كه‌، ئه‌مه‌ش ئه‌و رێكاره‌ یاساییه‌یه‌ كه‌ شه‌نتۆپ پێى هه‌ڵبژێردرا.

له‌دواى وه‌رگرتنى پۆسته‌كه‌ شه‌نتۆپ وته‌یه‌كى پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند: "متمانه‌ى گه‌له‌ مه‌زنه‌كه‌مان خۆى له‌و ده‌نگانه‌دا ده‌بینێته‌وە كه‌ په‌رله‌مانتاره‌كان به‌منیاندا، له‌به‌رئه‌وه‌ هاوكاریى و پشتیوانییه‌كانتان یارمه‌تى من ده‌دات له‌ پیاده‌كردنى ئه‌م به‌رپرسیارییه‌تیه‌ مه‌زنه‌دا".

مسته‌فا شه‌نتۆپ ته‌مه‌نى 51 ساڵه‌ و په‌رله‌مانتارى شارى تێكرداغى ئه‌كه‌په‌-یه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى 24ى حوزه‌یرانى 2018 توانى ببێته‌ په‌رله‌مانتار. خاوه‌نى بڕوانامه‌ى به‌كالۆریۆسه‌ له‌ به‌شى یاسا له‌ زانكۆى ئیستانبوڵ، دواتر له‌ زانكۆى مارما له‌ توركیا توانیویه‌تى بڕوانامه‌ى ماسته‌ر و دكتۆرا به‌ده‌ستبهێنێت  له‌ یاسادا.

ئاماده‌كردنى: ئاهه‌نگ حسێن



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure