سلێمانی: رۆژانە 15 تەن ماسی دەخورێت

هەواڵ / ئابوری :: 23/02/2019‌ :: 379‌ جار بینراوە
نرخی کیلۆیەک ماسی لەبازاڕدا 5 هەزار دینارە

دواڕۆژ، راپۆرتی پشتیوان جەمال

لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەماوەی 10 ساڵدا 18 تەن خواردنی ماسی زیادی كردووە و رۆژانەش نزیكەی 15 تەنی لێدەخورێت.

رزگار حەمەخدر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: لەسنووری پارێزگای سلێمانی رۆژانە 15 تەن گۆشتی ماسی دەخورێت، بەڵام هەمانكات ئامارێكی زیاتری ئاشكراكرد كە 10 ساڵ لەمەوبەر رۆژانە خواردنی ماسی نەدەگەیشتە دوو تەن، کەچی ئێستا نزیكەی 15 تا 20 تەن بەكاردێت.

ناوبراو روونیكردەوە: هۆكاری زیادبوونی خواردنی ماسی دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی زانستی، چونكە چەورییەكی سوودمەندی تایبەتی تێدایە بۆ ڤیتامینەكان، پڕۆتینێكی سادەیە، بەڵام تائێستاش بەكارهێنانی وەكو پێویست نییە، چونكە دەبێت هەر تاكێك رۆژ نا ڕۆژێك ماسی بخوات.

سەرچاوەی ماسی لە هەرێمی كوردستان بەرهەمی ناوخۆ و دەرەكییە، ئەوەی دەرەكی لەباكووری ئێران دێت، هەروەها ناوەڕاست و باشووری عێراق، بەڵام بەهۆی بوونی نەخۆشییەوە لەمانگی 10ی ساڵی رابردووەوە ناهێڵین ماسی جنووب بێت، بەرهەمی ناوخۆییش 20% بۆ 25% پێداویستی خەڵك پڕدەكەنەوە.

لەماوەی رابردوودا نزیكەی 120 هەزار پەنجە ماسی خرایە بەنداوی دەربەندیخان و دوكان، 12 هەزاریش خرایە بەنداوی سەروچاوە، رزگار حەمەد خدر پێیوایە بوونی پەنجەماسی لەنەبوونی باشترە، ئەو پەنجە ماسییانەش لەماوەی ساڵێكدا پێدەگەن.

نرخی كیلۆیەك ماسی لە بازاڕی سلێمانی نزیكەی 5 هەزار دینارە، دوكاندارەكانیش گەواهی ئەو ئامارەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانی دەدەن كە خەڵكێكی زۆر روویان لە خواردنی ماسی كردووە.

شۆڕش غەفور، خاوەنی دوكانێكی فرۆشتنی ماسییە لە ئەسحابەسپی ناو بازاڕی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند، خواردنی ماسی زۆر زیادی كردووە، نرخی ماسی بە 5 هەزار دینارە، خۆیشیان بە 4 هەزار و 400 دینار دەیكڕن و وتی: "هۆكاری زیادبوونی فرۆشی ئەوەیە گۆشتێكی پاكوخاوێنترە و هەرزانیشە، لە ماسییەكی دوو كلیۆیی روبعە كیلۆیەكی بەفیڕۆ دەڕوات".

بەوتەی ئەو دوكاندارە رۆژانە لە دوكانەكەیان 100 تا 150 كیلۆ ماسی دەفرۆشن،  رۆژانەش نزیكەی 2 تەن بۆ چێشتخانەكان دەنێرن، چونكە خواردنی ماسی بۆ خەڵك لەچێشتخانەكان هەرزانتر دەكەوێت، شۆڕش جەختیكردەوە، بەراورد بە جاران 1 بە 100 فرۆشی ماسی زیادیكردووە.

تاڤگە كەمال ژنێكی تەمەن 36 ساڵە و بەدواڕۆژی راگەیاند، ئێستا بەراورد بە ساڵانی رابردوو زیاتر ماسی دەخۆن، زۆرجاریش هاوسەرەكەی كە دەڕوات بۆ دەرەوەی سلێمانی لە شارۆچكەی دوكان 2 ماسی دێنێتەوە و دەیخەنە موجەمیدە و هەر كاتێك بیانەوێت دەیخۆن.

تاڤگە باسی لەوەكرد: گۆشتی ماسی سوودی زیاترە و هەرزانترە و خواردنیشی ئاسانترە، بەڵام گۆشتی سوور بۆ ئەم دۆخە گرانترە، مریشكیش دەتوانرێت هەموو كاتێك بخورێت.   

سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بەدواڕۆژی راگەیاند: بەپێی رێنمایی تەندروستی، ماسی لە مریشك و گۆشت باشترە، هەروەها نرخی ماسیش بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزیوە، بۆ نموونە جاران كیلۆیەك بە 7 تا 8 هەزار دینار بوو، ئێستا بە سێ هەزار و 500 دینار یان كەمێك زیاترە كە ئەوەش كاریگەری هەیە.

د.بینایی كامەران، پسپۆڕی زانستی خۆراك بۆ دواڕۆژی روونكردەوە، كاتێك ماسی  باشبوو كە گران بوو، چونكە گەڵای ناو دەریاكەیان دەخوارد، بەڵام ئەوەی ئێستا كە هەرزانن هیچ جیاوازییان لەگەڵ ئەو مریشكانە نییە، بەپێچەوانەوە مەترسی ئەم ماسییانەی حەوز زیاترن، چونكە ئەگەر بەهەڵە بەخێو بكرێت جیوە لە گۆشتەكەی دەنیشێت.

د.بینایی روونیكردەوە: ماسی زۆر پێویستە بۆ لەش و هەفتەی دووجار دەبێت بخورێت بەتایبەتی ماسی سەلەمۆن، چونكە (ئۆمێگا 3)ی زۆرە و پڕۆتینانی زۆر باشترە بۆ ماسولكە و چەوری كەمترە. 

ناوبراو وتی: "ماسی ئێستا لەنێو حەوزێكی داخراون و خواردنیان پێدەدەن بەدڵنیاییەوە خواردنەكەشیان باش نین، چونكە دەیانەوێت زوو گەورە ببن، ماسی ئەگەر لەحەوزیش بوو دەبێت حەوزی زۆر گەورە بێت و خواردنی پێنەدرێت، بەڵكو  سەوزەواتی ناو ئاوەكە بخۆن"، وتیشی: "رەنگە گۆشتی ماسییەكە بەتام بێ، بەڵام پێكهاتەی خۆراكییەكەیان بەراورد بە ماسییەكانی دیكە هیچ شتێكی باشی تێدا نییە". 

پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure