سەرچاوەیەك لەپارتی: ئاساییە یەكێتی كاندیدی بۆ سەرۆكی هەرێم هەبێت

هەواڵ / کوردستان :: 21/02/2019‌ :: 1422‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

سەرچاوەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت: بەلایانەوە ئاساییە یەكێتی نیشتمانی كوردستان كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم هەبێت، بەڵام دەبێت لەپەرلەمانەوە متمانە وەربگرێت.



سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە (ئەمڕۆ 21ی شوباتی 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: ئەوان لەسەرەتاوە كاندیدیان بۆ سەرۆكایەتییەكانی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران دیاریكردووە و ئاشكرایە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش بۆ براوەی یەكەمە.


سەبارەت بەوەی ئەگەر بۆ قۆناغی داهاتووی دانوستانی پارتی و یەكێتی، لیژنەی دانوستانی یەكێتی كاندیدیان بۆ سەرۆكی هەرێم هەبێت، پارتی بەلایەوە ئاساییە؟، سەرچاوەكە وتی: "بۆ سەرۆكی هەرێم دوو رێگە هەیە، یەكەمیان سازانە واتە برادەرانی یەكێتی بێن سازانمان لەگەڵدا بكەن بڵێن سەرۆكی هەرێم بۆ پارتی و ئێمەش لە بەرامبەردا پۆستی دیكەمان دەوێت، یان زۆر ئاساییە با لەپەرلەماندا كاندیدیان هەبێت كێ دەرچوو پیرۆزی بێت".


رۆژی 18ی شوباتی 2019 پەرلەمانی كوردستان بێ بەشداری یەكێتی كۆبۆوە و دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژێردرا كە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان پشكی یەكێتییە، بەڵام یەكێتیش دوێنێ رایگەیاند بۆ قۆناغی نوێی دانوستان قسەی جیاوازیان دەبێت.


پ: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure