دیداری نێرگزی گەشتیاری لە سلێمانی به‌ڕێوه‌ده‌چێت

هەواڵ / کوردستان :: 21/02/2019‌ :: 448‌ جار بینراوە
دیدارەکە شەو و رۆژێک دەخایەنێت

دواڕۆژ، هۆگر كه‌مال

بە بەشداری زیاتر لە 200 کۆمپانیای گەشتیاری یەکەمین دیداری نێرگزی گەشتیاری لە هۆتێل گراند ملینیۆم ئه‌نجامده‌درێت.

دیداره‌كه‌ (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ى شوباتى 2019) بە چاودێری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و بە بەشداری زیاتر لە 200 کۆمپانیای گەشتیاری ناوخۆیی و عێراقی و وڵاتانی دوروبەر و ئەوروپا دەستیپێکرد.

لەسەرەتای دیدارە گەشتیارییەکەدا لەبەردەم هۆڵەکە، پێشانگەی فۆتۆگرافی گەشتیاری و کاری دەست نمایشکران.

ئارام شوانى، وته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى گه‌شتوگوزارى سلێمانى به‌ دواڕۆژى وت: "بۆ یه‌كه‌مجارە دیدارى گه‌شتیارى له‌ سلێمانى ئەنجامدەدرێت له‌ نێوان كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانى باشور و ناوه‌ڕاستى عێراق، ئێران، هۆڵه‌ندا و لوبنان".

وتیشى: "دیداره‌كه‌ بە بەشداری زیاتر لە 200 کۆمپانیای بواری گەشتیاری ناوخۆیی و عێراقی و وڵاتانی دوروبەر و ئەوروپا ئەنجامدەدرێت کە تێیدا وه‌به‌رهێنه‌كانى بوارى گه‌شتیارى ناوخۆ و ئه‌و وڵاتانه‌ به‌شدارده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ى ئاگادارى بوارى گه‌شتیارى سلێمانى بن و هانیشیان ده‌ده‌ین وه‌به‌رهێنان له‌ بوارى گه‌شتیارى له‌ شاره‌كه‌مان ئه‌نجامبده‌ن، ماوه‌ى شه‌و و رۆژێك به‌رده‌وامده‌بێت".

ئارام شوانى، ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كى زیاتر و تۆكمه‌تر دروستبكه‌ین له‌گەڵ كۆمپانیا گه‌شتیارییه‌كانى باشور و ناوه‌ڕاستى عێراق، هه‌روه‌ها ئێران و لوبنان و هۆڵه‌ندا، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن گروپى گه‌شتیارى زیاتر بهێننه‌ سلێمانى و جوڵه‌ى گه‌شتیارى زیاتر بۆ ئه‌م شاره‌ دروستبكه‌ن و به‌هۆیه‌وه‌ خاوه‌نكاران و خاوه‌ن پڕۆژه‌ گه‌شتیارییه‌كان سوودێكى زیاتر وه‌ربگرن. 

وته‌بێژى گه‌شتیارى سلێمانى، رونیشیكرده‌وه‌: "دیداره‌كه‌ بیرۆكه‌ى گه‌شتوگوزارى سلێمانییه‌ و به‌ هاوكارى وه‌بەرهێنه‌رانى بوارى گه‌شتیارى شاره‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت".

ئەوەشی خستەڕوو: "بۆیە دیدارەکەمان بە پێشانگەی کاری دەستی دەستیپێکرد، بۆ ئەوەی جیابکرێینەوە لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق، تا بزانن ئێمە خاوەنی زمان و کلتور و خواردنی تایبەت بە خۆمانین".

ئارام شوانی ئاشکراشیکرد: کە هەر ئەمڕۆ کۆمپانیاکانی بواری گەشتیاری و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و دەزگا ئەمنییەکان کۆدەبنەوە، بۆ ئەوەی ئەو گرفتانەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان لەکاتی هاتنی گەشتیار هەیانە چارەسەربکرێن.

دەشڵێت: "ئەمشەو لە هەمان هۆڵ ئەو کۆمپانیایانە خەڵات دەکرێن کە زۆرترین گەشتیاریان بۆ پارێزگای سلێمانی هێناوە".

پ: چ. ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure