وێنە: منداڵێكى ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ كه‌سوكاره‌كه‌ى شاد بۆوه‌

هەواڵ / کوردستان :: 20/02/2019‌ :: 1017‌ جار بینراوە
وێنەی منداڵە دۆزراوەکە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

دواى تێپه‌ڕبوونى 31 ساڵ به‌سه‌ر ونبوونى منداڵێكى هه‌ڵه‌بجه‌یى له‌ كاتى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌دا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ به‌ كه‌سوكاره‌ راسته‌قینه‌كه‌ى شادبوویه‌وه‌.


لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكى كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانى كیمیابارانى هه‌ڵه‌بجه‌ (ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی شوباتی 2019) به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: دواى ئه‌وه‌ى له‌ سه‌رەتاى ئه‌مساڵه‌وه‌ منداڵێكى ونبووى هه‌ڵه‌بجه‌یى په‌یوه‌ندی پێوه‌كردین كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ منداڵه‌ ونبووه‌كان، ئێمه‌ش لاى خۆمانه‌وه‌ له‌ دادگاى هه‌ڵه‌بجه‌ دۆسیه‌مان بۆ كرده‌وه‌ و له‌ سلێمانیش پشكنینى DNA بۆ ئه‌نجامدرا، پێش گه‌ڕانه‌وه‌شى، خێزانێكى خه‌ڵكى ناحیه‌ى بیاره‌ په‌یوه‌ندییان پێوه‌كردین كه‌ ئه‌و منداڵه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ندامانى خێزانه‌كه‌یان و چه‌ندین به‌ڵگه‌یان خسته‌ڕوو، به‌ڵام منداڵه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ ئێران.

وتیشی: "به‌هۆى ئه‌وه‌ى ئه‌و خێزانه‌ دڵنیابوون له‌وه‌ى كه‌ ئه‌و منداڵه‌ هى ئه‌وانه‌، خۆیان رۆشتن بۆ ئێران و له‌وێ له‌ سه‌نته‌رێك پشکنینى DNA-یان ئه‌نجامدا و ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ ئه‌نجامى پشكنینه‌كه‌ ده‌رچوو كه‌ ئه‌و منداڵه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌ و منداڵى ئه‌و خێزانه‌یه‌ كه‌ داوایان كردووه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: هه‌ر ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ ئاگاداركراینه‌وه‌ كه‌ سبه‌ینێ به‌ ئاماده‌بوونى نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئێران له‌ مه‌راسیمێكى تایبه‌تدا به‌ فه‌رمى منداڵه‌ ونبووه‌كه‌ى هه‌ڵه‌بجه‌ راده‌ستى خێزانه‌ راسته‌قینه‌كه‌ى دەکرێتەوە.

لوقمان عه‌بدولقادر باسی لەوەشکرد: ئه‌و منداڵه‌ى دۆزراوه‌ته‌وه‌ لەلاى خێزانه‌ راسته‌قینه‌كه‌ى ناوى خه‌لیل-ه‌و له‌ ئێران ناوى محه‌مه‌د بووه‌، له‌ ئێستادا هاوسه‌رگیرى كردووه‌ و كچێكى هه‌یه‌ و خوێندنى ته‌واوكردووه‌ و خاوه‌نى بڕوانامه‌ى دكتۆرایه‌ له‌ بوارى پزیشكى دادوه‌ریدا.

 

 

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure