عێراق دەربارەی وه‌رگرتنه‌وه‌ى چه‌كدارانى داعش هاتەدەنگ

هەواڵ / عێراق :: 24/02/2019‌ :: 289‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

شانه‌ى راگه‌ياندنى ئه‌منى (ئه‌مشه‌و يه‌كشه‌ممه‌ 24ى شوباتی 2019)، هۆكار و ژماره‌ى ئه‌و چه‌كدارانه‌ى داعشى ئاشكراكرد كه‌ تائێستا له‌ هێزه‌كانى سورياى ديموكرات وه‌ريگرتوونه‌تەوە.

به‌پێى به‌ياننامه‌يه‌كى شانه‌ى راگه‌ياندنى ئه‌منى كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ دواڕۆژ هاتووه‌، ده‌ڵێت: "له‌ شه‌ڕه‌كانى نێوان هێزه‌كانى سورياى ديموكرات و داعشدا، هێزه‌كانى (هه‌سه‌ده‌) ژماره‌يه‌كى زۆرى چه‌كدارانى داعشيان ده‌ستگيركرد، له‌ هه‌موو ره‌گه‌زنامه‌كان كه‌ ژماره‌يه‌كيان عێراقين و زياتر له‌ 500 كه‌س ده‌بن".

ده‌شڵێت: "تائێستا 280 چه‌كدارى داعش له‌لايه‌ن هێزه‌كانى سورياى ديموكراته‌وه‌ راده‌ستى وه‌زاره‌تى ناوخۆ كراونه‌ته‌وه‌".

روونيشيده‌كاته‌وه‌: بەمه‌بەستى ئه‌وه‌ى كه‌ له‌لايه‌ن هێزه‌كانى (هه‌سه‌ده‌)ه‌وه‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ى داعش ئازادنه‌كرێن، ئێمە داوامان کردونەتەوە و دواى وه‌رگرتنەوەشيان دراونه‌ته‌ لايه‌نى ئه‌منى عێراقى بۆ‌ گرتنه‌به‌رى رێوشوێنى ياسايى له‌ به‌رامبه‌ريان.

ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌شده‌كات: كه‌ تائێستا دوو وه‌جبه‌ له‌و چه‌كدارانه‌ى داعش وه‌رگيراونه‌ته‌وه‌ و پرۆسه‌ى وه‌رگرتنه‌وه‌ش هێشتا به‌رده‌وامه‌ تا ئه‌وکاته‌ى ژماره‌كه‌ ته‌واو ده‌بێت، سه‌ره‌تا پرۆسه‌ى وه‌رگرتنه‌كه‌ به‌ وه‌رگرتنى ناوه‌كانيان ده‌بێت، له‌لايه‌ن هێزه‌ ئه‌منييه‌كانه‌وه‌، دواتر وردبينى ده‌كرێت، به‌پێى ئه‌و داتايانه‌ى كه‌ هه‌يه‌، ئه‌وه‌ش به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ دادگادا كه‌ ياداشتى ده‌ستگيركردنى بۆ ده‌ركردوون، بۆ ئه‌وه‌ی رێوشوێنى ياسايى دروست له‌ به‌رامبه‌ريان بگیرێته‌به‌ر هه‌واڵه‌ى دادگا ده‌كرێن و سزاى دادگه‌رانه‌ى خۆيان وه‌رگرن.

شانه‌ى راگه‌ياندنى ئه‌منى جه‌ختيش ده‌كاته‌وه‌: ئه‌و رێوشوێنه‌ ته‌نها بۆ ئه‌و داعشانه‌يه‌ كه‌ هه‌ڵگرى ره‌گه‌زنامه‌ى عێراقيين.

پ: چ.ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure