حه‌لبوسى له‌گه‌ڵ ره‌وتى سه‌در باسى ته‌واوكردنى كابينه‌ى حكومه‌ت ده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 21/02/2019‌ :: 336‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكی په‌رله‌مانى عێراق، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ بڵاويكرده‌وه‌: محه‌مه‌د حه‌لبوسى  سەرۆكی په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ دەستەی سیاسی ڕوتی سەدری تاوتوێى ته‌واوكردنى كابينه‌ى حكومه‌ت و پێكهێنانی دامەزراوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵى كردووه‌.

به‌پێى به‌ياننامه‌يه‌كى نوسینگەی ڕاگەیاندنی محه‌مه‌د حه‌لبوسى  سەرۆكی په‌رله‌مان "لە كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی دۆسیەی ئەو وەزارەتانە كرا كە پڕنەكراونەتەوە، لەگەڵ یەكلاییكردنەوەی دۆسیەی لیژنەكانی پەرلەمان و كاركردنی رۆڵی چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ ئەدای دەسەڵاتی جێبەجێكردن و جێبەجێكردنی بەرنامەكەی حكومەت بەو جۆرەی خزمەتی پێداویستیەكانی هاوڵاتیانی عێراق دەكات و پێكهێنانی دامەزراوەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵى".

نووسينگه‌ى حه‌لبوسى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات، گفتوگۆش كراوه‌ سەبارەت بە "گرنگی هاریكاری هێزە سیاسیەكان لە پەرلەمان و، كاركردن بۆ دەركردنی یاسا گرنگەكان كە بەشێوەیەكی راستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە".


ده‌شڵێت: "تەئكیدش كرایەوە لەسەر كۆتاییهێنان بە ئیدارەدانی دامەزراوەكانی دەوڵەت بە وەكالەت، كە لە مانگی حوزەیرانی داهاتوو یەكلایی دەكرێتەوە لە رێی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2019، و دەستكردن بە قۆناغێكی نوێ كە گرنگی دەدرێت بە بنیاتنانەوەی دەوڵەت بە شێوەیەكی ئیجابی و ڕاست و دروست".
پ: ک. س

 



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure