هێشتا هیچ پڕۆژه‌یه‌ك نه‌دراوه‌ته‌ په‌رله‌مانی عێراق بۆ ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان

هەواڵ / عێراق :: 20/02/2019‌ :: 376‌ جار بینراوە

تاگ :: عێراق

دواڕۆژ، به‌غدا

ئه‌ندامێكی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق، ئاشكرایده‌كات، تا ئێستا هیچ پڕۆژه‌یاسا و بڕیارێك سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنی هێزه‌ بیانییه‌كان به‌گشتی و هێزه‌كانی ئه‌مریكا نه‌دراوه‌ته‌ په‌رله‌مان، وروژاندنی ئه‌و بابه‌ته‌ش ره‌نگه‌ ده‌ستی ده‌ره‌كی و ناوخۆیی له‌ پشتەوە بێت.

دكتۆر به‌شیر حه‌داد جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: تا ئێستا هیچ شتێك بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی عێراق نه‌هاتووه‌، له‌باره‌ی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌یاسایه‌ك یان پڕۆژه‌ بڕیارێك، یان داواكارییه‌ك بۆ ده‌ركردنی سوپای بیانی و ئه‌مریكی، به‌ڵكو ئه‌و ده‌نگۆیه‌ له‌نێوان راگه‌یاندن و په‌رله‌مانتاراندا هه‌یه‌.

وتیشی: "قسه‌ هه‌یه‌ ئیمزا كۆبكرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی داوا بكرێت، ئه‌م بابه‌ته‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاره‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا دیارنییه‌ كه‌ ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌ چییه‌، به‌ناوی كشانه‌وه‌ی هێزه‌ بیانییه‌كان شتی وانییه‌، پڕۆژه‌یاسا و بڕیارێك نییه‌ له‌و جۆره‌، درابێته‌ سه‌رۆكایه‌تی".

جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: بێگومان بابه‌ته‌كه‌ له‌وانه‌یه‌ ده‌ستێكی ده‌ره‌كی له‌ پشت بێت، له‌وانه‌شه‌ ده‌ستی لایه‌نی زۆری ناوخۆییشی تیابێت، به‌ڵام خۆ حكومه‌تیش پێشتر ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه‌ كه‌ هیچ هێزێكی بیانی و بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی به‌ناوی ئه‌وه‌ی كاروباری سه‌ربازی ئەنجام بدات بوونی نییه‌ له‌ عێراقدا، ئه‌وانه‌ی كه‌ هه‌ن تیمی راوێژكاری و راهێنانن.

روونیشیكرده‌وه‌: ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌و جۆره‌ داوایه‌ ده‌كه‌ن له‌ میدیاكاندا، داوایان نه‌كردووه‌ كه‌ نه‌مێنێن، به‌ڵكو داواده‌كه‌ن، سنوری كاروباره‌كانیان بزانرێت، بزانرێت كاره‌كانی ئه‌و هێزانه‌ چییه‌، ئایا راهێنانه‌ یان راوێژكارییه‌ یان كاری سه‌ربازی، تاچه‌ند ده‌مێنین، سه‌قفی زه‌مه‌نی چه‌نده‌ و چۆنه‌، له‌سه‌ر چ بنه‌مایه‌كی یاسایی لێرەن.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌: ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان له‌سه‌ری كۆكن، ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ سه‌روه‌ری عێراق پارێزراو بێت، له‌ شه‌ڕ و ململانێی ناوچه‌كه‌دا بێلایه‌نی عێراق پارێزراو بێت، خاكی عێراق به‌كار نه‌هێنرێت و بكرێـته‌  پێگه‌یه‌كی بۆئه‌وه‌ی هێرش بكرێته‌سه‌ر خاكی وڵاتێكی تر.

 

پ: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure