سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى بۆ سلێمانى هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌

هەواڵ / کوردستان :: 21/02/2019‌ :: 13824‌ جار بینراوە
نێچیرڤان بارزانى، جێگری سەرۆکی پارتی دیموكراتى كوردستان

دواڕۆژ

ئه‌و سه‌ردانه‌ى بڕیاربوو نێچیرڤان بارزانى به‌ سه‌رۆكایه‌تى وه‌فدێكى باڵاى پارتى بۆ لاى یه‌كێتى له‌ سلێمانى ئه‌نجامیبدات هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌ و سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرسیش هۆكاره‌كه‌ى ئاشكراده‌كات.


بڕیاربوو دوێنێ یان (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ى شوباتى 2019) نێچیرڤان بارزانى، جێگری سەرۆکی پارتی دیموكراتى كوردستان به‌ نوێنه‌رایه‌تى مه‌كته‌بى سیاسى حزبه‌كه‌ى سه‌ردانى سلێمانى بكات بۆ رازیكردنى یه‌كێتى تا به‌شدارى كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌مان و حكومه‌تى هه‌رێم بكات، دواتر كۆبوونه‌وه‌كانى هه‌ردوو مه‌كته‌بى سیاسى پارتى و یه‌كێتى ده‌ستپێبكاته‌وه‌ تا ئه‌وكاته‌ی ده‌گه‌نه‌ رێككه‌وتنى كۆتایى.

به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ سه‌ردانه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و به‌مزوانه‌ ئه‌نجامنادرێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس و ئاگادار له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ردوو حزب به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پاش كۆبونه‌وه‌ فراوانه‌كه‌ى دوێنێى یه‌كێتى له‌ هۆڵى ته‌لارى هونه‌ر له‌ سلێمانى و به‌رزكردنه‌وه‌ى سه‌قفى داواكارییه‌كانى ئه‌و حزبه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ى وته‌بێژه‌كه‌ى ئاماژه‌ى پێدا، وایكردووه‌ نێچیرڤان بارزانى له‌ سه‌ردانه‌كه‌ پاشگه‌زببێته‌وه‌.

دوێنێ كۆبونه‌وه‌یه‌كى فراوانى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى له‌گه‌ڵ ئۆرگانه‌كانیدا له‌ سلێمانى به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا دواین هه‌ڵوێستى یه‌كێتى سه‌باره‌ت به‌ هه‌نگاوه‌كان بۆ پێكهێنانى كابینه‌ى نۆى حكومه‌ت و كۆبونه‌وه‌كه‌ى 18ى شوباتى په‌رله‌مان و رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ پارتى خرایه‌ڕوو.

دوابه‌دواى كۆبونه‌وه‌كه‌ش لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند: ئەگەر بڕیاربێت یەكێتیی خولێكی دیكەی دانوستان دەستپێبكاتەوە، ئەمجارە دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان و ئەو پێشهاتانەی هاتۆتە پێشەوە، لەسەرەوە دەستپێدەكەنەوە.

روونیشیكردەوە: یەكێتی جگە لەوەی پێداگیری لەسەر بەرنامە گشتگیرەكەی خۆی دەكات كە بە پارتی داوە كە هاتەسەر قسەكردن لەسەر پۆستەكان، ئەوكاتە قسەیەكی دیكەی دەبێت جیاواز لە خولی یەكەمی دانوستانەكان.

وتەبێژی یەكێتی وتیشی: "دوای ئەوەی سەرۆكی پەرلەمان بێ یەكێتیی هەڵبژێردرا ئێستا قۆناغێكی تازەیە و قسەیەكی جیاواز و عەرزێكی جیاوازی دەبێت سەبارەت بە سەرۆكایەتییەكان".

ده‌رباره‌ى وتوێژه‌كانیان له‌گه‌ڵ پارتى پێشتر سه‌عدى پیره‌، ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى یه‌كێتى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: هەوڵ هه‌یه‌ و بەهیوام له‌ یه‌كتر نزیكببینه‌وه‌.

له‌باره‌ى بایكۆتكردنى پڕۆسه‌ى سیاسى هه‌رێم و ئه‌گه‌رى دروستبوونه‌وه‌ى دوو ئیدارەیى-ش، سه‌عدى پیره‌ وتى: "نه‌خێر یه‌كێتى چۆن بیر له‌و شتانه‌ ده‌كاته‌وه‌ و یه‌كێتى بایكۆتى پڕۆسه‌ى سیاسى ناكات، به‌ڵكو یه‌كێتى داوایه‌كى هه‌یه‌ و ده‌یه‌وێت جێبه‌جێبكرێت كه‌ له‌ئه‌ساسدا ئه‌و داوایه‌ قورس نییه‌".

له‌ (5ى شوباتى 2019) دواى چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ى نێوانیان، پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان و كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى كه‌ركوك و دانانى پارێزگارێكى كورد له‌ پشكى یه‌كێتى بۆ كه‌ركوك و دانانى وه‌زیرى داد له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى عێراق رێککەوتنێکیان کردووە، به‌ڵام دواتر راگه‌یه‌نرا كه‌ پارتى له‌و به‌ڵێنانه‌ى ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆى پاشگه‌زبووه‌ته‌وه‌.

هاوكات به‌هۆى واژۆنه‌كردنى رێككه‌وتنه‌كه‌ى نێوانیان، یه‌كێتى به‌شدارى دانیشتنی دوێنێى په‌رله‌مانى كوردستان نه‌كرد، به‌وهۆیه‌وه‌ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان له‌لایه‌ن پارتى پڕكرایه‌وه‌، تا ئەوکاتەی یەکێتی دەگەڕێتەوە ناو پەرلەمان و کاندیدێک بۆ ئەو پۆست پێشکەشدەکات.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure