دیموكراته‌كان ده‌یانه‌وێت تره‌مپ ناچاربكه‌ن واز له‌ پرۆژه‌ى دیوارى مه‌كسیك بهێنیت

هەواڵ / جیهان :: 22/02/2019‌ :: 139‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ئه‌ندامانى پارتى دیموكرات له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریكا پرۆژه‌ یاسایه‌كیان به‌ مه‌به‌ستى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بڕیارى  (راگه‌یاندنى دۆخى له‌ناكاو بۆ كۆكردنه‌وه‌ى بودجه‌ بۆ پڕۆژه‌ى دیوارى مه‌كسیك) راگه‌یاند.


هه‌فته‌ى رابردوو ، پرۆژه‌كه‌ى سه‌رۆكى ئه‌مریكا شكستى هێنا له‌ به‌ده‌ستهێنانى ده‌نگى پێویست بۆ دابینکردنی بڕى پاره‌ى پێویست بۆ بونیادنانى دیوارى مه‌كسیك، هه‌ربۆیه‌ دۆخى له‌ناكاو راگه‌یاند بۆ كۆكردنه‌وه‌ى بڕى پاره‌ى پێویست بۆ دروستكردنى دیوارێك له‌سه‌ر سنورى مه‌كسیك وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ كه‌مپینى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یدا به‌ڵێنى دابوو.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ (ئه‌مڕۆ هه‌ینى 22ى شوبات)، نانسى پیلۆسى، وته‌بێژى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریكا نامه‌یه‌كى  ئاراسته‌ى  ئه‌ندامانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریكا كردووه‌ ، بۆ ئه‌وه‌ى  به‌به‌ڵى ده‌نگ به‌ پرۆژه‌ یاساكه‌ بده‌ن، پاشان هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ناو ئه‌نجومه‌ن  زۆرینه‌ى ده‌نگى به‌ڵى به‌ده‌ستبهێنێت، بتوانێت بڕیاره‌كه‌ى سه‌رۆكى ئه‌مریكا بۆ راگه‌یاندنى دۆخى له‌ناكاو رابگرێت.

پیلۆسى له‌ نامه‌كه‌یدا رایگه‌یاندووه‌ :"ئێمه‌ زۆر به‌ خێرایی جوڵه‌ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى بتوانین ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى ئه‌مریكا تێبپه‌ڕێنین، سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌كانمان ئه‌ركى سه‌رشانمانه‌ هاریكاربین و به‌رگرى له‌ ده‌ستور بكه‌ین، پێویسته‌ له‌سه‌رمان ئه‌م سیستمه‌ بپارێزین و هه‌وڵى راگرتنى ئه‌و كاره‌ خراپه‌ بده‌ین كه‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا ده‌یكات".

یه‌كێك له‌و كێشانه‌ى كه‌ رووبه‌ڕووى ئه‌م پرۆژه‌یاسایه‌ى دیموكراته‌كانى ئه‌مریكا ده‌بێته‌وه‌ بریتیه‌ له‌و مافى ڤیتۆیه‌ى كه‌ سه‌رۆكى ئه‌مریكا هه‌یه‌تى، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بێت و زۆرینه‌ش به‌ده‌ست بهێنێت و تێبه‌په‌ڕێنرێت، دووباره‌ بۆ واژووى كۆتاى ده‌چێته‌وه‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆكى ئه‌مریكا، له‌وكاته‌دا ترەمپ ده‌توانێت مافى ڤیتۆى خۆى به‌كاربهێنێت له‌ دژى و هه‌ره‌سى پێبهێنێت. 

به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا یه‌كێك له‌و كارئاسانیانه‌ى كه‌ له‌ به‌رده‌م ئه‌م پرۆژه‌ یاسایه‌دایه‌ بریتیه‌ له‌وه‌ى، به‌شێكى زۆرى یاسادانه‌ره‌كانى (ئه‌ندام) كۆمارییه‌كانى ئه‌مریكا  ناڕه‌زایه‌تى خۆیان ده‌ربڕیووه‌ به‌رامبه‌ر پرۆژه‌كه‌ى تره‌مپ بۆ دروستكردنى دیوارى مه‌كسیك، به‌ڵام هێشتا رون نیه‌ كه‌ ئاماده‌ن ده‌نگ بده‌ن به‌و پرۆژه‌یه‌ى دیموكراته‌كان یاخود نا.

نانسى پیلۆسى كه‌ رێبه‌رى ئه‌م پرۆژه‌ى دیموكراته‌كان ده‌كات، به‌ یه‌كێك له‌ ره‌خنه‌گره‌ سه‌رسه‌خته‌كانى سه‌رۆكى ئه‌مریكا داده‌نرێت، پێشتر چه‌ندین تۆمه‌تى ئاراسته‌ كردووه‌، به‌تایبه‌تیش به‌هۆى په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ روسیا.

ئا: ئاهه‌نگ حسێن



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure