ڤه‌نزوێلا: قه‌یرانى ئابورى و سه‌ماى مه‌رگ و برسێتى

هەواڵ / ئابوری :: 24/02/2019‌ :: 279‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


ئه‌گه‌رچى ڤه‌نزوێلا یه‌كێك بوو له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندترین وڵاته‌كانى ئه‌مریكاى باشور، به‌ڵام ئێستا له‌ خراپترین دۆخى ئابوریدایه‌ و له‌ مێژوودا گرانى و قه‌یرانى له‌و شێوه‌یه‌ى به‌خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوه‌ و هه‌ڵاوسانى نرخه‌كان، له‌ جۆرى (هه‌ڵاوسانى یاخى)، دیارترین كێشه‌ ئابوورییه‌كانى كاراكاسه‌.


هه‌ڵاوسانى نرخه‌كان و گرانى
 به‌پێى ئاماره‌كانى بانكى نێوده‌وڵه‌تى: ساڵى 2017 هه‌ڵاوسانى نرخه‌كان به‌رێژه‌ى 1078% بووه‌، ساڵى 2018 هه‌ڵاوسان به‌رێژه‌ى یه‌ك ملیۆن و 370 هه‌زار له‌سه‌د (1.370.000%) به‌رزبوه‌وه‌ته‌وه‌، هه‌فتانه‌ش نرخى كاڵاوشمه‌ك و خۆراك به‌رێژه‌ى 100% زیادده‌كات، ململانێ و كێبڕكێى نێوان خوان گوایدۆ، سه‌رۆكى په‌رله‌مان و نیكۆلاس مادۆرۆ، سه‌رۆكى ڤه‌نزوێلاش، دۆخى ئه‌و وڵاته‌ى ئه‌وه‌نده‌ى دیكه‌ ئاڵۆزكردوه‌.

داڕمانى به‌هاى بۆلیڤار
هاوكات له‌گه‌ڵ به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخه‌كان و هه‌ڵاوساندا، به‌هاى (بۆلیڤار) دراوى رەسمى ڤه‌نزوێلا، رۆژ له‌ دواى رۆژ داده‌به‌زێت و ساڵى رابردوو وه‌ك چاره‌سه‌رێكى ناچارى حكومه‌ت سێ سفرى سه‌ر دراوه‌كه‌ى لابرد و بۆلیڤاریشى به‌ دراوى ئه‌لیكترۆنیه‌وه‌  به‌ناوى (بترۆ) به‌سته‌وه‌ و هه‌موو ئه‌و رێوشوێانه‌ش نه‌یتوانى به‌هاى (پۆلیڤار) له‌ داڕمان ببپارێزێت و له‌ ئێستادا یه‌ك دۆلار 9.987.5 پۆلیڤاره‌. 

له‌ ساڵى 2014 به‌دواوه‌، دواى دابه‌زینى نرخه‌كانى نه‌وت له‌ بازاڕدا، رۆژ به‌ رۆژ ئابوورى ڤه‌نزوێلا روو له‌ پوكانه‌وه‌یه‌ و به‌پێى داتاكانى بانكى نێوده‌وڵه‌تیش، ساڵى 2014 به‌ڕێژه‌ى 3.9% و 2015 به‌ڕێژه‌ى 6.2% و ساڵى 2016 به‌ڕێژه‌ى 16.5% و ساڵى 2017 به‌ڕێژه‌ى 14% و ساڵى 2018 به‌ڕێژه‌ى 18% پاشه‌كشه‌ى كردوه‌.

 له‌عنه‌تى نه‌وت
ئه‌م دۆخه‌ خراپه‌ى ئابوورى ڤه‌نزوێلا له‌كاتێكدایە كه‌ خاوه‌نى 303 ملیار به‌رمیل یه‌ده‌گى نه‌وته‌ كه‌ گه‌وره‌ترین رێژه‌ى یه‌ده‌گى نه‌وته‌ له‌سه‌رتاسه‌رى جیهان، له‌برى ئه‌وه‌ى ببێته‌ سه‌رچاوه‌ى خۆشگوزه‌رانى، بوه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ى ململانێ و كێشه‌ و نه‌هامه‌تى بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ى.

حكومه‌تى ڤه‌نزوێلا به‌ڕێژه‌ى 95% پشت به‌ داهاتى نه‌وت ده‌به‌ستێت، دواى داڕمانى نرخه‌كانى نه‌وتیش له‌ ساڵى 2014 جگه‌ له‌وه‌ى حكومه‌ت نه‌یتوانى پێداویستى و خه‌رجییه‌كان دابینبكات، رێژه‌ى هه‌ڵاوسانیش به‌رزبوه‌وه‌ و برسێتى له‌وڵاتدا زیادیكرد.

كه‌مبوونه‌وه‌ى به‌رهه‌مهێنانى نه‌وت
سه‌ره‌ڕاى دابه‌زینى نرخه‌كانى نه‌وت و كه‌مبوونه‌وه‌ى داهاته‌كه‌ى، حكومه‌تى كاراكاس نه‌یتوانى كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى په‌ره‌پێبدات و به‌رهه‌مێنانى نه‌وت له‌ 2.4 ملیۆن به‌رمیلى له‌ ساڵى 2014 دابه‌زى بۆ 1.2 ملیۆن به‌رمیل له‌ ساڵى 2018دا.

ڤه‌نزوێلا به‌ تونێلێكى تاریكدا تێپه‌ڕده‌بێت و سه‌ره‌ڕاى بڵاوبوونه‌وه‌ى برسێتى و هه‌ژارى، مه‌ترسى هه‌ڵگیرسانى جه‌نگى ناوخۆیی له‌ وڵاته‌دا ئه‌گه‌رێكى كراوه‌یه‌، واشنتن و به‌ره‌ى گوایدۆ سورن له‌سه‌ر گه‌یاندنى كۆمه‌ك و یارمه‌تییه‌كان بۆ ڤه‌نزوێلا و مادۆرۆش كه‌ سوپاى له‌گه‌ڵدایە به‌توندى رێگرى لێده‌كات.

 

ئا: سیروان محه‌مه‌د



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure