به‌هۆى رووخانى بینایه‌ك 14 كه‌س برینداربوون

هەواڵ / کوردستان :: 24/02/2019‌ :: 8374‌ جار بینراوە
دیمه‌نێك له‌ بینا رووخاوه‌كه‌

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌سه‌عید

له‌ ئه‌نجامى داڕوخانى سه‌قفى بیناى فه‌رمانگه‌یه‌كى حكومى له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ 14 كرێكار برینداربوون و به‌رپرسێكى ته‌ندروستیش رایده‌گه‌یه‌نێت: زۆربه‌ى برینه‌كان شكاوییه‌ و مه‌ترسى له‌سه‌ر ژیانیان نییه‌.


رووداوه‌كه‌ پاش نیوه‌ڕۆى (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ى شوباتى 2019) له‌ بیناى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى هه‌ڵه‌بجه‌ كه‌ له‌ دوو نهۆم پێكدێت روویداوه‌.

سنور حامید، جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌هۆى روخانى سه‌قفى بیناكه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ گه‌ڕه‌كى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ 14 كه‌س به‌ بریندارى گه‌یه‌نراونه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌ى فریاكه‌وتنى هه‌ڵه‌بجه‌ و چاره‌سه‌ری پێویستیان بۆ كراوه‌.

وتیشى: "زۆربه‌ی برینه‌كان شكاوی ده‌ست و قاچه‌ و مه‌ترسییه‌كی ئه‌وتۆ له‌سه‌ر ژیانیان نییه‌".  
 
بیناكه‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكه‌ كاركردن تیایدا ده‌ستیپێكردووه‌، رووداوه‌كه‌ش له‌كاتى كاركردنى كرێكاره‌كان و له‌كاتى كۆنكرێت تێكردن و به‌هۆى دروستبوونى فشارێكى زۆر له‌سه‌ر ئه‌سكه‌له‌كان روویداوه‌.

لاى خۆیه‌وه‌ كاوه‌ عه‌لى، جێگرى پارێزگارى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى وت: به‌ مه‌به‌ستى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ هۆكاره‌كانى ئه‌و رووداوه‌ لیژنه‌یه‌كى تایبه‌ت پێكده‌هێنن بۆ دۆزینه‌وه‌ى كه‌موكورتییه‌كان و رێگریكردن له‌ دوباره‌بوونه‌وه‌ى ئه‌و حاڵه‌ته‌.

پێداچوونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure