لەسەر خۆكاندیدكردنی شاڵاو عەلی عەسكەری بۆ پارێزگاری كەركوك روونكردنەوە دەدرێت

هەواڵ / کوردستانی :: 24/02/2019‌ :: 2066‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جه‌باری

شاڵاو عه‌لی عه‌سكه‌ری خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك كاندید ده‌كات، مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكیش بێ ئاگایی خۆی له‌داواكارییه‌كه‌ی ده‌رده‌بڕێت.


به‌پێی نوسراوێك كه‌ له‌تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و واژۆی شاڵاو عه‌لی عه‌سكری له‌سه‌ره‌و ئاڕاستەی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتی کردووەو وێنەشی ناردووە بۆ مه‌كته‌بی سیاسی و جێگرانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كردستان.

ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود جێگری لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 24ی شوبات) به‌دواڕۆژی وت: "زۆر كه‌س خۆیان بۆ ئەو پۆسته‌ كاندیدكردووه‌، به‌ڵام ئێمه‌ هێشتا له‌گه‌ڵ پارتیدا كێشه‌مان له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌یه‌".

وتیشی: "تاوه‌كو ئێستا گفتوگۆ له‌باره‌ی كاندید بۆ ئه‌و پۆسته‌ له‌مه‌ڵبه‌ند نه‌كراوه‌، دواجار مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوكی یه‌كێتیش پێشنیار له‌باره‌ی كاندیده‌كانه‌وه‌ ده‌داته‌ مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌وه‌ی تاوه‌كو ئێستا به‌ره‌سمی هه‌بێت، ته‌نها رزگار عه‌لی-ه‌ كه‌ له‌لایه‌ن مه‌كته‌بی سیاسییه‌وه‌ كاندیدكراوه ‌و له‌دوای ئه‌وه‌شه‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر كه‌سی دیكه‌ نه‌كراوه‌".

ره‌تیشیكردەوه‌ ئاگاداری ئه‌وه‌بێت شاڵاو عه‌لی عه‌سكه‌ری به‌ره‌سمی داواكاری له‌باره‌ی كاندیدكردنی خۆی بۆ پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك راده‌ستی مه‌ڵبه‌ندی كه‌ركوك كردبێت.

له‌دوای روداوه‌كانی ئیكتۆبه‌ری ساڵی 2017 و چوونی نه‌جمه‌دین كه‌رێم پارێزگاری له‌سه‌ركارلابراوی كه‌ركوك بۆ هه‌ولێر، به‌فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران راكان جبوری جێگری پارێزگار راسپێدرا به‌وه‌كاله‌ت پۆسته‌كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێت.

مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانیش بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كە (رزگار عه‌لی) كاندیدكرد، به‌ڵام به‌هۆی نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ كه‌ركوك و ئاماده‌نه‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ئه‌ندامانی لیستی برایه‌تی له‌دانیشتنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، نه‌توانراوه‌ ئه‌و پۆسته‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure