دواڕۆژ شێوازی پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كانی گۆڕان ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 24/02/2019‌ :: 22334‌ جار بینراوە

دواڕۆژ


سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاشكرای كرد: كه‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان چه‌ند میكانیزم و رێگایه‌ك دیاری ده‌كات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان.


سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ناو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ نه‌یویست ناوی ئاشكرا بكرێت بۆ دواڕۆژ وتی: "بۆ دیاریكردنی كه‌سه‌كان له‌و پۆستانه‌ی له‌ حكومه‌تدا بۆی دیاریكراوه‌، جڤاتی نیشتمانی لیژنه‌یه‌كی تایبه‌تمه‌ند دیاریده‌كات بۆ پێداچوونه‌وه‌و پاڵفته‌كردن به‌ پێوه‌ره‌كاندا".

باسی له‌وه‌شكرد: كه‌ چه‌ند مه‌رج و پێوه‌رێك داده‌نرێت بۆ وه‌رگرتنی كه‌سه‌كان، بۆ نموونه‌ ده‌بێت سی ڤی پێشكه‌ش بكات، بڕوانامه‌ و تایبه‌تمه‌ندی هه‌بێت، په‌یوه‌ست بووبێت به‌ گۆڕانه‌وه‌، به‌توانا بێت، له‌گه‌ڵ چه‌ند پێوه‌رێكی تر.

رونیشی كرده‌وه‌: كه‌ له‌ كۆتاییدا بۆ هه‌ر پۆستێك چه‌ند كه‌سێك ده‌مێننه‌وه‌و دواتر سی ڤییه‌كانیان ده‌چێته‌وه‌ جڤاتی نیشتمانیی و له‌وێ بڕیاری له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن له‌ هه‌ر كاتێكدا بێت لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ بكات.

به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و گۆڕان، باس له‌وه‌ده‌كرێت گوایه‌ 14 پۆستی باڵا و 24 راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ده‌درێت به‌ گۆڕان، پۆسته‌كانیش پێكدێن له‌ (جێگری سەرۆكی هەرێم، وەزیری دارایی، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، وەزارەتی بازرگانی‌و پیشەسازی، جێگری وەزیری ناوخۆ، ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری ئەنجومەنی چاكسازی، بریكاری وەزیری پەروەردە، دوو نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات، دەستەی دەستپاكی، دەستەی وەبەرهێنان، بەڕێوەبەری گشتی‌ و بەرپرسی دیوانی هەموو ئەو وزارەت‌ و دەستانەی كە وەریدەگرێت، چه‌ند راوێژكار و به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی.

به‌پێی زیانیارییه‌كانی دواڕۆژ بۆ پۆستی وه‌زاره‌تی دارایی كه‌ ده‌درێت به‌ گۆڕان، تائێستا سێ كه‌س كاندیدن، ئه‌وانیش (ئاواتی شێخ جه‌ناب كه‌ ئێستا به‌رپرسی دارایی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌، هاوار شێخ ره‌وف به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی بانكه‌ بازرگانییه‌كانی هه‌رێم، عه‌دنان عوسمان په‌رله‌مانتاری پێشوو).

بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمیش باس له‌ (مسته‌فای سه‌ید قادر) ده‌كرێت، بۆ پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ كاروباری چاكسازی (جەلال جەوهەر) دیاریكراوه‌، بۆ پۆستی ئەمینداری وەزارەتی پێشمەرگە باس له‌ (جەمال حاجی محەمەد) سكرتێری جڤاتی نیشتمانی و بۆ پۆستی جێگری وەزیری ناوخۆش باس له‌ (دلاوەر حاجی عوسمان) پێشمەرگەی دێرین ده‌كرێت.

تائێستا ئه‌وه‌ی باسكراوه‌ زانیارین و هیچ كه‌سێك بۆ پۆستێك یه‌كلایی نه‌كراوه‌ته‌وه‌، چونكه‌ زیاتر له‌ چوار هه‌زار سی ڤی بۆ ئه‌و پۆستانه‌ی گۆڕان پێشكه‌شكراون.

ئاماده‌كردنی: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure