له‌ سه‌ره‌تاى وه‌رزى نوێى یاسادانان كابینه‌ى حكومه‌ت یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه‌

هەواڵ / عێراق :: 23/02/2019‌ :: 217‌ جار بینراوە
سوێندخواردنى وه‌زیرانى كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى فۆتۆ: ئه‌رشیف

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

ئه‌ندامێكى په‌رله‌مانى عێراق ئاشكرایده‌كات: لایه‌نه‌كان سه‌رۆك وه‌زیرانیان سه‌رپشكردووه‌ بۆ ته‌واوكردنى كابینه‌كه‌ى و ده‌ڵێت: له‌ یه‌كه‌مین هه‌فته‌ى ده‌ستپێكردنى وه‌رزى نوێى یاساداناندا حكومه‌ت یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه‌.


عه‌بدولئه‌میر حه‌سه‌ن عتێبان، ئه‌ندامى ئیئتلافى فه‌تح له‌ په‌رله‌مانى عێراق (ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 23ى شوباتى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: هه‌موو لایه‌نه‌كان رێككه‌وتوون له‌سه‌ر پێدانى ده‌سه‌ڵات به‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق به‌ ده‌ستنیشانكردنى ئه‌و كاندیدانه‌ى وه‌زاره‌ته‌ ئه‌منییه‌كانى وه‌ك به‌رگرى و ناوخۆیان پێده‌درێت.

وتیشى: "ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌ ده‌ستنیشانكردنیان به‌پێى بنه‌ما و پێوه‌رى لێهاتوویى و پیشه‌یى و نیشتمانیبوون و ده‌ستپاكى".

سه‌ره‌ڕاى متمانه‌دان به‌ پێكهاته‌ى حكومه‌ت له‌لایه‌ن په‌رله‌مان له‌ 24ى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى رابردوه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا پۆستى ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى كابینه‌كه‌ى عه‌بدولمه‌هدى پڕنه‌كراونه‌ته‌وه‌ و به‌وه‌كاله‌ت به‌ڕێوه‌ده‌برێن.

عه‌بدولئه‌میر حه‌سه‌ن ئاشكراشیكرد: له‌ماوه‌ى هه‌فته‌ى یه‌كه‌مى ده‌ستپێكردنى وه‌رزى یاسادانانى دووه‌مدا، پرسى ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ى ماونه‌ته‌وه‌ یه‌كلایى ده‌كرێنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌و كه‌سانه‌ى بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆستانه‌ دیاریده‌كرێن ئه‌و په‌رله‌مانتار وتى: "ئه‌گه‌ر هه‌رچى بڵێین پێش رووداوه‌كان ده‌كه‌وین، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ماوه‌ى هه‌فته‌ى یه‌كه‌مى وه‌رزى یاسادانانى داهاتوودا، دۆسیه‌ى ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ یه‌كلایى ده‌كرێته‌وه‌، به‌پێى ئه‌و ته‌وافوقه‌ى كه‌ له‌ نێوان هه‌موو قه‌واره‌ و فراكسیۆنه‌كاندا كراوه‌، به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدیدا‌".

سه‌باره‌ت به‌ دروستكردنى وه‌زاره‌تێكى نوێ بۆ (فالح فه‌یاز)ى كاندیدى وه‌زاره‌تى ناوخۆى ئیئتلافه‌كه‌شى وتى: "هیچ زانیارییه‌كم له‌و باره‌وه‌ نییه‌".

له‌ 24ى تشرینى یه‌كه‌مى رابردوو په‌رله‌مانى عێراق له‌ دانیشتێكى تایبه‌تدا متمانه‌ى به‌خشییه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى و 14 وه‌زیرى كابینه‌كه‌ى و دواتریش كاندیدى ژماره‌یه‌كى دیكه‌ى وه‌زاره‌ته‌كان یه‌كلاكرانه‌وه‌، به‌ڵام تائێستا پۆستى وه‌زاره‌ته‌كانى ناوخۆ و به‌رگرى و داد به‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوى ماونه‌ته‌وه‌.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure