باجی گومرگ زیادی كردووە و نرخی كاڵاش بەرز دەبێتەوە

هەواڵ / ئابوری :: 23/02/2019‌ :: 436‌ جار بینراوە
وێنەی بازاڕێکی سلێمانی

دواڕۆژ، ڕاپۆرتی سامان قوبادی

بەهۆی یەكخستنی پێناسی گومرگی، رسوماتی چەند كەرەستەیەك لە خاڵە سنورییەكان زیادی كردووە، ئەمەیش نرخی كاڵا و شمەك لە بازاڕەكاندا بەرز دەكاتەوە. 

رۆژی 17ی ئەم مانگە بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە گومرگی شێراوە لەسەر رێگای هەولێر - كەركوك یەكخستنی پێناسی گومرگی هەرێم و بەغدای راگەیاند، هاوكات باسی لە لابردنی خاڵە سنورییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند كرد.

پێشتر لە هەندێك شوێنی نێوان هەرێم و بەغدا دوو رسوماتی جیاواز جێبەجێدەكرا، ئەمەیش نیگەرانی بازرگانانی هەرێم و ناوەندی لێكەوتبووەوە و دواتر بۆ چارەسەری ئەو گرفتە بڕیار درا بە یەكخستنی پێناسی گومرگی.

سۆران عەلی بازرگانی بواری كەرەستەی پاككەرەوە و كیمیایی لە سلێمانی بە دواڕۆژی راگەیاند: بەراورد بە پێش یەكخستنی رسوماتی گورمرگی بڕی رسووم ئەو مەوادانەی هاوردەی هەرێمی كوردستانی دەكەین زۆر زیادی كردووە، بۆ نموونە فاست كە یەكێكە لەو مەوادە پاككرەوانەی هاوردەی دەكەین نزیكەی 600 هەزار دینار رسومات بۆ یەك كۆنتێنەر لەسەری زیاد كراوە، لەكاتێكدا پێش یەكخستنی ناساندنی گومرگی بڕی نزیكەی 500 هەزار وەردەگیرا لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ.

باسی لەوەشكرد: بەهەمانشێوە لەسەر تەنەر و ئیسپرتۆ و چەند مەوادێكی بیناسازی رسومات زیادی كردووە، ئەمەش كاریگەریی خراپی دەبێت لەسەر جووڵەی بازرگانی، هاوكات هۆكارێك دەبێت بۆ ئەوەی نرخی كاڵاكان لە بازاڕەكانی ناوخۆ گران بێت.

یەكخستنی پێناسی گومرگی كاریگەری لەسەر بەشێكی ئەو كاڵایانە هەیە كە هاوردەی هەرێم دەكرێت، بەشێك لە كاڵا و شمەكەكانی دیكە هیچ كاریگەرییەكی ئەم یەكخستنە نایگرێتەوە.

ساماڵ عەبدولرەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی كوردستان بە دواڕۆژی راگەیاند: باجی گومرگی لەسەر هەندێك مەواد زیادی كردووە، ئەگەر لەنێوان دوو لایەندا ناساندنی گورمگی یەك بخرێت گۆڕانكاریی لە رسوماتدا دروستدەبێت، ئەم رسوماتەش لە هەموو دەروازە سنورییەكانی عێراق جێبەجێدەكرێت.

بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەڵێت: "ئەم دوو ناساندنە گومرگییەی هەرێم و بەغدا كە كراوە نرخی هەریەكەیان جیاواز بووە، بێگومان گۆڕانكاریی لەسەر ئەو رسوماتانە دروستدەكات و لەسەر هەندێكیان كەمكراوەتە، بەپێچەوانە رسومات لەسەر هەندێك مەوادی تر زیادی كردووە، ئەمەش ئاساییە، چونكە لەسەرجەم دەروازەكانی عێرقدا بە یەك نرخ وەردەگیرێت، بۆیە لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا كاریگەرییەكەی كۆتایی دێت".

بڕیاری یەكخستنەكە لە بەرژەوەندی ئەو بازرگانانەدایە كە كاڵا و شمەكەكان هەناردە و هاوردە دەكەن بەوەی نیوەی نرخی رسومات لەسەریان دەكەوێت.

بورهان عەلی خاوەنی كۆمپانیایەكی بواری خواردەمەنی و هاوكات ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بۆ دواڕۆژ باس لەوە دەكات: زیادكردنی رسوماتی گومرگی لەبەرژەوەندی بازرگانانە.

وتیشی: "جوڵەی بازرگانی زۆر باشتر دەبێت، پێشتر بازرگانێك یەك كۆنتێنەری دەنارد بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق 10 هەزار دۆلاری وەك رسومات لێ وەردەگیرا، ئێستا لە گومرگەكاندا نزیكەی 500 دۆلارە بۆ یەك كۆنتێنەر، بەتایبەت لەبواری خۆراكدا، ئەمەش بۆ ناوخۆی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیاكان باشە و وەكو هاوكارییەكە". 

داڕشتنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure