ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی عه‌لی باپیر و بافڵ تاڵه‌بانی

هەواڵ / کوردستان :: 21/02/2019‌ :: 364‌ جار بینراوە
عەلی باپیر و بافڵ تاڵەبانی

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 

ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵ رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌میری حیزبه‌كه‌ی و بافڵ تاڵه‌بانی-دا ته‌ئكید له‌سه‌ر هه‌وڵدان بۆ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخى هه‌رێم كراوه‌ته‌وه‌ و داواشكراوه‌ رۆڵ و پێگه‌ی هیچ لایه‌نێك نادیده‌نه‌گیرێت. 

دوێنى چوارشه‌ممه‌ 20ی شوبات تاڵه‌بانی له‌ هه‌ولێر سه‌ردانی عه‌لی باپیر، ئه‌میری كۆمه‌ڵی ئیسلامی كرد و كۆبونه‌وه‌یه‌ك له‌نێوانیاندا به‌ڕێوه‌چوو.

له‌باره‌ی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ى عه‌بدولستار مه‌جید، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی سیاسی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: له‌و دیداره‌دا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان یه‌كێتی و كۆمه‌ڵ كراوه‌ كه‌ یه‌كێتی ده‌خوازێت په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵ به‌هێزبێت. 

وتیشی: "له‌ به‌شێكی دیکەی دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا باسیان له‌ بارودۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان‌ و عێراق به‌گشتیی و به‌تایبه‌ت ئه‌و باره‌ نائاساییه‌ی دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان هاتۆته‌ ئاراوه‌ كردوه‌، له‌وباره‌یه‌وه‌ مامۆستا عه‌لی باپیر هیوای خواست هه‌موو لایه‌نه‌كان به‌گیانی به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌كتریدا بكه‌ن‌ و رۆڵ‌ و كاریگه‌ریی‌ و پێگه‌ی هیچ كه‌س‌ و لایه‌نێك نادیده‌نه‌گیرێت".

رۆژى دووشه‌ممه‌ 18ى شوبات كۆبونه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو، به‌ڵام به‌هۆى رێككنه‌كه‌وتینیان له‌گه‌ڵ پارتى، فراكسیۆنى یه‌كێتى به‌شدارى كۆبونه‌وه‌كه‌ى نه‌كرد.

هه‌روه‌ها فراكسیۆنى یه‌كگرتوو كۆبونه‌وه‌كه‌ى جێهێشت و هه‌ریه‌ك له‌ فراكسیۆنه‌كانى كۆمه‌ڵى ئیسلامى و شیوعى-یش ده‌نگیان به‌ ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تى نه‌دا.

عه‌بدولستار مه‌جید ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: ته‌ئكید له‌سه‌ر هه‌وڵدان بۆ هێوركردنه‌وه‌ی بارودۆخه‌كه‌ كرایه‌وه‌ كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هاووڵاتییاندا بێت و باس له‌وه‌شكرا كه‌ به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌م هه‌رێمه‌ پێویستی به‌ هه‌وڵ‌ و توانای هه‌موولایه‌كه‌ و پێویسته‌ سوود له‌هه‌ڵه‌كانی رابردوو وه‌ربگیرێ‌‌ و دووباره‌ نه‌كرێنه‌وه‌.

پ: چ. ع



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure