په‌رله‌مانتارێكی شیعه‌ هۆشدارى ده‌داته‌ عه‌بدولمه‌هدی

هەواڵ / عێراق :: 21/02/2019‌ :: 260‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

په‌رله‌مانتارێكى هاوپه‌یمانى بونیاد (بینا‌‌‌)ی شیعه‌كان له‌ په‌رله‌مانى عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت: بوونى هێزه‌كانى ئه‌مریكا له‌سه‌ر خاكى عێراق ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، بۆیه‌ له‌سه‌ره‌تاى وه‌رزى نوێى یاساداناندا میواندارى عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌كه‌ن بۆ په‌رله‌مان، بۆ روونكردنه‌وه‌ى هه‌ڵوێستى حكومه‌ت له‌وباره‌یه‌وه‌.


(ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 21ى شوباتی 2019)، مه‌نسور به‌عێجى په‌رله‌مانتارى هاوپه‌یمانى بونیاد (بینا‌‌‌)، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: "پێویسته‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵوێستى خۆى و حكومه‌ته‌كه‌ى له‌سه‌ر بوونى هێزه‌ بیانییه‌كان له‌ناو په‌رله‌ماندا ئاشكرا بكات، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بانگهێشتی ده‌كه‌ین بۆ په‌رله‌مان".

روونیشى كردووه‌ته‌وه‌: ئایا حكومه‌ت داواى كردووه‌ له‌ عێراق بن یان نا، به‌تایبه‌ت دواى ئه‌و لێدوانانه‌ى باڵوێزخانه‌ى ئه‌مریكا له‌ عێراق كه‌ رایگه‌یاند بوونى هێزه‌ ئه‌مریكییه‌كان به‌ داواكارى حكومه‌تى عێراقییه‌، ده‌رچوونیشیان په‌یوه‌سته‌ به‌ داواى حكومه‌ته‌وه‌.

ده‌ڵێت: "ده‌بێت حكومه‌تى عێراقى، بڕیارى قه‌واره‌ سیاسییه‌كان به‌هه‌ند وه‌رگرێت كه‌ بوونى ئه‌مریكا له‌سه‌ر خاكى عێراق ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، كار بۆ جێبه‌جێكردنى بكات و به‌ ئه‌مریكا رابگه‌یه‌نێت، به‌زووترین كات كه‌ ئه‌م خاكه‌ به‌جێبهێڵێت، به‌بێ هیچ مه‌رجێك و پابه‌ندبێت به‌ رێككه‌وتنى ئه‌منییه‌وه‌".

له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: ئه‌گه‌ر حكومه‌ت بێ توانا بێت له‌ ده‌ركردنى هێزه‌كانى ئه‌مریكا، ئه‌وا ئێمه‌ له‌ناو په‌رله‌ماندا قسه‌یه‌كى ترمان ده‌بێت، هه‌موو رێوشوێنێك ده‌گرینه‌به‌ر، بۆ ده‌ركردنى ئه‌و هێزه‌ ئه‌مریكى و بیانییانه‌، له‌ ژێر هه‌ر ناونیشانێكدا بن".

وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ له‌كاتێكدا كه‌ له‌ ه‌ند رۆژی رابردوودا، هۆشیار زێباری وه‌زیری پێشووتری دارایی عێراق ئاشكرایكرد: كه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا ئێران نامه‌یه‌كی بۆ سه‌ركرده‌ عێراقییه‌كان (به‌تایبه‌ت شیعه‌كان) ناردووه‌ كه‌ له‌رێی په‌رله‌مانه‌وه‌ داواى ده‌ركردنی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق بكه‌ن.

پێداچوونەوە: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure