مه‌سعود بارزانی نامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ى یه‌كێتى ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 23/02/2019‌ :: 25576‌ جار بینراوە
مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر


مه‌سعود بارزانی نامه‌یه‌كی فه‌رمی بۆ مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ناردووه‌ و تیایدا جگه‌له‌وه‌ى داوای كۆبوونه‌وه‌ ده‌كات و له‌ هه‌مانكاتیشدا دڵنیایی ده‌دات له‌باره‌ی پێگه‌ و رۆڵی یه‌كێتیی له‌ حكومه‌تى داهاتوودا.

 
به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی ده‌ست دواڕۆژ كه‌وتووه‌، كۆتایی هه‌فته‌ی رابردوو مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ رێگه‌ی نامه‌یه‌كی فه‌رمی دڵنیایی داوه‌ته‌ كۆسره‌ت ره‌سول عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان و مه‌كته‌بی سیاسی ئه‌و حزبه‌ له‌باره‌ی به‌شداریكردنیان له‌ كابینه‌ی داهاتوو حكومه‌تی هه‌رێم.

دواڕۆژ زانیویه‌تی بارزانی له‌ نامه‌كه‌یدا داوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌ مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوولا كردووه‌ و داواشده‌كات كێشه‌كان به‌ سازان چاره‌سه‌ربكرێت.

دواڕۆژ له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی پارتی-يه‌وه زانیویه‌تی وابڕیاره‌ (ئه‌مڕۆ شه‌ممه 23ی شوبات) نێچیرڤان بارزانی، جێگری سه‌رۆكی پارتی بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان و دواتر راسته‌وخۆ كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ده‌ستپێبكاته‌وه‌ و له‌ ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردووش هه‌ردوو حزب له‌ رێگه‌ی په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیه‌وه‌ قسه‌یان كردووه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له‌ یه‌كێتیش به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌باره‌ی نامه‌ و ده‌ستپێشخه‌ریيه‌كه‌ی بارزانی ده‌بێت و به‌ فه‌رمییش وه‌ڵامی پارتی ده‌ده‌نه‌وه‌ له‌باره‌ی واده‌ی كۆبوونه‌وه‌ی شاندی باڵای هه‌ردوولا".

پێداچوونه‌وه‌: هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure