شکست له‌ هەڵبژاردن
بزوتنه‌وه‌ ناچار به‌ ئه‌نجامدانی كۆنفرانس ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 23/02/2019‌ :: 280‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


 بڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى كوردستان كۆنفرانسی ناوخۆیی ئه‌نجامبدات و تیایدا واده‌ى ئه‌نجامدانى كۆنگره‌ى ئه‌و حیزبه‌ بخاته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، ئەوەش دوای ئەوەی لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا شکستیان هێنابوو. 

 
به‌هۆكاری ناڕه‌زایی به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌و شكستهێنان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی كۆنفراسێكی گشتی به‌ به‌شداری ئه‌ندامانی حزبه‌كه‌ی ئه‌نجامده‌دات.

نه‌وزاد گردعازه‌بانی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنفراسی گشتی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی به‌ دواڕۆژی ڕاگه‌یاند: لیژنه‌ی ئاماده‌كاری كۆنفراسی گشتی ئاماده‌كارییه‌كان خۆی له‌باره‌ی ئه‌نجامدانی كۆنفراس كۆتایی پێهێناوه‌و له‌ چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا كۆنفراسێك له‌سه‌ر ئاستی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌یی سیاسی و ئه‌ندامامی مه‌ڵبه‌ندو سه‌رجه‌م ئۆڕگان و مه‌كته‌به‌كان ئه‌نجامده‌دات.

وتیشى : "هه‌ڵسه‌نگاندنی دۆخی حیزب له‌ دوای شكستی بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی له‌ هه‌ڵبژاردنی رابردووى په‌رله‌مانى كوردستان و گۆڕانكاری له‌ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندو ژماره‌یه‌ك مه‌كته‌ب و بچووكردنه‌وه‌ی هه‌یكه‌لی ئه‌و حیزبه‌، ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌بێت".

ئاشكراشیكرد کە به‌پێی په‌یڕه‌وى ناوخۆى بزوتنه‌وه‌ كۆنفراس ده‌سه‌ڵاتی گۆڕینی ڕابه‌رو ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی نییه‌، به‌ڵام له‌ كۆنفرانسەکەدا پێشخستنی كۆنگره‌ بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ده‌نگ بهێنێت كۆنگره‌ پێشده‌خرێت.

 پێداچوونه‌وه‌:هـ.ق




created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure