كارته‌كانی گه‌مه‌ سیاسییه‌كه‌ كێ ده‌كاته‌ پاڵه‌وان؟

هەواڵ / چاوی تۆ :: 20/02/2019‌ :: 284‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

هه‌ڵمه‌ت هۆشیار
دانیشتنی رۆژی 18 شوباتی په‌له‌مانی كوردستان چاوه‌ڕواننه‌كراو نه‌بوو، ده‌بوو پارتی گه‌مه‌یه‌كی سیاسی له‌م جۆره‌ بكات چونكه‌ له‌ دوای هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری عێراق و سه‌ركه‌وتنی د.به‌رهه‌م ساڵح به‌سه‌ر د.فوئاد حوسێن كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌و حیزبه‌ هه‌ستی به‌ جۆرێك له‌ شكست ده‌كرد و ئه‌مه‌ش به‌ روونی له‌ لێدوانی هه‌ندێ سه‌ركرده‌ی باڵای ئه‌و پارته‌ و میدیا و رۆژنامه‌وانه‌كانیانه‌وه‌ ده‌رده‌كه‌وت، بۆیه‌ ده‌بوو پارتی بۆ ده‌ر‌چه‌یه‌ك بگه‌ڕێت ته‌رازووی شكسته‌كه‌ی خۆی راست بكاته‌وه‌ به‌ پلان و به‌رنامه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ سێ ئاراسته‌ كاری كرد: 

ئاراسته‌ی یه‌كه‌م: 
به‌ رێگریكردن له‌ دانانی كاندیدێكی یه‌كێتی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی وه‌زیری داد له‌ به‌غدا ویستی ئه‌وه‌ بڵێت كه‌ سه‌رباری ئه‌وه‌ى ئێوه‌ براوه‌ی گه‌مه‌ی سه‌رۆك كۆمارن به‌ڵام هێشتا هه‌ژموونی پارتی له‌ به‌غدا باڵاده‌ستتره‌ و تائێستاش له‌وه‌دا سه‌ركه‌وتوو بووه‌ و یه‌كێتیش نه‌یوانیوه‌ واقیعیانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و دۆسییه‌یه‌دا بكات، به‌ڵكو له‌ بری واقیع كاری له‌سه‌ر جووڵاندنی هه‌ست و سۆزی كه‌ركوكییه‌كان كردووه‌ و دنه‌یداون كه‌ پارتی دژایه‌تی كه‌ركوك ده‌كات، بیانووی ئه‌م دنه‌دانه‌ش تا راده‌یه‌ك رێگه‌ی تێده‌چێت.
 
ئاراسته‌ی دووه‌م: 
له‌پاش ئه‌و لێكه‌وتانه‌ی له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم له‌ كه‌ركوك و ناوچه‌دابڕێنراوه‌كان كه‌وته‌وه‌ و دواتر رووداوی كاره‌ساتباری 16 ئۆكتۆبه‌ر، پارتی كارتێكی به‌هێزی ده‌ستكه‌وت كه‌ چه‌ند ساڵێك بوو هه‌لی وای بۆ نه‌ره‌خسابوو كه‌ هه‌وڵی لاوازكردنی هه‌ژموونی یه‌كێتی بدات له‌ كه‌ركوك، روونه‌ كه‌ كه‌ركوكییه‌كان ده‌نگده‌ر و دڵسۆزی یه‌كێتین و پارتی تا ئێستا لێزانانه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی قۆستۆته‌وه‌ و نایه‌وێت ببێته‌ فاكته‌ری چاره‌سه‌ركردنی دۆخی كه‌ركوك بۆ یه‌كێتی، به‌ دیوێكیتردا پارتی له‌ سه‌نگی جه‌ماوه‌ریى خۆی له‌ كه‌ركوك تێگه‌یشتووه‌ بۆیه‌ نایه‌وێت جه‌ماوه‌ره‌ سه‌وزه‌كه‌ی یه‌كێتی به‌و سه‌نگینیه‌ بمنێته‌وه‌ و هه‌مان پێگه‌ و قورسای یه‌كێتی بپارێزن له‌ كه‌ركوك، دواجار ده‌یه‌وێت په‌یامێكی تر بگه‌یه‌نێت كه‌ ئه‌وه‌یه‌: سه‌رباری هه‌ژموونی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك هێشتا كارتی ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ئه‌وشاره‌ له‌ ده‌ستی مندایه‌.

ئاراسته‌ی سێیه‌م: 
به‌دانیشتنی په‌رله‌مان له‌ 18 شوباتى2019 پارتی په‌یامی ئه‌وه‌ی گه‌یاند، دوا بڕیار بۆ حوكمڕانیكردنی ئه‌م هه‌رێمه‌ هێشتا لای پارتییه‌ و گه‌مه‌یه‌كی وایكرد به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان هه‌م گۆڕانی راكێشایه‌ ناو ململانێیه‌كی سه‌خت و هه‌م جارێكی تر پشكۆی ئاگری ململانێكانی له‌ ده‌ڤه‌ری سلێمانی گه‌شانه‌وه‌، كه‌ماوه‌یه‌ك بوو به‌هۆی ئه‌و لێكنزیكبوونه‌وه‌یه‌ی له‌نێوان یه‌كێتی و گۆڕاندا هه‌بوو جۆرێك له‌ ئارامی هاتبوه‌ ئاراوه‌، گۆڕانیش به‌ مه‌به‌ست و پلان بێت یان هه‌ڵخلیسكان بێت، جارێكی دیكه‌ ئاوی به‌ ئاشی پارتیدا كرده‌وه‌ و به‌رداشه‌كه‌ی وه‌گه‌ڕخسته‌وه.
‌ 
پارتی زۆرێك له‌ كارته‌كانی فشاری خۆی خسته‌ سه‌ر مێزی گه‌مه‌كه‌ و تا ئێستا به‌ جۆرێك نه‌خشی هێناوه‌، ئیدی پارتی بیر له‌ پاراستنی ئه‌و ده‌سته‌كه‌وتانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ تائێستا به‌ده‌ستیهێناوه‌ و له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا هه‌وڵی جۆرێك له‌ ئارامكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ ده‌ده‌ات و دواجار به‌ رێكه‌وتنه‌ سیاسیه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدا قایل ده‌بێت، چونكه‌ پارتی له‌ هه‌رسێ ئاراسته‌كه‌دا تائێستا سه‌ركه‌ووتوو بووه‌.

ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ یه‌كێتییه‌ كه‌ ده‌بێت وردبینانه‌تر له‌گه‌ڵ دۆخه‌كه‌دا مامه‌ڵه‌ بكات و كارێك نه‌كات جارێكی تر شكستی لایه‌كی دیكه‌ بخرێته‌وه‌ ئه‌ستۆی.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure