له‌بیره‌وه‌ریى 171 ساڵه‌ى مانیفێستى كۆمۆنیست-دا

هەواڵ / که‌لتور :: 21/02/2019‌ :: 238‌ جار بینراوە
ناوه‌رۆكه‌كه‌ى بریتییه‌ له‌ شیكارى و شرۆڤه‌یه‌كى زانستیانه‌ى ململانێى نێوان چینه‌كانى كۆمه‌ڵ

دواڕۆژ

رۆژى 21ى شوباتى 2019، 171 ساڵ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر راگه‌یاندنى یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ى شیوعییه‌تدا كه‌ له‌ 21/2/1848 له‌لایه‌ن هه‌ردوو بیرمه‌ندى بیرى كۆمۆنیستى (كارڵ ماركس 1818-1883) و (فریدریك ئه‌نگڵز 1820-1896) بڵاوكرایه‌وه‌.


له‌وكاته‌وه‌ ئه‌م (مانیفێستى كۆمۆنیست)ه‌، بووه‌ته‌ یه‌كێك له‌ گرنگترین ئه‌و كتێبه‌ سیاسى و فیكرى-یانه‌ى كه‌ زۆرترین كاریگه‌رییان له‌ به‌شێكى زۆرى كۆى كایه‌كانى ژیانى مرۆڤایه‌تیدا هه‌یه‌. 

ئه‌م كتێبى مانیفێسته‌ كه‌ ناوه‌رۆكه‌كه‌ى بریتییه‌ له‌ شیكارى و شرۆڤه‌یه‌كى زانستیانه‌ى ململانێى نێوان چینه‌كانى كۆمه‌ڵ له‌ رووى مێژوویى و هه‌روه‌ها كێشه‌كانى سه‌رمایه‌دارى و پێشبینیه‌كى لۆژیكانه‌ى ئه‌و سه‌رده‌م و دۆخ و هه‌لومه‌رجه‌ى ئه‌وسا بۆ ئایینده‌ى شیوعیه‌ت، به‌تایبه‌ت له‌و كاته‌دا كه‌ بیرمه‌ندانى گه‌وره‌ى وه‌ك ماركس و ئه‌نگڵز-ى تێدا ژیاوه‌، له‌كاتێكدا كه‌ ماركس له‌ ته‌مه‌نى 29 ساڵى و ئه‌نگڵز-یش له‌ ته‌مه‌نى 27 ساڵیدا بووه‌.

یه‌كه‌م به‌یاننامه‌ى كۆمۆنیستى، تیۆره‌كانى ماركس و ئه‌نگلز ده‌رباره‌ى سروشتى كۆمه‌ڵ له‌خۆده‌گرێت و بیرى ئه‌وسایان وا روون ده‌كاته‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵ به‌ چه‌ند قۆناغێكدا ده‌ڕوات، واتا كۆمه‌ڵ له‌ سه‌رمایه‌دارییه‌وه‌ ده‌چێته‌ قۆناغى سۆسیالیستى و له‌وێیشه‌وه‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ دواقۆناغ كه‌ شیوعیه‌ت و كۆمۆنیستییه‌. 

به‌یاننامه‌كه‌، كه‌ له‌كۆتایى ساڵى 1847دا ماركس و ئه‌نگڵز نووسیان و له‌ شوباتى 1848دا له‌ دووتوێى كتێبێكدا بڵاوكرایه‌وه‌، وه‌رگێڕدراوه‌ته‌ سه‌ر به‌شى هه‌ره‌ زۆرى زمانه‌كانى جیهان و ناوه‌رۆكه‌كه‌ى وه‌ك دیسپلینێك بۆ خه‌بات و تێكۆشانى حزب و رێكخراوه‌ (ماركسى-لینینى)یه‌كان له‌سه‌رتاسه‌رى جیهاندا په‌یڕه‌وكراوه‌. یه‌كێكه‌ له‌و سه‌رچاوه‌ زۆر گرانگانه‌ى كه‌ ژماره‌یه‌كى نه‌زانراو توێژینه‌وه‌ى له‌لایه‌ن (یار و نه‌یار)ه‌وه‌ له‌سه‌ركراوه‌ و ئێستا و تا داهاتوویه‌كه‌ى دووریش وه‌ك یه‌كێك له‌ دۆكیۆمێنته‌ مه‌زن و ده‌گمه‌نه‌كان ده‌مێنێته‌وه‌ و ئیلهامى لێوه‌رده‌گیرێت.

كتێبه‌كه‌ بێجگه‌ له‌ پێشه‌كییه‌كى كورت له‌م به‌شانه‌ پێكهاتووه‌:
ـ به‌شى یه‌كه‌م: بۆرژوازیه‌كان و پرۆلیتاریه‌كان. 
ـ به‌شى دووه‌م: پرۆلیتاریه‌كان و كۆمۆنیسته‌كان.
ـ به‌شى سێیه‌م: ئه‌ده‌ب-ى سوسیالیستى و كۆمۆنیسى. به‌ چه‌ند لقێكه‌وه‌.
ـ به‌شى چواره‌م: هه‌ڵوێستى كۆمۆنیسته‌كان به‌رامبه‌ر ته‌واوى حزبه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كان.

له‌ دوالاپه‌ڕه‌ى كتێبه‌كه‌یشدا نووسراوه‌ "له‌لایه‌ن كارڵ ماركس و فریدریك ئه‌نگلز-ه‌وه‌ نووسراوه‌ له‌ كانونى یه‌كه‌مى 1847 و كانونى دووه‌مى 1848دا. بۆیه‌كه‌مجار وه‌ك كوڕاسێكى سه‌ربه‌خۆ به‌ زمانى ئه‌ڵمانى له‌ له‌نده‌ن له‌ شوباتى 1848 دا چاپكراوه‌".

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure