نرخی کابینە گەشتیارییەکانی دوکان بۆ نەورۆز سەدان دۆلاری تێپەڕاند

هەواڵ / ئابوری :: 25/02/2019‌ :: 6923‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال


هێشتا جەژنی نەورۆز زیاتر لە سێ هەفتەی ماوە، بەڵام لەئێستاوە بەشێكی زۆری كابینەكانی شارۆچكەی دوكان لەلایەن هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە بەكرێ گیراون و نرخی كابینەكانیش لە 350 دۆلارەوە دەستپێدەكات تا 900 دۆلار.

سیستمی بەكرێدانی كابینەكان بۆ جەژنی نەورۆز بۆ رۆژانی 20 و 21ی ئازاری 2019یە و دەبێت گەشتیار نیوەڕۆی رۆژی 22ی ئازار شوێنەكە چۆڵبكات.

دیاری عەبدوڵا، لەیەكێك لەشارە گەشتیارییەكانی شارۆچكەی دوكان بەدواڕۆژی راگەیاند: نرخی كابینەكان لای ئەوان دوو جۆرن گەورەكان بە 900 دۆلار و بچووك بە 700 دۆلار، لە 14 كابینەش تائێستا پێنج كابینەیان ماون، ماوەی مانگێكیشە خەڵك كە زۆرینەیان كوردن دەستیان بەكرێگرتنی كابینەكان بۆ جەژنی نەورۆز كردوە.

وەك ئەو روونیكردەوە: ئەمساڵ بەكرێگرتنی كابینەكانیش دواكەوتووە، چونكە ساڵانی رابردوو دوو مانگ لەمەوبەر هەمووی بەكرێدەدران، بەڵام تائێستاش قەیرانی دارایی كاریگەری لەسەر خەڵك جێهێشتووە.

سەبارەت بەوەی بۆچی نرخی كابینەكان بۆ جەژنی نەورۆز گرانن، دیاری ئاماژەی بەوەكرد: ئەوان لەوەرزی پایز و زستان كار ناكەن، جگە لەوەش حكومەتی هەرێم كرێی كارەبای زۆر گران كروه‌ بەجۆرێك ساڵی رابردوو 28 ملیۆن دینار كارەبایان بۆ هاتۆتەوە، جگە لە پارەی كارمەندیش.

كاروان ئەحمەد، خاوەنی شارێكی دیكەی گەشتیارییە بۆ دواڕۆژی روونكردەوە لە كۆی 10 كابینە 3 كابینەیان ماوە، شەوی بە 200 دۆلار و 175 دۆلارە، بەڵام بۆ دوو شەوی جەژنی نەورۆز بە 350 دۆلار یان 375 تا 400 دۆلارە.

ناوبراو باسی لەوەشكرد: ساڵانی رابردوو خەڵك لە مانگی كانوونی یەكەمی كۆتایی ساڵەوە كابینەكانیان بەكرێ دەگرت، بەڵام ئەمساڵ خەڵك درەنگتر رۆیشتوون بۆ بەكرێگرتنی كابینە و ئەوانەشی هاتوون كوردن.

كاروان وتی: "بۆ سەری ساڵ یەك كابینەی بەكرێداوە، چونكە هێشتا قەیرانی دارایی  كاریگەری ماوە و ئەم ئیشەشیان تەنیا لەجەژنی نەورۆز هەیە".

لەهەفتەی رابردوودا بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی یەكەمین دیداری نێرگزی لە شاری سلێمانی بەبەشداری زیاتر لە 200 كۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی رێكخست بەمەبەستی راكێشانی گەشتیاری زیاتر بۆ پارێزگای سلێمانی.

ئارام شوانی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: بەپێی سیستمی بازرگانی كە لە عێراقدا هەیە بازاڕ ئازادە، كابینە گەشتیارییەكانیش زیاتر جەژنی نەورۆز خەڵك روویان لێدەكەن، كاتەكانی دیكەی ساڵ بێكار دەبن، بۆیە لەوەرزی بەهار و نەورۆز نرخ گرانتردەكەن.

ناوبراو وتی: "هەرچەندە ئێمە ئەو بەرزبوونەوەی نرخەمان پێباش نییە، بەڵام دوای چەندین كۆبوونەوە لەگەڵیاندا و زانینی گرفتەكانیان، تاڕادەیەك بەلامانەوە ئاساییە كە نرخەكانیان لەو بۆنە و وەرزەدا گرانن، چونكە بەدیلی باشتر نییە و لەڕسوماتی ئاو و كارەبا و باج ئاسانكارییان بۆ نەكراوە تا ئەوانیش بتوانن لە بەرامبەردا داشكانی نرخ بكەن".

شوانی ئاماژەی بەوەشكرد: بەرزبوونەوەی ئەو نرخانە لەشارۆچكەی دوكان تەنیا لەكابینەكان بەو شێوەیەن، ئەگه‌رنا شوێنەكانی دیكەی شارۆچكەكە نرخیان ئاساییە، هەندێجاریش خەڵك لەبەرئەوەی زۆر روو لەو شوێنە دەكەن بۆیە نرخەكانیش بەو شێوەیە گران دەبن.

لە شارۆچكەی دوكان جگە لە كابینەكان، دوو جۆر كەپریش هەیە مۆدێرن و میللی، قادر عەبدولڕەحمان، هەردوو جۆری كەپرەكانیان هەیە بۆ دواڕۆژی روونكردەوە: تائێستا خەڵك بۆ بەكرێگرتنی كەپر سەردانیان نەكردوون و نرخەكانیشیان دیاری نەكردوە، بەڵام رەنگە لە 50 هەزار بەرەو خوارەوە بێت.

عادل ئیبراهیم، كاسبكارێكی تەمەن 35 ساڵە و هەفتەیەك لەمەوبەر لەگەڵ دوو خێزانی دیكەی نزیكیان كابینەیەكیان لەشارۆچكەی دوكان بەكرێ گرتووە و دەیوت: "بە 350 دۆلار بۆ دوو شەو كابینەكانمان گرتووە، ئەو پارەیەشمان لەنێوان خۆماندا بەشكردوە و لەسەر هەر خێزانێكمان نزیكەی 120 دۆلار كەوتووە".

عادل وتی: "راستە نرخەكان گرانن، بەڵام ئەگەر بە چەند خێزانێك كابینەكان بگیرێت رەنگە باشتر بێت، ساڵی رابردووش چووینە ئەو كابینانە و خزمەتگوزارییان باش بوو، بەڕاستیش جەژنی نەورۆز واتە شارۆچكەی دوكان". 

شۆڕش خەسرەو، فەرمانبەرێكی تەمەن 42 ساڵە و بەنیازبوو بۆ جەژنی نەورۆز لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسوكاری نزیكی رووبكەنە ئەو كابینە گەشتیارییانە، بەڵام لە كاتی زانینی نرخی كابینەكان بەلایانەوە زۆر بووە، بۆیە لە بڕیارەكەیان پاشگەز بوونەتەوە.

شۆڕش وتی: "نرخی 350 دۆلار هەر زۆر بوو، راستە جەژنی نەورۆز بۆنەیەكی خۆشە و خەڵك حەز دەكات كاتێكی خۆش بەسەر ببات، بەڵام نرخی كابینەكان گرانن، چونكە گەشتیار جگە لەو پارەیە، دەبێت مەسرەفی دیكەش بكات".

د.نیهاد خالید، پسپۆڕی ئابووری لە لێدوانێكدا بۆ دواڕۆژ رایگەیاند: ئابوری هەموو وڵاتێك لەسەر داواكاری و خواستە، بەو پێیەی ساڵانی رابردوو ئەو كابینانە زوو گیراون، بۆیە خەڵك زووتر دەڕۆن بۆ بەبەكرێگرتنی كابینەكان.

بەوتەی ناوبراو: سەردانكردنی خەڵك بۆ شارۆچكەی دوكان بەتایبەتیش بۆ كابینەكان زیاتر بۆ بەسەربردنی كاتێكی خۆشە، چونكە خەڵكانێك ئەگەر توانای دەرەوەی وڵاتیان نەبێت، دەیانەوێت بڕۆنە شوێنێكی وەكو دوكان.

د.نیهاد روونیكردەوە: بۆ گرانی نرخەكان كەوتۆتە سەر خزمەتگوزاری ئەو شوێنانە، ئەگەر خزمەتگوزارییان باش بێت ئەو نرخە باشە، بەڵام ئەگەر خزمەتگوزارییان باش نەبێت ئەوە شتێكی دیكەیە.

ئەو پسپۆرە ئابورییە بەپێویستی زانی باج لەو كابینە گەشتیارییانە وەربگیرێت، بەڵام لەو كاتەشدا دەبێت حكومەتی هەرێم دوو هەنگاو بنێت كە یەكێكیان مووچەی خەڵك باش بكات واتە ئەو پارەیە بۆ گیرفانی خەڵك بگەڕێتەوە، پاشان خزمەتگوزاری رێگەوبان و شەقام كە پەیوەندی بە حكومەتەوە هەیە دەبێت بۆیان باش بكات.

شارۆچكەی دوكان لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە پارێزگای سلێمانییە و ناوچەیەكی گەشتیارییە، ساڵانە لە وەرزی بەهارەوە گەشتیار رووی تێدەكات تا كۆتایی وەرزی پایز، بەپێی ئامارێك كە دراوەتە دواڕۆژ، لە شارۆچكەی دوكان، 3 هۆتێل، 200 كابینەی گەشتیاری، نزیكەی 250 كەپری مۆدێرن و نزیكەی 600 تا 650 كەپری میللیش هەیە.

 

پ: س.م



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure